نیوەڕی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17 - 3 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز فیلیپ هامۆند وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە بەرێزان باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی بەریتانی پێكهاتبوو.
لە دیدارێكدا كە بەڕێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، وەزیرانی ناوخۆ و پلاندانان و گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، بەڕێز هامۆند خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و باسی بارودۆخی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە ڕووی قەیرانی داراییەوە كرد. هەروەها دەستخۆشی لە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەو ڕێكار و پرۆگرامە چاكسازییەی كە بەمەبەستی تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی گرتووەیەتە بەر و لەم بوارەشدا هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ ئەم هەوڵانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پیشان دا.
ئاماژەی بەوەش دا كە وەستاندن و تێكشكاندنی هێرش و مەترسییەكانی تیرۆر لەلایەن پێشمەرگەوە و حەواندنەوەوە و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆری پەنابەر و ئاوارەی دەستی تیرۆر لەلایەن خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، جێگە و پێگەیەكی تایبەتی بە هەرێمی كوردستان بەخشیوە لە سەرتاسەری ئەورووپا و جیهان و هیوای خواست كە هێزی پێشمەرگە ڕۆڵێكی بەرچاوی لە پلانی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵدا هەبێت.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییەكانی وڵاتی بەریتانیای بۆ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە كرد و دووپاتی كردەوە كە بەهۆی قەیرانی دارایی و هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆرەوە، هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكاریی زیاتری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ڕێكارەكان و پلانی چاكسازیی حكوومەتی هەرێم بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی كرد و دووپاتی كردەوە كە حكوومەت لەسەر چاكسازیی جددییە و دەربارەی شەفافیەت لە داهاتەكاندا دەستی بە كار كردووە و لەمبارەیەشەوە ڕاوێژ بە لایەنە پسپۆڕە نێودەوڵەتیەكان دەكات و بەریتانیاش دەتوانێت بۆ ئەم مەبەستە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات.
تاوتوێكردنی پلانی ئازادكردنی مووسڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش و بارودۆخی ناوچەكە بەگشتی و گۆڕینەوەی بیروبۆچوون لەسەر چەند بابەتێكی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
لە دوا دیداریاندا لە بەغدا ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 31 - 1 - 2016 شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دیدارێكیان لەگەڵ بەڕێز نوری مالكی ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەی عێراقی ئەنجام دا.
لە دیدارەكەدا شاندی هەرێمی كوردستان تیشكیان خستە سەر ئەم سەردانەیان بۆ بەغدا و دیدار و گفتوگۆكانی ئەمڕۆی لەگەڵ بەڕێزان سەرۆك وەزیران، سەركۆمار، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق و هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمەریكا و بەریتانیا لە بەغدا، هەروەها باسیان لە دۆخی ئەمڕۆی عێراق و هەرێمی كوردستان.
ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و شكاندنی مەترسیی تیرۆ لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان و گرنگیی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ ڕزگاركردنی ئەو ناوچانەی هێشتا لە ژێر كۆنترۆڵی تیرۆرستانی داعشدان، دووپات كرایەوە و خۆشحاڵیی خۆیان بۆ بەردەوامیی گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان، پیشان دا.
لە دیدارەكەدا جەخت لەسەر گرنگیی پتەوبوونی پەیوەندیی نێوان لایەنە عێراقییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدیات و مەترسییەكانی سەر عێراق و هەرێمی كوردستان و گرتنەبەری ڕێكاری هەنووكەیی و جێبەجێكردنی بەرنامەیەكی چاكسازیی تۆكمە لە هەموو ڕوویەكەوە بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستای دارایی و ئابووری لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرایەوە كە لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت ڕووبەڕووی عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی بووەتەوە.
ئێوارەی ئەمرۆ یەكشەممە 31 - 1 - 2016 شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەردانی هەردوو باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و بەریتانیای لە بەغدا كرد و لەگەڵ بەرێزان باڵیۆز و بەرپرسانی دیپلۆماسیی ئەمەریكی و بەریتانی كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكاندا تیشك خرایە سەر ئەنجامی كۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاندی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدرال و داكۆكی لە هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لە بواری سەربازیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و نەهێشتنی مەترسییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی كرایەوە. هەروەها جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆ و دیالۆگ و دیدار و كۆبوونەوەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق فیدرال كرایەوە بۆ چارەسەركردنی تەواوی ئەو كێشە و گرفتانەی لە نێوان هەولێر و بەغدادا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.
شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەردوو دیدارەكەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكی و بەریتانی داوایان كرد كە هەردوولا هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی وڵاتەكانیان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوی شەڕی داعش و هاوكارییكردنی نزیكەی ملیۆنێك و هەشتسەد هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان كە لەم دۆخەدا بوونەتە بارقورسییەكی زۆر بۆ حكوومەتی هەرێم بە تایبەتی كە هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی قەیرانی دارایی ئێستادا، لە ژێر بارێكی سەخت و قورسدایە.
لە كۆبوونەوەكاندا هەردوو لایەنی ئەمەریكی و بەریتانی خۆشحاڵی و پشتگیریی خۆیان بۆ بەردەوامیی دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا پیشان دا و جەختیان لە بەردەوامیی ئەو كۆبوونەوە و دیالۆگانە كردەوە. هەروەها دووپاتیان كردەوە كە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆئەوەی هەرێمی كوردستان پشتگیریی وڵاتانی هاوپەیمانیی دژی داعش و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی بەدەست بهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا و بە تایبەتیش پشتگیریی سەربازیی بۆ پێشمەرگە و هاوكارییكردنی هەرێمی كوردستان بۆ چۆنییەتی تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا كە ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 15/11/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانتارانی بەریتانیا لە گرووپی دۆستایەتیی هەموو پارتەكانی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ پشتگیری لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینی بەریتانیایان پێشكەش بە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە سەرەڕای قەیرانی دارایی، پێشوازییان لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كردووە و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش كردوون. ئاماژەیان بەوەش دا كە شانازی بەوەوە دەكەن هاوپەیمانی هەرێمی كوردستانن لە شەڕی دژی تیرۆر و پیرۆزباییان پێشكەش بە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی ئازادكردنی شاری شەنگالەوە لە دەستی تیرۆرستانی داعش كە گرنگییەكی زۆری بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی بە شێوەیەكی گشتی هەیە.
هەروەها باسیان لەو هاوكارییانە كرد كە لە ڕابردوو و ئێستادا لەلایەن بەریتانیاوە پێشكەش بە هەرێمی كوردستان كراون و خوازیار بوون پێویستییەكانی قۆناغی ئێستا بزانن بۆ ئەوەی بەپێی پێویستیی قۆناغەكە هەوڵ بدەن هاوكارییەكان بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەن. هەروەك باسیان لە بارودۆخی عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و پرۆسەی سیاسی لە ناوچەكە و ئەو گرفتانەی لە عێراق هەن، كرد.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەوەی پەرلەمانتارانی هەموو پارتە سیاسییەكانی پەرلەمانی بەریتانیا پشتگیری لە هەرێمی كوردستان دەكەن و ئاماژەی بەوە دا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارییەكانی بەریتانیا و ئەمەریكا و هەموو وڵاتانی نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بۆ هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنێت، بە تایبەتی لەڕووی سەربازییەوە كە كاریگەرییەكی بەرچاویان لە ئازادكردنی دەڤەرەكان بە گشتی و بە تایبەتی ڕزگاركردنی شاری شەنگال لە دەستی تیرۆرستانی داعش هەبووە و هیوای خواست لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە هاوكارییەكان زیاتر بكرێن بۆ ئەوەی بتوانرێت مەترسیی تیرۆر بە یەكجاری لە ناوچەكە بنبڕ بكرێت و وەك پێویستیش هاوكاریی ئاوارە و پەنابەران بكرێت.
لەلایەكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێزیان ئاماژەی بە قەیرانی دارایی و هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان كرد كە بارگرانییەكی زۆری بۆ هەرێم دروست كردووە و هیواخواز بوو لە سووككردنی ئەو بارگرانییە، هاوكاریی زیاتری هەرێم بكەن. دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئەو كێشانەی بەم دواییە لە هەرێمی كوردستان دروست بوون، بەڕێز سەرۆك وەزیران سەرەتا پوختەیەكی لەبارەی ئەو ڕووداوانەوە پێشكەش كرد و دووپاتی كردەوە كە پێویستە سەرجەم كێشەكان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە چارەسەر بكرێن.
تاوتوێكردنی چەند بابەتێكی دیكەی پەیوست بە هەردوولا، بە تایبەتی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا و زیاتر تۆكمەكردنیان لە هەموو ڕوویەكەوە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
ئهمڕۆ، چاکسازییە ئابووری و داراییەکانی بریتانیا، وهكو ئەزمونێکی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان لە هەنگاونان بەرەو چارەسەرکردنی قەیرانەکان، باسیلێكرا.
بەڕێزان جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیر و راوێژکاری حکومەتی هەرێم، کێشە داراییەکانی هەرێم و چۆنێتی هاوکارییەکانی حکومەتی بەریتانییان لە پێناو باشتکردنی سیستمی حوکمڕانی تاوتوێ کرد و نەخشەڕێی دەربازکردنی هەرێمی کوردستانیان لە کۆی گرفتەکان تاوتوێکرد.
قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەتی بەریتانیای کرد و رایگەیاند: هاتنی شاندێکی باڵای بەریتانیا پەرۆشی ئەو وڵاتە نیشان دەدات بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان، لەهەمان کاتتدا جدیەتی حکومەتی بەریتانیا دەخاتە روو لە هەنگاونانی پراکتیکی بۆ دەربازبوونی هەرێمی کوردستان لەو قەیرانانەی کە رووبهڕووی بووهتهوه.
لە گفتوگۆیەکی کراوەدا کە ژمارەیەک راوێژکار و شارەزای بوارەکە لە حکومەتی بەریتانیا ئامادەیبوون، ئۆلیڤەر لیتوین، وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا پوختەیەکی لە ئەزمونی بەریتانیا وچۆنێتی دەربازبوونی وڵاتەکەی لە قەیرانی ئابوری ساڵی ٢٠١٠ خسەڕوو، بەمەبەستی ئەوەی حکومەتی هەرێم بتوانێت سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتە وەربگرێت و بە هاوکاری بەریتانیا پلانی گونجاو دابڕێژێت بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.
لە کۆتاییدا بڕیاردرا گفتوگۆکان بەردەوامییان پێبدرێت بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 30/8/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز هۆن ئۆلیڤەر وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا بەڕێز ئۆلیڤەر خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سەرسامیی خۆی بەرامبەر ڕەوشی ئارامی هەرێمی كوردستان و نەبەردی و قارەمانیی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش پیشان دا و دەستخۆشی لە هێزەكانی ناوخۆی هەرێم كرد كە توانیویانە بە باشترین شێوە ئاسایشی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە بپارێزن.
پشتگیریی خۆی و حكوومەتی وڵاتەكەیشی بۆ خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا دووپات كردەوە، بە تایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش كە لە جیاتی هەموو جیهانی ئازاد دژی تیرۆر لە شەڕدان، ههروهها دووپاتى كردهوه كه لەو پاڵپشتییە بەردەوام دەبن. ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەوان شانازی بە پەیوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەن و هەوڵە بەردەوامەكانی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە حەواندنەوە و پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر، بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و دەستخۆشی لە حكوومەتی بەریتانی كرد كە لە سەرهتای هەڕەشە و هێرشەكانی تیرۆرستان بەهانای هەرێمی كوردستانەوە هاتوون و هاوكارییەكی باشی هەرێمیان كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستان، پێویستییان بە هاوكاریی بەردەوام هەیە، بەتایبەتی لە بوارەكانی دابینكردنی چەك و تەقەمەنی و مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزی پێشمەرگە.
جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان بۆ زیاتر خزمەتكردن و بەهاناوەهاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، پێویستی بە هاوكاریی بەردەوام هەیە، جا چ بە ڕاستەوخۆ یان بە ڕێگەی ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بێت.
گفتوگۆكردنی ڕەوشی سیاسیی عیراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە لایەك و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە لە لایەكی دیكە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 28/7/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز فرانك بەیكەر باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا بەڕێز بەیكەر خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیای لە هەموو بوارەكاندا دووپات كردەوە، بە تایبەتی لە بوارەكانی بازرگانی و ئابووریدا. هەروەها ئاماژەی بە ڕەوشی عێراق بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش لە دەڤەرە جیاجیاكان كرد و پشتگیری و هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەو شەڕەدا پیشان دا و ڕۆڵی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دوورخستنەوەی مەترسییەكانی لە ناوچەكە، بەرز نرخاند.
بەڕێزیان هەروەها باسی لە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و كێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كرد و جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە ئەو كێشانە بە ڕێگەی دیالۆگ و لێكگەیشتن و سازان چارەسەر بكرێن و پشتگیری و هاوكاریی خۆیشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەربڕی.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی بەڕێز باڵیۆزی بەریتانیای لە عێراق و شاندی یاوەری كرد و هیوای خواست پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا زیاتر گەشەی پێ بدرێت. هەروەها باسی لە سەركەوتنە بەردەوامەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش كرد و هیوای بەردەوامیی هاوكاریی سەربازی لەلایەن وڵاتانی ئەورووپا بە تایبەتی بەریتانیاوە بۆ هێزی پێشمەرگە خواست.
لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداشەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە حكووومەتی هەرێمی كوردستان دەخوازێت كێشەكان بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكرێن. هەروەها ئەوەشی دووپات كردەوە كە پێویستە پرسی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە ڕێگەی سازان و لێكگەیشتن چارەسەر بكرێت و هەموو لایەنەكان لەسەر ئەم پرسە بگەنە ئەنجامێك كە لە بەرژوەندیی گشتیی هەرێمی كوردستاندا بێت.
مەنسوور جیهانی ـنۆیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن و پێنجەمین خولی پێشبڕکێی "یەڵماز گۆننەی بۆ کورتە فیلم" لە شاری لەندەن لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن و پێنجەمین خولی پێشبڕکێی "یەڵماز گۆنەی بۆ کورتە فیلم" بە بەشداری فیلمە کوردییەکان کە بەرھەمی سینەماکارانی کورد و بیانین، لە سێ بەشی فیلمی بڵندی سینەمایی، فیلمی دیکۆمێنتی (بەڵگەنامەیی)، ئەنیمەیشن و کورتە فیلم، بە ناوەرۆکی چیرۆکی و دیکۆمێنتی لە رۆژانی ١٣ تا ٢٢ی تەشرینی دووەم/ نۆڤەمبەر ٢٠١٥ لە سینەمای "پیکچەرھاوس"Picture House لە ناوچەی ھەکنێیHackney لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت و رۆژی ١/٦/٢٠١٥ دوایین مۆڵەتە بۆ ناردنی بەرھەمە سینەماییەکان بۆ بەشداری لەم فیستیڤاڵە.
پێشبڕکێی "یەڵماز گۆننەی بۆ کورتە فیلم" لە لایەن فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەنەوە، بۆ بەبیرداھێنانەوەی یادی دەرھێنەری گەورەی کورد "یەڵماز گۆننەی" سازدراوە.
بانگەوازی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن و پێنجەمین خولی پێشبڕکێی "یەڵماز گۆننەی بۆ کورتە فیلم" لە لایەن بەرپرسانی ئەم فیستیڤاڵە بڵاوکراوەتەوە و ھونەرمەندان و ھۆگران بۆ بەشداریکردن لەم فیستیڤاڵە بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر بە زمانەکانی کوردی (سۆرانی و کرمانجی) و ئینگلیزی و پڕکردنەوەی فۆرمی ناردنی فیلمەکانیان، دەتوانن پەیوەندیی بە نوێنەرەکانی فیستیڤاڵ لە وڵاتانی جۆراوجۆر بکەن و ھەروەھا بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ماڵپەڕی تایبەتی فیستیڤاڵەکە بە ناونیشانیwww.lkff.co.uk بکەن.
بەرپرسانی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن و پێنجەمین خولی پێشبڕکێی یەڵماز گۆننەی بۆ کورتە فیلم" داوا لە ھەموو دەرھێنەرە کوردەکان و ھەروەھا بە گشتیی دەرھێنەرەکانی سەرتاسەری دنیا دەکەن کە ئەو فیلمانەیان وا پەیوەندی بە کوردەوە ھەیە و ناوەرۆکەکەیان سەبارەت بە کورد و کوردستانە، لە سێ بەشی فیلمی بڵندی سینەمایی، فیلمی دیکۆمێنتی و ئەنیمەیشن و کورتە فیلم، لە جۆری درامی و دیکۆمێنتی و بە ژێرنووسی ئینگلیزی بۆ ھەڵبژاردنی ئیحتمالی لە بەرنامەی فیستیڤاڵدا و ھەروەھا بەشی پێشبڕکێی
کورتە فیلم تا رۆژی ١ حوزەیران / جوون (یۆنیۆ) ٢٠١٥ بە زووترین کات بۆ نووسینگەی فیستیڤاڵ لە شاری لەندەن یا بۆ نوێنەرەکانی فیستیڤاڵ لە وڵاتانی جۆراجۆر رەوانە بکەن.
سینەماکارانی کوردستانیئێرانیش بۆ ناردنی بەرھەمەکانیان دەتوانن پەیوەندیی بکەن بە کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلم" لە شاری سنە بە بەرپرسیارییەتی "سەتار چەمەنی گوڵ" بە ناونیشانی: تەلەفۆن: 00989188709237 ئیمەیل: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. و ھەروەھا خاتوو "ڤیدا ساڵحی" بە ناونیشانی تەلەفۆن: 00989188774755
ڤیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن لە سەرەتاوە یەکەم ڤیستیڤاڵە لەم شیوەیە، بەرەبەرە بووە بە گەورەترین پێشانگای فیلمی کوردیی لە دەرەوەی کوردستان. لەکاتێکدا کە بوونی کەلتوور و ھونەریی کورد و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەژێردەستی ناحەزدایە ڤیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن لە ھەولداندایە بۆ ناساندنی فیلم، ھونەر، مۆسیقا و خواردنی کوردیی.
ئەمساڵ ڤیستیڤاڵەکە دەوڵەمەندترە بە ھاتنی کۆمەڵیک لە دەرھێنەرانی فیلم کە بەشدارن لە ڤۆرک شۆپ، سیمینار و کۆر، بۆ دەرھینانی ڤیستیڤالەکە لە ناو سینەما بۆ ناو کۆمەڵگا، وەک پیشاندانی چۆنییەتی دروست کردنی فیلم، گفتووگۆ و نزیک کردنەوەی کەسایەتییەکانی ناو فیلم بو ناو کۆمەلگا.
بە بونەی ئەم رووداوانەی کە بەسەر کوردستان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھاتووە ئەمساڵ ڤیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن تەرکیزی تایبەتی دەخاتە سەر ئەم بەرگرییە بێی وێنەی کوردیی رۆژئاوا و باشوور بەرامبەر بە داعش و ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی کە بە سەریاندا ھاتووە.
ریوڕەسمی کردنەوەی ڤیستیڤالەکە بە مۆسقا و ھەڵپەرکێی و خواردنی کوردیی دەست پێی دەکات و بۆ حەوت رۆژ لە "ھەکنێی پیکچەرھاوس"Hackney Picture Houseبەردەوام دەبیت. و بە پیشاندانی فیلم و دابەشکردنی خەڵات بە سەر بەشداران کۆتایی دیت. لە پاشانیش لە شوێنێکی دیکە بۆ ماوەی ٢ رۆژ بەردەوام دەبێت.
بۆ پشگیریی و ھاوکاریی یان بە خۆبەخش بەشداربن لە ڤیستیڤاڵەکە بەم ناونیشانە پەیوەندیی بکەن بە: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. ژمارەی میدیا: ٠٧٥٠٦٧٠٢٦٩٧
فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن یەکێکە لە گەورەترین فیستیڤاڵەکانی فیلمی کوردی لە سەرتاسەری دنیا و ھەر دوو ساڵ جارێک بە نمایش کردنی بەرھەمی فیلمی بڵند، کورتە فیلم و فیلمی دیکۆمێنتی لە جۆری دیکۆمێنتی و درامی بە ناوەرۆکی کوردستان و کوردەکان
بەرھەمی سینەماکارانی کورد و بیانی لە شاری لەندەن لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد