لەچوارچێوەی ئەو زنجیرە كۆبوونەوانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا هەیەتی، ئەمڕۆ یەكشەممە 16ـی 2ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوویەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا كە تایبەت بوو بە قسەكردن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی تازە، دوایین هەنگاوەكانی دانوساندنی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەمەڕ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران و بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە دانوساندن و پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا هەبێت و لە ماوەیەكی نزیكیشدا كابینەی تازە ڕابگەیێندرێت. پەیوەست بە پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەپێناو خێراتركردنی پڕۆسەی دانوساندنی لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوە، كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئەنجامەكانی سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی توركیا خرایە بەر باس و قسەیش لەسەر ناوەڕۆكی سەردانی شاندی باڵای هەرێم كرا كە بڕیارە سبەی سەردانێ بەغدا بكات.
بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.
- یەک شەممە, 16 شوبات 2014