ڕۆژی چوارشەممە 24ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە جۆزێف پێنینگتۆن كۆنسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك بەرپرسی باڵای سەربازیی سوپای ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و شەڕی دژی تیرۆریستان و ئازادكردنی شاری موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ. هەروەها ڕۆشناییش خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و بارودۆخی نالەباری ئاوارەكانی پارێزگای ئەنبار.

هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە لە ئەمەریكا ڕوانگەیەكی تەواو یەكگرتوو هەیە لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و هەروەها ئەوەیشیان دووپات كردەوە كە هاوكارییەكانی سوپای ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام دەبێت و هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی فراوانتر دەبێت.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سووریا و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە سووریا تاوتوێ كرا.

ڕۆژی شەممە 20ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خالد عوبەیدی وەزیری بەرگریی عێراق و بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی عێراق، سەرۆك بارزانیی لە دوایین پێشهاتە ئەمنییەكان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە پارێزگاكانی عێراق ئاگادار كردەوە. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی شاری موسڵ و ئاییندەی موسڵ خرایە بەر باس و جەختیش لە بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی تیرۆریستان و ئازادكردنی ناوچەكان كرایەوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارەدا هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەرێمی كوردستان لە بواری سەربازی و ئاساییش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تاوتوێ كرا.

لە درێژەی سەردانی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بۆ وڵاتانی كەنداو ڕۆژی دووشەممە 15ـی 6ـی 2015 لە شاری ئەبوزەبی شێخ موحەمەد بن زاید جێنشینی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد.

لە دیدارێكی گەرم و دۆستانەدا باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارات و چۆنییەتی بەرەوپێشبردن و فراوانتركردنی كرا و هەروەها دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان خرایە بەر باس و گفتوگۆ. تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە تاوتوێكردنی بارودۆخی مرۆیی و ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران بوو كە لەبەر هەڕەشەی تیرۆریستان ماڵ حاڵی خۆیان جێ هێشتووە.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم دیدارەدا مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و عەلی سندی وەزیری پلاندانان و سەلاحەدین بابەكر وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێم یاوەری سەرۆك بارزانی بوون.

ڕۆژی سێشەممە 16ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەحمەد حەسەن دەروێش باڵیۆزی مەسر لە عێراق و عومەر فەهمی كونسوڵی مەسر لە شاری هەولێر كرد.


لە دیدارەكەدا باڵیۆزی مەسر لە عێراق ستاییشی ڕۆڵی خەباتگێڕانەی سەرۆك بارزانیی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمكاری و كاركردن بۆ بنیاتنانەوەی كوردستان و هەروەها شەڕی دژی تیرۆریستان و هیوای ئاییندەیەكی گەشی بۆ گەلی كوردستان خواست. لە درێژەی قسەكانیشیدا ویستی وڵاتەكەی خستەڕوو بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە بواری وەبەرهێنان و هەروەها كاری هاوبەش لە كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری و كارەبا. باڵیۆزی مەسر سوپاسی گەلی كوردستانیشی كرد كە بووەتە پەناگەی سەدانهەزار ئاوارە و پەنابەر و لێقەوماو.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە دێرین و مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی مەسر ئامادەیی تەواوی هەرێمی كوردستانیشی ڕاگەیاند بۆ قووڵتركردنی پەیوەندییەكان لە بوارە جیاجیاكاندا.

 

 

 

 

دوای نیوه‌رۆی ئه‌مڕۆ سشه‌ممه 13ـی 6ـی2015، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، گه‌یشتنه‌ وڵاتی كوه‌یت و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی كوه‌یت، له‌لایه‌ن به‌ڕێز شێخ سه‌باح خالد ئه‌حمه‌د ئه‌لسه‌باح جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌وه‌ پشوازییان لێ كرا. 

شایه‌نی باسه‌ ڕۆژی شەممە 13ـی 6ـی 2015 سه‌رۆك بارزانی، به‌ یاوه‌ریی به‌ڕێزان مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییش و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و عەلی سندی وەزیری پلاندانان و سەلاحەدین بابەكر وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێم و ژمارەیەك ڕاوێژكار لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی هەولێر لەسەر بانگهێشتێكی فەرمی بەرەو وڵاتانی كوەیت و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بەڕێ كەوت و بڕیارە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە كۆ ببێتەوە. 

ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی6ـی2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری كرد.

لە دیدارێكدا شاندەكە سوپاس و پێزانینی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهانی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بۆ هەوڵەکانی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران، لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاجیاکان و پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ دەستەبەر کردوون، بەتایبەتییش ڕەخساندنی دەرفەت بۆ منداڵانی ئاوارە کە لە کوردستان درێژە بە خوێندن بدەن. هەروەها سوپاسی كرانەوە و دڵفراوانیی خەڵكی كوردستانیشی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە جێگەی شانازییە كوردستان بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ مەسیحییەكان و پەیڕەوانی ئایین و ئایینزاكانی دیكەی عێراق و ئەو پێکەوەژیانە ئارامەی نێوان پێکهاتە جیاجیاکانی کوردستانیان وەک نموونەیەکی گەش و مایەی شانازی لەقەڵەم دا. ئەندامانی شاندی سەرۆكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان ئەوەیشیان دووپات كردەوە كە پێویستە وڵاتانی جیهان هاوكار و پاڵپشتیی هەرێمی كوردستان بن لە شەڕكردنی دژی تیرۆریستان و یارمەتیدانی ئاوارەكان و هیواشیان خواست ئەو ناوچانەی تائێستا لەژێر دەستی تیرۆریستاندا ماون ئازاد بکرێن و ئاوارەکان بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان.

لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا شاندی میوان ڕایانگەیاند کە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ لە هەولێر هەڵبژاردن بۆ جێگرەوەیەک بۆ قەداسەتی پاتریارك مار دنخای چوارەم سەرۆکی کۆچکردووی كەنیسەی ئاشووریی ڕۆژهەڵات، بەڕێوە دەچێت و کورسیی سەرۆکی كەنیسەی ئاشووریی ڕۆژهەڵات لە ئەمریکاوە دەگوازرێتەوە بۆ هەولێر و ئەوەشیان بە ڕووداوێکی گرینگ بۆ کوردستان و ئاشوورییەکانی جیهان لەقەڵەم دا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان پێكهاتەكان كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە كوردستان نیشتیمانی هەمووانە و پێویستە هەموو لایەك تێیدا بە ئازادی و سەربەرزی بژیین. سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە تیرۆریستان دژی پێکهاتەیەک یان ئایینێکی دیاریکراو نین، بەڵکوو دژی هەموو مرۆڤایەتین و دژی ژیان و ئازادین، بۆیە دەستیان گەیشتبێتە هەر ناوچەیەک، شوێنە پیرۆزەکانی سەرجەم ئایینەکانیان تەقاندۆتەوە، هەر لە مەزارگەی پەیامبەران و مزگەوت تا دەگاتە کەنیسە و پەرستگای ئایینەکانی تر، بەڵام دڵنیاین تیرۆریستان هیچ داهاتوویەکیان نییە و هەموو ئەو شوێنانە ئازاد دەکرێن کە تا ئێستا لەژێر دەستیاندا ماون.

لە کۆتایی دیدارەکەدا شاندی میوان سوپاسی خۆیان بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەو دیدارە.

ڕۆژی سێشەممە 9ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە برێت مەكگوورك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازی ئەمەریكا یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا باس لە ئەنجامەكانی سەردانی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بۆ ئەمەریكا كرا و جەخت لە بەردەوامیی و فراوانتركردنی پەیوەندی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان كرایەوە.

هەروەها بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستان لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەكانی دیكەی عێراق و ڕێگاكانی شكستپێهێنانی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرا.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و هەروەها چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە سووریا خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان جەختی لە بەردەوامیی یارمەتیدان و هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكای بە نموونەیی و سەركەوتوو وەسف كرد.

ڕۆژی چوارشەممە 10ـی 6ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئوسامە نوجەیفی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و دواپێشهاتە ئەمنییەكان و هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆ سەر عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا. هەروەها باس لە بارودۆخی پارێزگای ئەنبار و نەینەوا و سەلاحەدین كرا و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی داعش خرایە بەر باس.

لەم كۆبوونەوەیەدا جەخت لە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و ئاوارەكان كرایەوە و بە پێویستیش زانرا ڕێگە لە هەموو هەوڵێك بگیرێت كە دەبێتە هۆی گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە جۆراوجۆرەكانی عێراق.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی