لاریجانی: پەیوەندیی ستراتیژیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەپارێزین

رووداو - هەولێر

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، پەیوەندییە ستراتیژییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەپارێزن و وڵاتەکەی هەرێمێکی چالاک و پڕ وزەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دەوێت.

رۆژی یەکشەممە 21-1-2018 عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تاران پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.

ئاژانسی فەرمی ئەنجوومەنی شورای ئێران بڵاویکردەوە، لاریجانی گوتوویەتی "ئێمە لەگەڵ برایانی کوردمان لە هەرێم پەیوەندییەکی نزیک و برایانەمان هەیە و دەشبێت. پرسی ئاسایشی هەرێـمی کوردستان بۆ ئێران گرنگی زۆری هەیە".

لە کۆبوونەوەکەدا  لاریجانی راشیگەیاندووە "ئێـمە پەیوەندییەکی ستراتیژیمان لەگەڵ هەرێـمی کوردستاندا هەیە و ئەو پەیوەندییە پڕبەهایە دەپارێزین، نابێ بە ئەنجامدانی هەڵەی ستراتیژی، زیان بەو پەیوەندییە بگەیێنین".

بەگوتەی عەلی لاریجانی "ئەو رووداوانەی کە لەماوەی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان روویانداوە لە بەرژەوەندی برایانی کوردمان نەبوون و پێویستە بە هۆشیاری و لەژێر چەتری حکومەتی ناوەندی کێشەکان چارەسەر بکەن".

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرێمی کوردستان زەمینەی زۆر باشی لە بواری ئابووریدا هەیە و دەرفەتی بۆ گەشەی زیاتری ئابووری هەیە، بەڵام پێویستە هێڵە سیاسییەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا بەرەو پێشەوە ببرێن.

بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، عەلی لاریجانی هیوای خواستووە ته‌واوی كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هەولێر و بەغدا به‌ڕێگه‌ی گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور چاره‌سه‌ربكرێن، مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی پێكهاته‌كانی عێراق دابینبكرێن. هەروەها پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئه‌و گفتوگۆیانه‌‌ ده‌ربڕیوە كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌ستیانپێكردووه‌.

رۆژی 20ی ئەم مانگە، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێـمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری و چەند بەرپرسێكی دیکە سەردانی ئێرانی کرد.

رۆژی یەکشەممە 21-1-2018  شاندەکەی کوردستان لە تاران له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن رووحانی، سه‌رکكۆماری ئێرانه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا. 

هەمان رۆژ شاندەکە لە دوو کاتی جیاوازدا لەگەڵ عه‌لی شه‌مخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە.

 

Read کد خبر: 2036

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی