عیماد ئەحمەد لەگەڵ دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە

  • چوار شەممە, 02 نیسان 2014

عیماد ئەحمەد رایگەیاند وەكو هەرێمی كوردستان بەگرنگیەوە لەهەڵبژاردنەكانی 30/4 دەڕوانین بەئاراستەی بەرقەراركردنی زیاتری دیموكراسی و چەسپاندنی تەواوی مافە دەستورەیەكانمان لەعیراق و گەشەپێدانی زیاتری هەرێمی كوردستان كەببێتە نمونەیەكی گەشەسەندوی ناوچەكە لەهەموو بوارەكاندا، هەروا تەئكیدیشی كردەوە بۆ زەمینە خۆشكردن لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد كەتەواوی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بەئازادی دەنگ بدەن، حكومەتی هەرێم بەبێ لایەنی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هاوكار و پشتیوان دەبێت، دواشی كرد هەموو لیست و قەوارە سیاسیەكان لەكەشێكی ئارام و دور لەتوندوتیژی و بەپێی قانون و رێنمایەكان هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوە ببەن و بیكەنە كەرنەڤاڵێكی نیشتمانی.


ئەم لێدوانەی  عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی كۆبونەوەیەكدا هات لەگەڵ  دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق كەئەمڕۆ  لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو سەبارەت بەئامادەكاریەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم.


سەرەتا بەڕێوەبەرانی گشتی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان  رونكردنەوەی پێویستیان لەبارەی ئامادەكاری پڕۆسەكە خستەڕوو  و ئاماژەیان بەوەكرد كەئەمجارە لەرێگەی كارتی دەنگدانەوە هاوڵاتیان دەنگی خۆیان دەدەن، بۆیە پرۆسەكە جیاوازدەبێت لەهەڵبژاردنەكانی پێشوو، بۆ ئاسكاری و باش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانیش كۆمسیۆنی باڵا ئامادەكاری پێویستیان كردوە كەهاووڵاتیان بەئاسانی دەنگی خۆیان بدەن، هەروا باسیان لەوەشكرد كەتەنیا لەكوردستان هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان  بەڕێوە دەچێت بەڵام بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو جیاوازییە كەرەنگە جۆرێك لەفشار دروست بكات .

لەلایەن خۆیەوە عیماد ئەحمەد رونیكردەوە كەهەرێمی كوردستان بەگرنگیەوە لەم هەڵبژاردنە دەڕوانێت خوازیارە لەسەر ئاستی هەموو عیراق  ببێتە مایەی چەسپاندنی زیاتری بنەماكانی دیموكراسی و خۆشگوزەرانی و چارەسەركردنی كێشە سیاسی و ئەمنی و خزمەتگوزاریەكان و هەلومەرجێكی لەبارتر بۆ سەرجەم پێكهاتە جیاوازەكانی عیراق فەراهەم بكات كەهەموویان بەشێوەیەكی راستەقینە بەشداربن لەبڕیارو بەرێوەبردنی وڵاتدا، بۆ كوردستانیش ببێتە سەرەتایەكی تری پێشكەوتن و ئاوەدانی زیاترو بەیەكەوە كاركردن بۆ وەدیهێنانی تەواوی مافەكانمان و قوڵكردنەوە یئەزموونی دیموكراسی لەبەرژەوەندی خەڵكدا.

لەدرێژەی رونكردنەوەكەیدا عیماد ئەحمەد باسی لەوەشكرد كەپێویستە هەموو لایەنە سیاسیەكان بەگیانی لێپسراوێتی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیە نیشتمانیەكان لەم كەرنەڤاڵە بڕوانن بۆ ئەوەی لەداهاتوو بەپێی خواست و ئیرادەی خەڵك كاربكەین و خزمەتی زیاتریان بكەین، بۆ ئەم مەبەستەش حكومەتی هەرێم وەك رابردوو بەبێلایەنی كار بۆ سەركەوتنی هەڵبژاردنەكان دەكات  و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادەی هاوكاری و پشتیوانییە بەشێوەیەك كەهاووڵاتیانی كوردستان بەجیاوازی بیروبۆچوونی سیاسیان بتوانن بەئازادی دەنگی خۆیان بدەن.

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم راشیگەیاند پێویستە دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بەوردی ئامادەكاری بكەن كەخەڵك لەرێگەی ئەو كارتە تازەیەوە بەئاسانی دەنگ بدەن و گرفتیان بۆ دروست نەبێت، لەلایەكی تریشەوە رەوچاو و چاودێری جێبەجێكردن و پابەندبوونی قانون و سیستم و رێنمایەكان بن لەلایەن لیست و قەوارە سیاسیەكانەوە بۆ ئەوەی لەدۆخێكی ئارام و دوور لەتوندوتیژی پرۆسەكە بەسەركەوتوویی لەبەرژوەندی بەرەو پێشچوونی  وڵاتەكەمان بەڕێوە بچێت.

جێگری سەرۆكی حكومەت داواشی كرد كەلیست و كاندیداكان لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا پابەندی رێنمایەكان بكەن و شوێنی گشتی ونەگونجاو بۆ هەڵمەتەكە بەكار نەهێنن و سیماو جوانی شارە و گەڕەك و كۆڵانەكان نەشێوێنن و نمونەیەكی جوان لەمیانەی هەڵمەتەكەدا پێشكەش بكەن.


 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 471

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی