له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ ووڵاتی به‌ریتانیا فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ چاوی که‌وت به‌ تۆبایه‌س ئێڵوود وه‌زیری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست له‌ حکومه‌تی ئه‌و ووڵاته‌. له‌دانیشتنەکە‌دا باس له‌ ڕه‌وشی ئێستای کوردستان و عیراق و هه‌ڕه‌شه‌کانی تیرۆریستانی داعش کرا.

به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی به سه‌رکه‌وتنه‌کانی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا و ووتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستیه‌ به‌رده‌وام کاریگه‌ری له‌سه‌ر بارودۆخه‌که‌ هه‌یه‌ و پێویسته‌ تواناکانمان به‌ یه‌که‌وه‌ بخه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه‌ له‌ناو ببه‌ین. ووتیشی: " ده‌بێت ئامانجی ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌ناوبردنی داعش بێت، نه‌وه‌ك له‌ خۆگرتن و لاوازکردنی، چونکه‌ ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریسیه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو جیهان. ئه‌گه‌ر له‌ناو نه‌بردرێت ئه‌وا ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ ته‌شه‌نه‌ی زیاتر ده‌کات و هه‌ڕه‌شه‌که‌شی له‌سه‌ر ناوچه‌که‌ و جیهاندا زیاتر ده‌بێت."

وتیشی: "بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئامانجه‌ بپێکین، پێویسته‌ چه‌کی قورسی زیاتر بدرێته‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ و ڕاهێنانی زیاتری بۆ بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت زه‌بری کوشنده‌تر له‌و تیرۆریستانه‌ بدات." ده‌رباره‌ی ئازادکردنی موسڵیش، به‌رپرسی  په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌توانێت ڕۆڵی به‌رچاو ببینێت له‌و پڕۆسه‌یه‌، به‌ڵام ده‌بێت لایه‌نی عیراقی و بە تایبەتیش پێکهاتەی سوننە ڕۆڵی سه‌ره‌کی هه‌بێت و ئاماده‌باشی زیاتریشی بۆ بکرێت.

فه‌لاح مسته‌فا هه‌روه‌ها ووتی که‌ داعش ته‌نها به‌ شه‌ڕ له‌ناو نابردرێت، به‌ڵکو ده‌بێت سه‌رچاوه‌ دارایی و ئابووری و ئایدیۆلۆژیاکه‌شی ڕابگیردرێت. هه‌روه‌ها ووتی ده‌بێت حکومه‌تی عیراقی کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بکات که‌ پێکهاتەی سووننه پشتگوێ نه‌خرێن و ڕۆڵی خۆیان له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی عیراقدا هه‌بێت. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ جارێکی تر نیگەرانی حکومه‌ت و گه‌لی کوردستانی له‌سه‌ر بەشدارینەکردنی کورد لە کۆنفڕانسه‌که‌ی هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر داعش که‌ له‌ له‌نده‌ن له‌م دواییانه‌دا به‌سترا دووپات کرده‌وه‌. ووتیشی که‌ پێویسته‌ ڕۆڵی سه‌رکردایه‌تی کورد و پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌ شه‌ڕ له‌ دژی داعش و گۆڕینی هاوکێشه‌کان له‌به‌رچاو بگیردرێت، چونکه‌ له‌ سه‌ر ئه‌رزی واقیعدا پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه‌ توانیویه‌تی شکست به‌و تیرۆریستانه‌ بێنێت و هێزه‌کانیان لاواز بکات.

سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، فه‌لاح مسته‌فا ئه‌وه‌ی دووپات کرده‌وه‌ که‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پابه‌ندبوون به‌و ڕێککه‌وتننه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌م دواییانه‌ واژووی کردووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مانکاتدا پێویسته‌ به‌غدا پابه‌ند بێت به‌ ڕێککەتن و به‌ڵێنه‌کان به‌ تایبه‌تیش له‌ ڕووی دابینکردنی بودجەی هەرێم و مووچه‌ی هاووڵاتیان و بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌. هه‌روه‌ها ووتی: " به‌غدا وەکو پێویست هاریکاریمان ناکات له‌ شه‌ڕ له‌ دژی داعش. پێویسته‌ بەغدا مافی خۆمان له‌ بودجه‌ ڕه‌وانه‌ بکات و له‌ ڕووی سه‌ربازیشدا هاریکاری زیاترمان بکات."

هه‌ر له کۆبوونه‌وه‌که‌دا فه‌لاح مسته‌فا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که‌ پێویستە بەریتانیا سیاسەتێکی واقیحبینانە پەیڕەو بکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای عیراق. داوای هاریکاری زیاتری سه‌ربازی و مرۆییشی له‌ حکومه‌تی به‌ریتانیا کرد و ووتی که‌ له‌ کوردستان 2 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ و پەنابەر هەیە. ووتیشی ئه‌و ژماره‌ گه‌وره‌یه‌ پاڵه‌په‌ستۆیه‌کی یه‌کجار زۆری خستۆته‌ سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان. ووتیشی له‌گه‌ڵ سوپاسمان بۆ ئه‌و هاوکاریانه‌ی که‌ حکومه‌تی به‌ریتانیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تا ئێستا پێشکه‌شی کردوون، داوای یارمه‌تی زیاتر ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌رده‌وام بین له‌ دابینکردنی پێداویستیه‌کانی ڕۆژانه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ش تۆبایه‌س ئێڵوود وه‌زیری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ حکومه‌تی به‌ریتانیا ستایشی قاره‌مانییه‌تی و ڕۆڵی گه‌وره‌ی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانی کرد له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و شکستهێنان به‌و گرووپه‌ تیرۆریستیه‌. ووتیشی که‌ هه‌موو جیهان شانازی به‌و ڕۆڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌کات، بۆیه‌ش له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ هاریکاری پێشکه‌ش ده‌کرێت. له‌ هه‌مان کاتیشدا ئه‌وه‌ی دووپات کرده‌وه‌ که‌ ووڵاته‌که‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پێشکه‌شکردنی هاریکاری و یارمه‌تی سه‌ربازی بۆ له‌ناوبردنی داعش. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ووڵاته‌که‌ی له‌ ڕێگای باڵیۆزخانه‌که‌یان له‌ به‌غداوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پێشکەشکردنی هاریکاری بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان بە تایبەتیش لە بواری پێشکەشکردنی هاریکاری زیاتر و یەکلاییکردنەوەی پرسی بودجەی هەرێم. ‌

فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌ فه‌رمیه‌که‌یدا بۆ به‌ریتانیا چاوی که‌وت به‌ دێسمۆند سوه‌ین وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ کاروباری گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی و ژماره‌یه‌ك له‌ کاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌ته‌که‌.

له‌ دیدارێکدا که‌ خاتوو به‌یان سامی عبدالرحمان نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌ریتانیا ئاماده‌بوو به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ سوپاسی هه‌ڵوێستی حکومه‌تی به‌ریتانیای کرد له‌ هاریکاریکردنی گه‌لی کورد له‌ بواره‌کانی مرۆیی و سه‌ربازی.

له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌ بارودۆخی په‌نابه‌رانی کوردستان کرد به‌ تایبه‌ت له‌م کات و ساته‌دا که‌ ده‌چینه‌ ناو وه‌رزی زستان و که‌ش و هه‌وا ڕوو له‌ ساردی و به‌فر و بارانی زیاتر ده‌کات. هه‌روه‌ها ووتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ بارودۆخێکی دارایی خهراپدایه‌ ئه‌ویش به‌هۆی شه‌ڕی داعش و بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ لایه‌ن حکومه‌تی فیدڕاڵیه‌وه‌، ئه‌و دوو هۆکاره‌ش وایانکرددوه‌ که‌ حکومه‌تی هه‌رێم بارقورسیه‌کی یه‌کجار زۆری بکه‌وێته‌ سه‌ر له‌ بواری دابینکردنی کۆمه‌ك و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌. له‌ هه‌مانکاتیشدا له‌گه‌ڵ ستایشکردنی ڕۆڵی گه‌وره‌ی حکومه‌تی به‌ریتانیا، داواشی کرد که‌ هاریکاریه‌کان زیاتر بکه‌ن و کار بکه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و هاریکاریه‌ مرۆییانه‌ی که‌ بۆ کوردستان ده‌نێردرێت به‌شێکی له‌ ڕێگای ڕێکخراوه‌ ناحکومیه‌کانیش به‌ سه‌ر ئاواره‌کان دابه‌ش بکرێت. فه‌لاح مسته‌فا هه‌روه‌ها ووتی: " هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئێمه‌ له‌ کوردستان ده‌رگاکانمان واڵا کردووه‌ بۆ لێقه‌وماوان و په‌نابه‌ران. ئیستاش که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌کانی ناوچه‌ی موسڵ به‌ تایبه‌تی و عیراق به‌ گشتی ڕوویان له‌ کوردستان کردووه‌ و ئێمه‌ش گیانیان ده‌پارێزین و به‌ پێی تواناش هاریکاری مرۆییمان کردوون، به‌ڵام پێویستیمان به‌ هاریکاری زیاتری کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ له‌و بواره‌وه‌."

هه‌ر له‌ درێژه‌ی دانیشتنه‌که‌دا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ داوای له‌ به‌ریتانیا کرد له‌ ڕێگای هاوپه‌یمانه‌کانیه‌وه‌ کۆمه‌کی دارایی بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ په‌یدا بکات بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌رێکی زیاتر بێت بۆ په‌یداکردنی بژێوی ڕۆژانه‌یان. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که‌ حکومه‌تی فیدراڵ تا ئێستاش نه‌هاتۆته‌ پێش و وه‌ك پێویست هاریکاری ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ ناکات. هه‌روه‌ها ووتی جگه‌ له‌وه‌ی که‌ حکومه‌تی فیدڕاڵ نزیه‌که‌ی 16 ملیار دۆلار قه‌رزداری حکومه‌تی هه‌رێمه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ی هه‌رێمی بڕیوه‌، ئاماده‌ش نه‌بووه‌ یارمه‌تی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ بدات که‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان خه‌ڵکی به‌شه‌کانی تری عیراقن.

له‌لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا بۆ کاروباری گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که‌ له‌ دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا حکومه‌تی وولاته‌که‌ی بڕی 16.5 ملیۆن پاوه‌ندی تر ته‌رخاند ده‌کات بۆ یارمه‌تیدانی په‌نابه‌رانی کوردستان و له‌ ڕێگای ڕێکخراوه‌کانی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌سه‌ریاندا دابه‌ش ده‌کرێت.

پرسی هه‌ڕه‌شه‌کانی داعشیش به‌شێکی تری دیداره‌که‌ بوو. وه‌زیره‌که‌ی به‌ریتانیا ووتی که‌ کوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ ڕۆڵی سه‌ره‌کی له‌ شه‌ڕکردن له‌ گه‌ڵ داعش له‌ ناوچه‌که‌ ده‌بینێت و ووتیشی حکومه‌تی ووڵاته‌که‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی دابێت بۆ کوردستان ده‌یکات. هه‌روه‌ها ووتی ووڵاته‌که‌ی له‌ بواری هاریکاریکردنی په‌نابه‌رانی کوردستانیش به‌رده‌وام ده‌بێت و کاریش ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی زیاتر به‌ هانای ئه‌و په‌نابه‌رانه‌وه‌ بێت. هاوکات سوپاسی حکومه‌تی کوردستانیشی کرد که‌ له‌گه‌ڵ بوونی چه‌ندین ته‌نگژه‌و قه‌یران، توانی به‌ باشترین شێوه‌ پێشوازی له‌و په‌نابه‌رانه‌ بکات و شوێنی حه‌وانه‌وه‌یان بۆ دابین بکات.

 

 

 

 

 

 

 

هه‌ر له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌ فه‌رمیه‌که‌یدا بۆ به‌ریتانیاک فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چاوی که‌وت به‌ تۆبایه‌س ئێڵوود وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا‌ بۆ کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

 

له‌ سه‌ره‌تای دیداره‌که‌دا تۆبایه‌س ئێڵوود وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بۆ کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خۆشحاڵی حکومه‌تی ووڵاته‌که‌ی ده‌ربڕی به‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌ی نێوان به‌غدا و هه‌وڵێر و هیوای خواست که‌ له‌ ده‌رئه‌نجامدا ڕێککه‌وتنێکی دوورخایه‌نی کۆنکریتی لێ بێته‌ ئاراوه‌.

 

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندیه‌ پێشکه‌وتووه‌کانی نێوان به‌ریتانیا و هه‌رێمی کوردستاندا و ووتیشی که‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ به‌رده‌وام ده‌بن و به‌ریتانیا له‌ ڕووه‌کانی سه‌ربازی و مرۆیی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هاریکاریکردنی کوردستان. هه‌روه‌ها خۆشحاڵی خۆی بۆ چالاکی کۆمپانیا به‌ریتانیاکان له‌ کوردستان نیشاندا و جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ئه‌وان کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ کۆمپانیاکانی به‌ریتانیا زیاتر و چالاکانه‌ تر کاره‌کانیان له‌ کوردستان ئه‌نجام بده‌ن.

 

هه‌ر له‌ دیداره‌که‌دا که‌ خاتوو به‌یان سامی عبدالرحمان نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌ریتانیا ئاماده‌ بوو، به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که‌ کوردستان به‌ چاوێکی گرنگه‌وه‌ سه‌یری په‌یوه‌ندیه‌ دوو قۆڵیه‌کانی نێوان هه‌ردوولا ده‌کات و سوپاسی حکومه‌تی به‌ریتانیای کرد بۆ ئه‌و هه‌موو هاریکاریه‌ سه‌ربازی و مرۆییه‌ی که‌ پێشکه‌شی کوردستان ده‌کات. هه‌روه‌ها سوپاسی باڵیۆزی به‌ریتانیای کرد له‌ به‌غدا که‌ ڕۆڵێکی گه‌وره‌ و ئه‌رێنی بینی له‌ نزیککردنه‌وه‌ی بۆچونه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌رێم که‌ له‌ ده‌رئه‌نجامدا بووه‌ هۆکاری ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ی نێوان هه‌ردوولا.

