خەندان-
عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئێران پەیوەندییەکی ستراتژییان لەگەڵ ھەرێمی کوردستانی عێراقدا ھەیەو خوازیاری پارێزرانی ئەو پەیوەندیە بەنرخەن وتیشی، "نابێت بە ھەڵەی ستراتیژی ئەو پەیوەندییە زیانی پێبگات".
ئەو وتانەی عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە کە دوێنێ یەکشەممە لە تاران بەڕێوەچووە، ئەوەش بەپێی میدیاکانی ئێران.
عەلی لاریجانی ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەو پرسانەی کە ماوەیەک لەمەوبەر لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا روویدا لە بەرژەوەندیی برایانی کورددا نەبوو، دەبێت بە ژیری و لە سایەی حکومەتی ناوەندی عێراقدا کێشەکان چارەسەربکرێن".
لاریجانی وتیشی، "یەکێتی نێوان برایانی شیعە و سونە دەبێتە مایەی یەکێتی و یەکپارچەیی عێراق، نابێت رێگابدرێت دوژمنان بە قازانجی خۆیان بیقۆزنەوە".
ھاوکات نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم کە سەرۆکایەتی شاندی ھەرێمی کردووە لەکۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، "چارەسەریی پرسەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەبێت لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دا بێت، چونکە ھەرێمی کوردستانی عێراق خوازیاری یەکپارچەیی و پاراستنی خاکی عێراقە".
بارزانی وتووشیەتی، "کرانەوەی سنوورەکانی ھەرێم لەگەڵ ئێران خەڵکی کوردستانی خۆشحاڵ کردووە".
سەردانی شاندی ھەرێم بۆ تاران دوای ئەوە ھات رۆژێک پێشتر سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ حەیدەر عەبادی کۆبووەوە.