كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران كێشه‌كانی‌ هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌رده‌كات

كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌ئاستی‌ باڵادا پێشوازی‌ له‌وه‌فدی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كات و به‌ڵێنده‌دات كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا چاره‌سه‌ربكات، ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و وڵاته‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هه‌موو تواناكانمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ نه‌هێشتنی به‌ربه‌سته‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا"، هۆشداریشده‌دات، "قبوڵناكه‌ین له‌سنوره‌كانی‌ هه‌رێمه‌وه‌ هێرشمان بكرێته‌سه‌ر".

شه‌وی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و قوباد تاڵه‌بانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و وه‌فده‌ یاوه‌ره‌كه‌یان، گه‌یشته‌ تاران و ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ د.حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران و عه‌لی شه‌مخانی ئه‌مینداری‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی ئێران كۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا.

 

به‌گوێره‌ی‌ هه‌واڵێكی‌ ئاژانسی (ته‌نسیم)ی ئێرانیی، له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ وه‌فده‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ عه‌لی شه‌مخانی ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران، شه‌مخانی ئاماده‌یی حكومه‌تی تارانی بۆ نه‌هێشتنی به‌ربه‌سته‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌ربڕیوه‌.

 

ڕاشیگه‌یاندوه‌، "پێشتریش په‌یوه‌ندییه‌كی له‌مێژینه‌ له‌نێوان گه‌لی كوردو ئێران هه‌بوه‌و ئێستاش ئاماده‌ی پاراستنی په‌یوه‌ندیی و ستراتیژیه‌ته‌كانی هه‌ردولاین".

 

به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ی‌ تاران جه‌ختیكردۆته‌وه‌، "هه‌ندێك له‌نه‌یارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران له‌خاكی هه‌رێمه‌وه‌ دێنه‌ ناو ئێران و هاوڵاتیان و سه‌ربازانمان ده‌كوژن و دواتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش مایه‌ی قبوڵكردن نییه‌ پشوو درێژیش نابین".

ئاژانسه‌ ئێرانیه‌كه‌ ئه‌وه‌شی‌ ئاشكراكردوه‌، كه‌ شه‌مخانی ئاماژه‌ی به‌هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم كردوه‌و ڕونیكردۆته‌وه‌، "زیانی ئابوری و ئه‌منی و سیاسی بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو".

 

له‌به‌رامبه‌ریشدا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاندوه‌، "هه‌میشه‌ ئێران پاڵپشتیكاری گه‌لی كوردو هه‌رێمی كوردستان بوه‌و ئه‌مه‌ش جێگه‌ی شانازیمانه‌".

 

بارزانی وتویه‌تی:"هیچ كات هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتی ئێران له‌ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داعش له‌یاد ناكات، هه‌روه‌ها حكومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵی جدی ده‌دات بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی كه‌ له‌خاكی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌كرێته‌سه‌ر ئێران". 

 

Read کد خبر: 2032

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی