کۆمەڵەى کارى کوردستان – پرتوگال لە لیشبۆن راگەیەندرا

  • هەینی, 28 شوبات 2014

لە وەزارەتى کاروبارى دەرەوەى پرتوگال و بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە کاربەدەستانى باڵاى حکومەت، لە چوارچێوەى هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانى هاوکارى و پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و پرتوگال، هەروەها بۆ لێک نزیکبوونەوەو بۆ دروست کردنى پردى پەیوەندى لە نێوان کەرتى تایبەتى هەردوولا، کۆمەڵەى کارى کوردستان – پرتوگال راگەیەندرا.

لە بۆنەکەدا کە هەریەک لە فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و خوسێ سیساریۆ وەزیرى دەوڵەت بۆ کاروبارى کۆمەڵگەى پرتوگال لە دەرەوە و دابان شەدەڵە نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئیسپانیا و دۆمینگۆس ئۆگاندۆ بەرپرسى کۆمەڵە تازە دامەزراوەکە ئامادەى بوون، سیساریۆ گووتى ئەمڕۆ رۆژێکى تایبەتە و پێمان وایە زۆر گرینگە بۆ کۆمپانیاکانى پرتوگال بۆ کار کردن لەگەڵ کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان.

لاى خۆشیەوە دۆمینگۆس ئۆگاندۆ بەرپرسى کۆمەڵەى کارى کوردستان – پرتوگال گووتى دامەزراندنى ئەم کۆمەڵەى کارە لە داهاتوویەکى زۆر نزیکدا لەڕووى ئابووریەوە سوودى بۆ هەردوو لایەنى پرتوگال و هەرێمى کوردستان دەبێت.

هەر لەم بۆنەیەدا فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم وێڕاى دەربڕینى خۆشحاڵی بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمەکەدا هاوکات سوپاسى ئامادەبووانیشى کرد و گووتى ئەمە یەکەمین سەردانى فەرمى شاندى حکمەتى هەرێمى کوردستانە بۆ پرتوگال. گووتیشى ئێمە لە هەوڵى دووبارە بونیادنانەوەو ئاوەدانکردنەوەداین، ئەم هەنگاوە دەکرێت پێکەوە بۆ زیاتر پێشخستنى کوردستان ئەنجام بدرێت. هاوکات گووتى کە دەکرێت کوردستان ببێتە دەروازەیەک بۆ بەشەکانى دیکەى عێراق.

جێگەى باسە دامەزراندنى ئەم کۆمەڵەى کارە یارمەتى هاتنى کۆمپانیاکانى پرتوگال دەدات بۆ کارکردن لە هەرێم و بە پێچەوانەشەوە. لەم رووەشەوە فەلاح مستەفا دڵنیایی بە ئامادەبووان دا کە فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە هەموو کاتێک ئامادەی پێشکەش کردنى هاوکاریە، هاوکات هیواى خواست کە پرتوگال لە داهاتوویەکى نزیکدا ببێتە بەشێک لە کۆمەڵگاى دیپلۆماسى لە هەرێمى کوردستان و نوێنەرایەتى خۆى لە هەرێم بکاتەوە.

 

 

  • هەینی, 28 شوبات 2014

 

 

 

Read کد خبر: 407

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی