ڕۆژی پێنجشەممە 11ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز د. فواد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و هەروەها هەڕەشەكانی تیرۆریستان لەسەر عێراق و كوردستان و ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراقی كرا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و دابینكردنی ئارامی و ئاساییش بۆ هاووڵاتیان و یارمەتیدانی ئاوارەكان.

هەر لەم دیدارەكەدا جەخت لە پێویستی نزیكبوونەوەی پێكهاتەكانی عێراق و خستنەگەڕی هەوڵەكان بۆ ئاشتەوایی نێوان پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی عێراقی كرایەوە. پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و تێیدا لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان هەردوولا بەردەوامی گفتوگۆ و دیالۆگیان لە نێوان هەولێر و بەغدا بە پێویست زانی.

ژیان و گوزەرانی ئاوارە و پەنابەران بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەی هەر دوو سەرۆك بوو و جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە هەوڵەكان بۆ پێشكەشكردنی زیاتری هاریكاریی نێودەوڵەتی و دابینكردنی كۆمەك و یارمەتی بۆ ئاوارەكان چڕ بكرێتەوە، بە تایبەتی كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق ڕوویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرە لە تواناكانی هەرێمی كوردستاندا نییە و پێویستە دەزگە پەیوەندیدارەكانی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی جدیتر بەدەنگ ئەو كێشەیە بێن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی 6ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری مەراسیمی یادی لەدایكبوونی ئەلیزابێتی دووەم شاژنی بریتانیای لەشاری هەولێر كرد كە لە لایەن كونسوڵخانەی بریتانیا لە شاری هەولێر ساز كرا بوو.

لەو مەراسیمەدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداری و سیاسیی هەرێم و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هەولێر ئامادەی بوون دوای خولەكێك وەستان بۆ گیانی شەهیدان و خوێندنەوەی سروودی بریتانیا و عێراق و كوردستان، ئەنگوس مكی كونسوڵی بریتانیا لە هەولێر لە وتارێكدا بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانی و میوانەكانی كرد و ڕۆشنایی خستەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخێكی زۆرە. لە درێژەی قسەكانیشیدا باسی لە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەردوولا لەبواری ئابووری و مرۆیی و هەروەها هەماهەنگیی نێوان سوپای بریتانیا و هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستان بەرز نرخاند. پاشان وتاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ پێشكەش كرا و تێیدا جەخت لە بایەخی دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی بریتانیا  و فراوانتربوونی ئەو پەیوەندییانە كرایەوە.

لە بەشێكی مەراسیمەكەدا سەرۆك بارزانی لە نزیكەوە هەواڵی ئەو ئەفسەرە بریتانیانەی پرسی كە لە مەراسیمەكەدا ئامادەبوون كە ئەركی مەشق و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگەیان لەسەر شانە و وێڕای دەستخۆشی و سوپاسكردنیان هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.

ڕۆژی شەممە 6ـی6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عومەر ئەحمەد ئەلكەندەری كونسوڵی كوەیت لە شاری هەولێر كرد.

لە دیدارێكدا كونسوڵی كوەیت لە شاری هەولێر سڵاوی شێخ سەباح ئەلئەحمەد ئةلجابر ئەلسەباح ئەمیری كوەیتی بە سەرۆك بارزانی گەیاند. هەروەها ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بۆ گەییشتن بە ئازادی نیشان دا و دەستخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد بۆ ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی لە دژایەتیكردنی تیرۆردا گێڕاویانە. هەروەها وێڕای جەختكردنەوەی لە دۆستایەتیی و پەیوەندییە مێژووییەكانی گەلی كوردستان و گەلی كوەیت كردنەوەی كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە شاری هەولێر بە قۆناغێكی تازەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە قەڵەم دا. ئەوەیشی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە ئەوەی لەدەستی بێت بۆ یارمەتیدانی گەلی كوردستان بیكات.

