نیوەڕی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17 - 3 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز فیلیپ هامۆند وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە بەرێزان باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی بەریتانی پێكهاتبوو.
لە دیدارێكدا كە بەڕێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، وەزیرانی ناوخۆ و پلاندانان و گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، بەڕێز هامۆند خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و باسی بارودۆخی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە ڕووی قەیرانی داراییەوە كرد. هەروەها دەستخۆشی لە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەو ڕێكار و پرۆگرامە چاكسازییەی كە بەمەبەستی تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی گرتووەیەتە بەر و لەم بوارەشدا هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ ئەم هەوڵانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پیشان دا.
ئاماژەی بەوەش دا كە وەستاندن و تێكشكاندنی هێرش و مەترسییەكانی تیرۆر لەلایەن پێشمەرگەوە و حەواندنەوەوە و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆری پەنابەر و ئاوارەی دەستی تیرۆر لەلایەن خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، جێگە و پێگەیەكی تایبەتی بە هەرێمی كوردستان بەخشیوە لە سەرتاسەری ئەورووپا و جیهان و هیوای خواست كە هێزی پێشمەرگە ڕۆڵێكی بەرچاوی لە پلانی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵدا هەبێت.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییەكانی وڵاتی بەریتانیای بۆ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە كرد و دووپاتی كردەوە كە بەهۆی قەیرانی دارایی و هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆرەوە، هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكاریی زیاتری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ڕێكارەكان و پلانی چاكسازیی حكوومەتی هەرێم بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی كرد و دووپاتی كردەوە كە حكوومەت لەسەر چاكسازیی جددییە و دەربارەی شەفافیەت لە داهاتەكاندا دەستی بە كار كردووە و لەمبارەیەشەوە ڕاوێژ بە لایەنە پسپۆڕە نێودەوڵەتیەكان دەكات و بەریتانیاش دەتوانێت بۆ ئەم مەبەستە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات.
تاوتوێكردنی پلانی ئازادكردنی مووسڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش و بارودۆخی ناوچەكە بەگشتی و گۆڕینەوەی بیروبۆچوون لەسەر چەند بابەتێكی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.