لە درێژەی هەوڵەكانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە بۆ ناساندنی هەرێمی كوردستان بە جیهانی دەرەوە لە ڕووی ئاسایش و سەقامگیری و پێشكەوتنی سیاسی و ئابووری و سێكتەرەكانی دیكەی ژیان و راكێشانی سەرنجی وەبەرهێنەر و خاوەنكاران بۆ هەرێم و ئاشناكردنی گەلانی جیهان بە كولتوور و فەرهەنگی گەلی كوردستان و دوای تەواو بوونی پڕۆژەكەی پارساڵ بە سەركەوتوویی لە نیوان هەردوولا، ئەمساڵیش بڕیاردرا پڕۆژەكە پەرەی پێبدرێت و باشتر بكرێت. بۆ ئەم مەبەستە، ئەمڕۆ یاداشتێك لە نێوان فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەو Invest In Group لەلایەن بەڕێزان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەو كان ییرێك بەڕێوەبەری گشتی Invest In Group ئیمزا كرا .
لە رێورەسمی ئیمزاكردنی یاداشتەكەدا كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگە و دیندار زێباری جێگری بەرپرسی فەرمانگە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە و ژمارەیەك لە راوێژكار و بەڕێوەبەران ئامادەبوون، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە خۆشحاڵی خۆی بە ئەنجامدانی ئەم كارە و هەبوونی پەیوەندی پتەو لەگەڵ گروپی ناوبراو نیشاندا و رایگەیاند هەرچەندە ئاستەنگ و لەمپەر هەبوون بەڵام هەوڵەكان بەئاكام گەیشتن و (كوردستان ریڤیو) چاپ و بڵاوكرایەوە.
دواتر كان ییرێك بەڕێوەبەری گشتی Invest In Group سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كرد وخۆشحاڵی خۆی بە ئاستی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا نیشاندا و رایگەیاند ئەوان خۆیان بە هاوبەشی پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان دەزانن و بەردەوام دەبن لە ناساندنی هەرێم بە دونیای دەرەوە.
جێگەی باسە ئەمە جاری دووەمە بە پشتگیری حكومەتی هەرێم لە رێگەی ئەم گروپەوە ئەم كتێبە چاپ و بڵاودەكرێتەوە.
یەک شەممە, 16 شوبات 2014