 

فه‌لاح مسته‌فا ووتی:" ئێمه‌ له‌ کوردستان هه‌موو کاتێك ده‌رگای ووتووێژمان کردۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری یه‌کجاره‌کی بۆ هه‌موو کێشه‌ و پرسه‌کان. ئه‌گه‌ر به‌غداش ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ی ئێستا وه‌ك خۆی به‌ بێ گرفت جێبه‌جێ بکات، ئه‌وا ده‌توانین به‌ یه‌که‌وه‌ کاری زۆر باش بکه‌ین به‌ تایبه‌ت له‌و بارودۆخه‌ی ئێستادا."  ووتیشی پێویسته‌ کات ببه‌خشینه‌ حکومه‌ته‌که‌ی به‌ڕێز عه‌بادی، به‌ڵام له‌ هه‌مانکاتدا پێویسته‌ حکومه‌تی نوێی عیراق ئه‌و هه‌ڵانه‌ی حکومه‌ته‌کی پێشوو دووباره‌ نه‌کاته‌وه‌ که‌ بووه‌ هۆکاری ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌ی که‌ ووڵات پێیدا تێده‌په‌ڕێت.

 

وه‌زیری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی حکومه‌تی به‌ریتانیا هیوای خواست ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ بکه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێکردن و ڕێککه‌وتنێکی یه‌کجاره‌کی لێ بێته‌ ئاراوه‌ چونکه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامدا ڕێگه‌ خۆشکه‌رێکی باش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی کۆمپانیا جیهانیه‌کان زیاتر ڕوو له‌ کوردستان بکه‌ن. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ تۆبایه‌س ئێلوود ستایشی ڕۆڵی قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانی کرد له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان و ئه‌وه‌ی دووپات کرده‌وه‌ که‌ به‌ریتانیا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ به‌خشینی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و راهێنان بۆ پێشمه‌رگه‌ی کوردستان.
سه‌باره‌ت به‌ پرسی داعشیش به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم ووتی که‌ کوردستان ڕوو به‌ڕووی گرووپێکی تیرۆریستی دڕنده‌ بۆته‌وه‌ و له‌ جیاتی جیهانی مۆدێرن ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌کات. هه‌روه‌ها ووتی ڕۆژانه‌ له‌ چه‌ندین به‌ره‌ی جه‌نگدا شه‌ڕ و پێکدادان به‌رده‌وامه‌ و زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ داعش گرتبووی له‌ چنگیان ڕزگار کراونه‌ته‌وه‌ و پلانیش هه‌یه‌ له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا ته‌واوی ناوچه‌کانی تر ڕزگار بکرێنه‌وه‌.

 

هه‌ر له‌ درێژه‌ی دیداره‌که‌دا وه‌زیری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ حکومه‌تی به‌ریتانیا باسی پرسی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی کرد له‌ ژێر چه‌تری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و سوپایه‌کی نیشتیمانی و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌گه‌ر هاتوو حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌و کاره‌ ئه‌نجام بدات ئه‌وا پێگه‌ی هه‌رێم له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌هێزتر و گه‌وره‌تر ده‌بێت. ووتیشی ئێمه‌ لێبورده‌یی و به‌رپرسیارییه‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌زانین، بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ بخرێنه‌ ناو سوپایه‌کی نیزامی و نیشتیمانی و به‌ باشترین شێوه‌ ڕاهێنانی بۆ بکرێت، ئه‌وا له‌ داهاتوودا ئه‌و سوپایه‌ له‌ جیهاندا سوودی لێوه‌رده‌گیردرێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك هێزی ئاشتی پارێز له‌ دونیادا به‌کاربهێندرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ داوای هاوکاری له‌ حکومه‌تی به‌ریتانیا کرد بۆ رێکخسته‌وه‌ی هێزاه‌کانی پێشمه‌رگه‌. له‌م روه‌شه‌وه‌ وه‌زیری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی حکومه‌تی به‌ریتانیا ئاماده‌یی ووڵاته‌که‌ی نیشاندا له‌ پێشکه‌شکردنی ڕاوێژ له‌مه‌ڕ چۆنیه‌تی دروستکردنی سوپایه‌کی نیشتیمانی بۆ کوردستان.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی