عیماد ئەحمەد پێشوازی لە وەفدێكی پەرلەمانی ئۆكرانیا كرد

  • دوو شەممە, 03 شوبات 2014

پێش نیوەرۆی ئەمرۆ عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دیوانی پارێزگای سلێمانی و بە ئامادە بونی بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد لە وەفدێكی پەرلەمانتارانی وڵاتی ئۆكرانیا كە پێك هاتبون لە نوێنەری فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی ئۆكرانیا .

لە دیدارێكدا گفتوگۆ لەبارەی بەتەو كردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوری و فەرهەنگیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئۆكرانیا كرا .

جێگری سەرۆكی حكومەت لە وتەیەكدا ئاماژەی بە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لە بواری ئاوەدانی و بنیات نانەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم كرد و وتیشی پێویستیمان بە ئەزمون و هاوكاری وڵاتانی پێشكەوتو هەیە و ئۆكرانیاش وەك وڵاتێكی خاوەن پیشەسازی دەتوانێت هاوكارو پشتیوانیمان بێت  لە پرۆسەی دروستكردنی ژێرخانی ئابوریمان .

عیماد ئەحمەد رونیشیكردەوە لە هەرێمی كوردستان یاسای تایبەت بە وەبەرهێنانمان هەیە بە یاسا پشتیوانی و هاوكاری لە وەبەرهێنانەری بیانی دەكەین و داواشی كرد كۆمپانیا كانی ئۆكرانیا بەشداربن لە پرۆسەی ئاوەدانی هەرێمی كوردستان و بە تایبەت لە  بوارەكانی  پیشەسازی و وزە و كارەبا و دانانی كارگەی گەورە وەبەرهێنان بكەن .

جێگری سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەسەقامگیری ئەمن و ئاسایش لە هەرێمی كوردستان داو ,  ووتیشی ئارامی لە هەرێمی كوردستان , لە گەڵیشیدا دەوڵەمەندی بە كانزای سروشتی ,   بۆتە دەروازیەك بۆ ئاوەدانی لە عێراق , هاتنی وەبەرهێنەرانی بیانی و خستنەگەری سەرمایەكانیان لە هەرێم ئەمەش وای كردووە ژمارەیەك لە كونسولگەری و نوێنەرایەتی وڵاتان لە كوردستان بكرێنەوە  , بۆ قوڵكردنەوەی ئەو پەیوەندیانەو زیاتر لێك تێگەیشتن لە نێوان هەردوولا ، پێمان باشە  وڵاتی ئۆكرانیاش بەهەمان شێوە نوێنەرایەتی خۆیی لە كوردستان بكاتەوە و وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارو پشتیوانیان دەبین .

رود گۆڤسكی میكۆلا  بەناوی وەفدی میوانەوە خۆشحاڵی بە سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان و ئەو پێشوازیە گەرمەی لێیان كراوە نیشاندا و سوپاسی سەرۆك مام جەلالی كرد كە لە یەكەم سەردانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی پشتیوانی كردن بۆ هاتنە كوردستان و دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و ، راشیگەیاند وەك نوێنەری فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی ئۆكرانیا پاش گەرانەوەیان بۆ وڵاتەكەیان بەجدی كار لەسەر جێنۆسایدی گەلی كورد دەكەن و هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ گەشەكردنی پەیوەندیەكانی نێوان وڵاتەكەیان و هەرێمی كوردستان .

نیكۆلای تەئكیدیشی كردەوە هەرێمی كوردستان گەشەی ئاوەدانی و ئابوری گەورەی بەخۆیەوە بینیەوەو ئەمەش هۆكارێكی گرنگە بۆ ئەوەی كۆمپانیای بیانی روی لێبكەن و وتیشی ئێمە هانی كۆمپانیا گەورەكانی وڵاتەكەمان دەدەین لە هەرێمی كوردستان كاری وەبەرهێنان و بكەن و ئەو پشتیوانی و كارئاسانیانەشی بە هەنگاوێكی گرنگ وەسف كرد بۆ هاتنی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی و ئاماژەی بەوەشدا وڵاتی ئۆكرانیا خاوەنی پیشەسازی گەورەیە بەتایبەت لە بواری دەرهێنان و هاوردە كردنی وزە و كارەبا و دروستكردنی هێڵی ئاسنین و دامەزراندنی جۆرەها كارەگە ، كە دەتوانێت رۆڵیان هەبێت لە دروستكردنی ژێرخانی ئابوری هەرێمی كوردستان .

هەر لەو دیدارەدا پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوە دا پارێزگاكان دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە رەزامەندی بدەنە كۆمپانیای بیانی بۆ دروستكردنی كارگە و لە سلێمانی هەموو كار ئاسانیەك بۆ دانانی كارگە كراوە و ئێستە كێبركێ یەكی بەرچاو هەیە لە هاتنی كۆمپانیای بیانی و داواشی كرد كۆمپانیاكانی ئۆكرانیا پەلە بكەن لە هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانی بەتایبەت .

لە بەرانبەر ئەو پێشوازیە گەرمەی لێیان كراوە وەفدی میوان بانگێشتی  حكومەتی هەرێمی كوردستانیان  كرد بۆ سەردانی وڵاتەكەیان لە پێناو زیاتر پتەو كردنی پەیوەندیەكانیان و راشیان گەیاند دروستكردنی پەیوەندی بتەوی ئابوری دەبێتە هۆی دروستكردنی پەیوەندییەكی هەمە لایەنەی لە نێوان وڵاتی ئۆكرانیا و هەرێمی كوردستان .

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 346

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی