ئەمڕۆ 3-3 كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەئامادەبوونی عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەند پێشوازیكرد لە عەلی ئەدیب وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی عیراقی فیدراڵ و وەفدێكی هاوڕێی، كە پێكهاتبوون لە سەرۆكی شەش زانكۆی عیراق.
لە سەرەتای دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەخێرهاتنی وەفدی میوانی كردو رایگەیاند: پێویستە ئەمجۆرە پەیوەندییانەی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامبن و گفتوگۆ بكرێتە كلیلی چارەسەری هەموو كێشەكان.
لە بەشێكی تری وتەكانیدا كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند: لەسەر هەموولایەكمان پێویستە بایەخ بەخوێندن و توێژینەوەی زانستی بدەین و هاوكارو پاڵپشتی خوێندكاران بین بۆ بەرەوپێشبردنی رەوشی خوێندن و زانست لە وڵاتەكەماندا، بەئامانجی بەرەوپێشچونی زیاتر و گەیشتن بەترۆپكی ئاوەدانی و پێشكەوتن.
لای خۆیانەوە وەفدی میوان سوپاسی ئەم پێشوازییەی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كردو بە پێویستیانزانی كە هەموولایەك هاوكار و پاڵپشتی خوێندن و زانكۆكان بن بۆ بەرەوپێشبردنی وڵات.