سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا كۆبووه‌وه‌

نيوه‌ڕۆى ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 2024/7/2 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڤيه‌ننا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئه‌لکسه‌نده‌ر شالنبێرگ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستا‌ن، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانيدا کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها تيشكيان خسته‌ سه‌ر دۆخى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ڕۆڵى نه‌مسا له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى نيشاندانى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانه‌كه‌ى، ستايشى په‌يوه‌نديى له‌مێژینه‌ى نه‌مساى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا كرد و پێزانينى بۆ هاوكارى و پشتگيريى نه‌مسا له‌ گه‌لى كوردستان و مافه‌ ڕه‌واكانى له‌ ڕۆژگاره‌ سه‌خته‌كاندا، ده‌ربڕى.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا، خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی و ئاستی په‌یوه‌ندییه‌کانی وڵاته‌که‌ی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستاندا ده‌ربڕی و به‌رده‌واميى پشتگيريى نه‌مسا‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دووپات كرده‌وه.

به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی نوێنه‌رایه‌تیی نه‌مسا له‌ هه‌رێمی کوردستان، په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر – به‌غدا، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، مه‌ترسییه‌کانی داعش، كۆچ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو که‌ به‌ڕێزان باڵیۆزی عێراق و نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ نه‌مسا، ئاماده‌ی بوون.

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-met-with-the-austrian-foreign-minister/

 

Read کد خبر: 3220
شیوه نمایشی سایت:
  • Font size:
  • Decrease
  • Reset
  • Increase