لە بەرانبەر دا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ كردنەوەی كونسوڵخانەی كوەیت نیشان دا و پێشوازیشی لە فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرد. هەروەها ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و گەلی كوەیت و ئەوەی خستەڕوو كە گەلی كوردستان لەو نەهامەتییە دەگات كە لەلایەن ڕژێمی بەعس بەسەر گەلی كوەیتدا سەپێندرا بوو. سەرۆك بارزانی باسی لە هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان كرد و ئەوەی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان نابێتە بەشێك لەو ململانێ تاییفیەی لە ناوچەكەدا لە ئارادایە.

لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەی بۆ وڵاتی چیك ڕۆژی سێشەممە 12ـی مایس ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی كۆماریی چیك لە لایەن بەڕێز میلۆس زێمان سەرۆكی كۆماری چیك پێشوازیی لێ كرا و پاش گەییشتنی سەرۆك بارزانی بۆ كۆشكی كۆماری، كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵیی نێوان هەردوو سەرۆك بەڕێوەچوو.

دوای ئەم كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری كۆبوونەوەیەكی دیكەیان لەگەڵ سەرۆك كۆماری چیك ئەنجام دا. لەم كۆبوونەوەیەدا ئاییندەی عێراق و كوردستان و هەروەها شەڕی تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و گفتوگۆ و سەرۆكی كۆماری چیك ئەوەی دووپات كردەوە كە وڵاتەكەی بە هەموو توانایەك پاڵپشتی هێزی پێشمەرگ و گەلی كوردستان دەبێت. هەروەها ستاییشی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانی كرد بۆ بۆ گەییشتن بە ئازادی و دیموكراسی. سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بۆ نانی نیوەڕۆ لە كۆشكی كۆماری و لەگەڵ سەرۆكی كۆماری چیك بوون.

هەر ڕۆژی سێشەممە 12ـی مایس ـی 2015 شاندی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتبوون لە مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم سەردانی وەزارەتی بەرگریی كۆماری چیكیان كرد و لەگەڵ جێگری وەزیری بەرگری و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی چیك كۆبوونەوە. لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی هەرێم سوپاسی پاڵپشتی و هاوكارییە سەربازییەكانی كۆماری چیكی كرد و هاوكاری و پەیوەندییەكانی هەردوولایش لە بواری سەربازی تاوتوێ كرا كە چۆن بتوانرێ ئەو هەماهەنگی و پەیوەندییانە فراوانتر بكرێن و بڕیاریش درا شاندێكی تایبەتی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئاییندەیەكی نزیك سەردانی كۆماری چیك بكات.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە 13ـی مایس ـی 2015 لە دوایین وێستگەی سەردانیان بۆ كۆماری چیك، سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لە لایەن بوهیسڵاڤ سۆبۆتكا سەرۆك وەزیرانی كۆماری چیك پێشوازییان لێ كرا.

لە دیدارێكدا پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی چیك تاوتوێ كرا و  جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە ئەم پەیوەندییانە فراوانتر بكرێن. سەرۆك وەزیرانی كۆماری چیك ئەوەیشی دووپات كردەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بەردەوام بێ  لە پشتگیرییكردنی پێشمەرگە و هەروەها هەموو هاوكارییەكیش دەكەن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان سەر بكەوێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بە وردی باس لە بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق و هەروەها ئاییندەی كوردستان كرا و هەر دوو لایش لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پەیوەندییەكانیان لە هەموو قۆناغ و دۆخێكدا پتەوتر بكرێن.

جێگەی ئاماژەپێكردنە شاندە یاوەرەكەی سەرۆك بارزانی پێكهاتبوون لە مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و دەرباز كۆسرەت ڕەسول وەزیری ئاوەدانكردنەوە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم .

ڕۆژی شەممە 23ـی 5ـی 2015 لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی لە دەریای مردووی شانشینی ئۆردۆن بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پڕۆفیسۆر كڵاوس شووەب سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی كۆبۆوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ بەشداربوونی لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی لە دەریای مردووی شانشینی ئۆردۆن و هەروەها بە ستاییشەوە باسی ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا و ئاماژەیشی بە گرنگیی بەردەوامبوونی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانی دا لە گێڕانی ڕۆڵیان بۆ چارەسەركردنی قەیران و كێشەكانی ناوچەكە.

لە بەشێكی ئەو دانیشتنەدا باس لە بارودۆخی ئاوارەكان و هەروەها كێشە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان كرا و سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی بەڵێنی ئەوەی دا كە لەڕێگەی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی و ئەو پەیوەندییانەی هەیەتی یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی 5ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو جانا هیباسكۆڤا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق كرد.

لەم دیدارەدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا سەرۆك بارزانیی لە هەنگاوە پڕاكتیكییەكانی كردنەوەی نووسینگەی تایبەتی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر ئاگادار كردەوە و باسیشی لەو هاوكاری و هەماهەنگیانە كرد كە لەنێوان یەكێتی ئەوروپا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئارادایە لە بواری سیاسی و مرۆیی و گەیاندنی یارمەتی بۆ ئاوارە و پەنابەران.

هەر لەم دیدارەدا هەردوولا نیگەرانیی خۆیان نیشاندا لە بارودۆخی نالەباری ئاوارەكانی ئەنبار بە تایبەتی دوای كەوتنی شاری ڕومادی و هاتنی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق، جەختیان لە پێویستی بەدەنگەوەهاتنی جدیتری حكوومەتی عێراقی و وڵاتانی ناوچەكە و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كردەوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەبارەی بودجە و نەوت كرا.

ڕۆژی هەینی 22ـی 5ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی بەشداری كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی لە دەریای مردووی وڵاتی ئۆردۆن بوو.

لە پەراوێزی ئەم كۆڕبەندە جیهانییەدا سەرۆك بارزانی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی كۆماری میسر و شاندی یاوەری كۆبۆوە. لەم كۆبوونەوەیەدا باسی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و هەروەها هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی جیهانی و ناوچەكە كرا. لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ڕووداوەكانی پارێزگای ئەنبار و هەروەها بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی لەبەرانبەر تیرۆریستان خستەڕوو. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی میسر دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە خواست لە دژی تیرۆریستان.

لەم دیدارەدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان گەلی میسر و گەلی كوردستان كرایەوە.

هەر لە پەراوێزی ئەم كۆڕبەندە ڕۆژی هەینی سەرۆك بارزانی لەگەڵ مەحموود عەباس سەرۆكی فەلەستین و شاندی یاوەری كۆبۆوە. لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك عەباس ڕۆشنایی خستە سەر هەوڵ و سەركەوتنە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەكانی فەلەستین لە ئاستی جیهانیدا بۆ بەرەو پێشەوەبردنی دۆزی گەلی فەلەستین و باسیشی لە بارودۆخی سیاسیی نێوخۆیی فەلەستین كرد. لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی باسی لە دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و هەروەها سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد. لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا جەختیان لە بەردەوامبوون و قووڵكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەلەستین كردەوە.

هەر هەمان ڕۆژ و لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە ئۆردۆن سەرۆك بارزانی و سەلیم جبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی كۆبوونەوە. لەم دیدارەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لە ئەجێندای ئەو سەردانەی كرد كە بەنیازە لە داهاتوویەكی نزیكدا بۆ ئەمەریكا ئەنجامی بدات. لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق بە گشتی و بارودۆخی ئەنبار و هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرا.

لە درێژەی دیدار و كۆبوونەوەكانی لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی سەرۆك بارزانی و بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی كۆبوونەوە. لەم كۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی باسی لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی هەرێم و ناوەند كرد و جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا تووشی گرفت نەبن و ئەو پەیوەندییانە بەرەو پێشەوە بچن و ئەوەیشی خستەڕوو كە لە بەغدا زۆر كەس و لایەن لە هەوڵی ئەوەدان ئە پەیوەندییە پارێزراو بێت و زیانی بەرنەكەوێت. لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.

جێگەی ئاماژەپێكردنە ڕۆژی هەینی 22ـی 5ـی 2015 لە یەكەم ڕۆژی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی و لە پەراوێزی ئەم كۆڕبەندە، كۆبوونەوەیەكی  لەنێوان سەرۆك بارزانی و جەلالەتی شا عەبدوڵڵای پاشای شانشینی ئۆردۆن بەڕێوەچوو.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 5ـی 5ـی 2015 لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ ئەمەریكا بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لە كۆشكی سپی لە لایەن باراك ئۆباما سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پێشوازیی لێ كرا.

لە كۆبوونەوەیەكدا سه‌رۆکی هه‌رێم سوپاسی سه‌رۆک ئۆباما و جێگری سه‌رۆک و ئیداری ئه‌مریکا و گه‌لی ئه‌مریکای کرد بۆ وه‌ده‌نگاهاتنیان و پشتگیریکردنیان له گه‌لی کوردستان له شه‌ڕی داعش و هه‌روه‌ها بۆ ئەو پشتگیری سه‌ربازییەی پێشكەشی هێزه‌کانی پێشمه‌رگەی كوردستانیان كردووە. سه‌رۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە کورستان پێویستی به پشتگیری زیاتر هه‌یه بۆ رووبه‌رووبونه‌وه‌ی ته‌حه‌دیاتی سه‌ربازی و ئابوری و مرۆیی که کوردستان ڕووبەڕووی بووەتەوە. هەروەها باسی هاتنی یه‌ك ملیون و شه‌شسه‌د ئاواره‌ی عه‌ره‌ب، و ئێزیدی و مه‌سیحی و په‌نابه‌ری سوری کرد که ڕوویان له کوردستان کردووه. سه‌رۆک ئۆباما سوپاسی سه‌رۆک بارزانی و گه‌لی کوردستانی کرد بۆ پاراستنی پێکهاته نه‌ته‌وەیی و ئایینیه‌کان که له ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕە ڕایان کردووه، و ئه‌وه‌یشی به یه‌کێک له هۆكارەكان زانی که کۆمه‌ڵگەی نێوده‌له‌تی پشتگیری گه‌لی کوردستان دە‌کات.

سه‌رۆک ئۆباما پێزانینی خۆیشی راگه‌یاند بۆ دلێری قوربانیدانی پێشمه‌رگه و پرسه‌ و هاوخه‌می خۆیشی راگه‌یاند بۆ ئه‌وانه‌ی له شه‌ڕی دژی داعش گیانی خۆیان فیدا كردووە. سه‌رۆک و جێگری سه‌رۆک پابه‌ندبوونی خۆیان دووپات کردەوە بۆ شه‌ڕکردن لە دژی داعش و بۆ یارمه‌تیدانی هێزی پێشمه‌رگه. هەر لەم دیدارە سەرۆك ئۆباما باسی ئەوەی كرد كە مێژووی گەلی كوردی خوێندووەتەوە و ئاگاداری تەحەدیاتی بەردەم گەلی كوردستانە. ‌

ڕێککه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو و له‌م بار‌ه‌یەوه سه‌رۆک بارزانی جەختی لە پابەندبوونی هەرێم بەو ڕێككەوتنە كردەوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە چاوەڕێی پابەندبوونی بەغدایش دەكات.

له‌م کۆبونه‌وه‌دا، هه‌روه‌ها باسی هه‌وڵی هاوبه‌شی لایەنەكان به به‌شداری له گه‌ل هێزه سونیه‌كان، بۆ ئازادکردنی موسل کرا. له‌م باره‌وه، سه‌رۆک بارزانی گوتی که هەو‌لێر و به‌غدا و ئەمەریكا و هاوپەیمانان له نزیکه‌وه خه‌ریکی هه‌ماهه‌نگین له گه‌ڵ یه‌کتر له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته. هه‌روه‌ها هه‌ردوولا باسی بارودۆخ و په‌ره‌سه‌ندنه‌کانی ناوچەكەیان بە گشتی كرد و گفتوگۆیش لەبارەی ئاییندەی ناوچەكە لەدوای شەڕی داعش كرا. له‌م کۆبوونه‌وه‌دا هه‌ردوولا پابه‌ندبوونی خۆیان دووپات کروه‌وه بۆ له‌ناوبردنی ڕێکخراوی تیروریستیی داعش.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و وەزیری سامانە سرووشتییەكان و وەزیری ئاوەدانكردنەوە و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم و نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەمەریكا ئامادە بوون.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی