لەمیانەی گەشتە فەرمیەكەی بۆ چەند وڵاتێكی ئەوروپا، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە بە یاوەری نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئیسپانیا، دابان شەدەڵە، سەردانی وەزارەتی هاوكاری و كاروباری دەرەوەی پرتوگالیان كردو لە لایەن لویس فێریا وەزیری دەوڵەت بۆ هاوكاری و كاروباری دەرەوەو هەروەها خۆسێ سیساریۆ وەزیری دەوڵەت بۆ كۆمەڵگای پرتوگالی لە دەرەوە پێشوازیان لێكرا.
لویس فێریا سوپاسی سەردانی شاندەكەی حكومەتی هەرێمی كرد بۆ وەزارەتی كاروباری دەرەوەو گووتی كە كۆمەڵێك بابەت هەیە بۆ گفتوگۆكردن كە كە گرینگی بۆ هەردوولا هەیە. گووتی زۆر گرینگە بۆ كۆمپانیاكانی پرتوگال لە هەرێمی كوردستان كە ناوچەیەكی ئاشتیخوازە كار بكەن.
لای خۆیە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیان گووتی كە دەمانەوێت پەیوەندیەكانمان بۆ سوودو بەرژەوەندی هەردوولا بێت. ئێمە پێویستیمان بە شارەزاییەكانی پرتوگال لە بوارە جیاجیاكاندا هەیە و هاوكات پێمان گرینگە كە پرتوگال نوێنەرایەتی خۆی لەماوەی داهاتوو لە هەرێم بكاتەوە، تاوەكو ببێتە هۆی دامەزراندنی پەیوەندیەكی بەهێز لە نێوان هەردوولا.
فەلاح مستەفا باسی لەو پێشكەوتنانە كرد كە لە كوردستان بەدی هاتوون، بە تایبەتی لەڕووی زیادبوونی ژمارەی نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی و هەروەها كار كردنی 18 هێڵی فڕۆكەوانی و هاوكات كار كردنی زیاتر لە 2600 دوو هەزارو شەش سەد كۆمپانیای بیانی لە هەرێم. گووتیشی دەرفەتی جۆراوجۆر هەیە بۆ پێكەوە كار كردن وەك ئابووری و كەلتوری و پەروەردە. هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە هەرێمی كوردستان دەیەوێت سوود لە شارەزاییەكانی ئەو وڵاتە وەربگرێت لە بوارەكانی تەكنەلۆژیا و كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار.
لای خۆشیەوە لویس فێریا وەزیری دەوڵەت بۆ هاوكاری و كاروباری دەرەوەی پرتوگال گووتی ئێمە خۆشحاڵین بە پێشوازی كردن لە نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئیسپانیا، بەڵام هاوكات دەمانەوێت كە حكومەتی هەرێم نوێنەرایەتی خۆی لە پرتوگال بكاتەوە كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا. گووتیشی كە پرتوگال نەك تەنها لە ئەوروپا بەڵكو پەیوەندیەكی بەهێزیشی لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا هەیە.
لە كۆتایی دیدارەكەشدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە داوای كرد كە شاندێكی وەزارەتی هاوكاری و كاروباری دەرەوەی پرتوگال سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، كە گاریگەری پۆزەتیڤ دەبێت بۆ راستەخۆ بینینی ئەو دەرفەت و لایەن و پرۆژانەی كە لە هەرێم هەیە. گووتیشی كە هەرێم پرتوگال وەك هاوبەش دەبینێت و چاومان لە پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولایە.
هەر لەمیانەی سەردانەكەدا بۆ وەزارەتی هاوكاری و كاروباری دەرەوەی پرتوگال، شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ روی ماسیرا بەڕێوەبەری گشتی سیاسەتی دەرەوە كۆبوونەوە.
ماسیرا گووتی پێمان وایە كە هەرێمی كورستان مۆدێلێكی باشە بۆ تەواوی عێراق. گووتیشی كە پرتوگال بەنیازی دووبارە كردنەوەی باڵیۆزخانەیە لە بەغدا دوای ئەوەی كە لەساڵی 2007 داخرا.
هەر لە دیدارەكەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پوختەیەكی دەربارەی پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باس كرد. هاوكات تیشكی خستەسەر قەیرانی مرۆیی سوریا و ئەو كاریگەریانەی كە ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیبووە، لە هەمان كاتدا باسی لە ئاوارەكانی بەشەكانی دیكەی عێراق كرد كە بەهۆی توندوتیژیەكانەوە روویان لە هەرێم كردووە.