ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 25ى یه‌نایه‌رى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان؛ پێشوازى له خاتوو كڵاودیا ڕۆس جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیاى فیدرال و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه له باڵیۆزى ئه‌ڵمانیا له عیراق و كونسولى گشتیى ئه‌ڵمانیا له هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى دیكه پێكهاتبوو.
له دیداره‌كه‌دا خاتوو ڕۆس تیشكى خسته سه‌ر مه‌به‌ستى سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمى كوردستان له به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى كه‌مپه‌كانى په‌نابه‌رانى سووریا و له‌نزیكه‌وه بینینى ڕه‌وشیان و هه‌وڵدان بۆ پێشكه‌شكردنى هاریكاریى زیاتر به په‌نابه‌ران. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه ستایشى ڕۆڵى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى له به‌هاناوه‌چوون و حه‌واندنه‌وه و یارمه‌تیدانى په‌نابه‌ران كرد.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك وه‌زیران ڕوونى كرده‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ى له توانایدا بێت بۆ یارمه‌تیدانى په‌نابه‌ران پێشكه‌شى كردووه، به‌ڵام بێگومان پێویستیان به یارمه‌تیدان و هاوكاریى زیاتر هه‌یه، بۆیه داواى له عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش كرد كه ئاوڕى زیاتر له په‌نابه‌ران بده‌نه‌وه و له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه هاوكارییان بكه‌ن، به‌تایبه‌تیش كه پێشبینیى زیاتربوونى ژماره‌ى په‌نابه‌ران ده‌كرێت. هه‌روه‌ها بیرۆكه‌ى كردنه‌وه‌ى كه‌مپى په‌نابه‌ران و حه‌واندنه‌وه‌یان له ناوخۆى سنوورى سووریا گفتوگۆى له‌باره‌وه كرا.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا باس له ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى سووریا كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر وڵاتانى ده‌وروبه‌ر كرا و هه‌ردوولا له‌سه‌ر پێویستیى دۆزینه‌وه‌ى ڕێگه‌چاره‌یه‌كى ئاشتیانه بۆ ئارامكردنه‌وه‌ى ڕه‌وشه‌كه و ڕاوه‌ستانى شه‌ر و كوشتار ئاڵۆزییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌ینه‌تییه مرۆییه‌كانى خه‌ڵكى سووریا كۆك بوون.
پێشهاته ئه‌منییه‌كان و پرۆسه‌ى سیاسى له عیراق به‌گشتى و به‌تایبه‌تیش ڕه‌وشى ئاڵۆزى ناوچه‌كانى خۆراواى عیراق و پارێزگاى ئه‌نبار، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و به‌رده‌وامیى هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و وڵاتانى دراوسێ، بره‌ودانى زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌ڵمانیا و به‌تایبه‌تیش له‌و بوارانه‌دا كه بۆ هه‌رێمى كوردستان پێویستن، به‌شێكى دیكه‌ى دیدارى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى فیدرالى ئه‌ڵمانیا بوون.