نێچیرڤان بارزانى و ئه‌ردۆغان په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

  • چوار شەممە, 16 نیسان 2014

له‌ میانى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ توركیا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16ى نیسانى 2014 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و شاندێكى یاوه‌رى له‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌ لایه‌ن ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیاوه‌ پێشوازى لێ كرا.


له‌ دیدارێكدا كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، د. ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان و سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌ت له‌ لایه‌نى هه‌رێمى كوردستان و تانه‌ر یلدز وه‌زى وزه‌، فه‌ریدوون سینیرلى ئۆغلۆ ڕاوێژكارى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و ژماره‌یه‌كى ڕاوێژكاران له‌ لایه‌نى توركیا ئاماده‌ى بوون، چه‌ندین پرسى تایبه‌ت به‌ په‌یوه‌ندیى دووقۆڵى و ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ كران.

له‌ سه‌ره‌تاى دیداره‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى سه‌ركه‌وتنى ئاك پارتى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى شاره‌وانییه‌كانى توركیاى له ئه‌ردۆغان كرد و سه‌رۆك وه‌زیرانى  توركیاش ستایش و پێزانینى خۆى پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كرد.

هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیران تیشكیان خسته‌ په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و بازرگانییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و توركیا و داكۆكییان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ له‌ هه‌ردوو لاوه‌ ته‌واوى ئاسانكارى پێشكه‌ش بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ڕێژه‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌ نێوان هه‌رێمى كوردستان و عیراق له‌گه‌ڵ توركیادا بگاته‌ ئاستێكى به‌رزتر و فراوانترین بواره‌كان بگرێته‌وه‌.
ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى ئێستاى ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى و بارودۆخى ئێستاى عیراق به‌ تایبه‌تى لایه‌نێكى دیكه‌ى دیاره‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا باس له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى كۆتاییى ئه‌م مانگه‌ى هه‌رێمى كوردستان و عیراق كرا و بیروڕایان ده‌رباره‌ى پێشبینیى تابلۆى سیاسیى دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان و دواڕۆژى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عیراق ئاڵوگۆڕ كرد و تیشك خرایه‌ سه‌ر كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنیان له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه‌.

دواى ته‌واوبوونى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، شاندى هه‌رێمى كوردستان به‌ره‌و هه‌ولێر گه‌ڕانه‌وه‌.

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 483

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی