مەنسوور جیھانی  ـ  فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی "بەھمەن قوبادی" بەشداریی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤیلنیوس" لە لیتوانیا دەکات.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "بەھمەن قوبادی" کە لە لایەن "ئانجێلینا جوولی" Angelina Jolie ئەستێرەی بەناوبانگی سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان پشتیوانی لێدەکرێت، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی ٢ و ٧ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە بەشی "نمایشی تایبەت" لە بیست و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤیلنیوس" Vilnius لە وڵاتی لیتوانیا نمایشکرا.

ئەم فیستیڤاڵە کە بە "بەھاری فیلم" Kino Pavasaris ناسراوەو یەکێکە لە ڕووداوە گرینگە فەرھەنگییەکانی لیتوانی و بەنرخترین فیستڤاڵی سینەمایی ئەم وڵاتە دێتە ئەژمار، بیست و یەکەمین خولی بە بەشداریی زیاتر لە ٢٠٠ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراجۆری جیھان لە ڕۆژانی ٣١ی مارس  تا ١٤ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە شاری ڤیلنیوس پێتەختی وڵاتی لیتوانیا بەڕێوەچوو.

مافی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی "ژیان لەسەر سنوور" لە ئەستۆی کۆمپانیای "ئیلۆمینا فیلمس"ی Illumina Films ھۆڵەندییە و لە بەھاری ئەمساڵەوە ئەم فیلمە لە سینەماکان و فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر ئاستی جیھان بڵاودەکاتەوە.

ئەم فیلمە کوردییە کە کۆدەنگی ژیان و باروودۆخی منداڵانی کۆبانێ و شنگال لە چاوی خۆیانەوە وێنەگیراوە، لە یەکەمین نمایشی جیھانی خۆیدا بە ئامادەبوونی سینەماکاری ناوداریی کورد بەھمەن قوبادی لە بەشی "نمایشی کورتە فیلمەکان" لە میانەی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" Busan لە وڵاتی کۆریای باشوور نمایشکرا و لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا لە بەشی "نمایشی تایبەتی مافووری سوور" لە شەست و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕڵین" لە ئەڵمانیا چووە سەر پەردەی سینەماکان.

کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە لایەن بەرپرسانی فیستیڤاڵی گرینگی فیلمی "بەڕڵیناڵە"وە ڕێکخرا و بەم بۆنەیەوە ئەم ھەشت دەرھێنەرە منداڵە بۆ شاری بەڕڵین بانگھێشتکران تا لە کاتی نمایشی فیلمەکەدا ئامادەبن، بەڵام بە ھۆی نەبوونی پاسپۆڕتەوە بەداخەوە نەیانتوانی کە بەشداریی لەم فیستیڤاڵەدا بکەن.

ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە میانەی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردیی "کۆپێنھاگ" نمایشکرا، ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی کۆمەڵێک فیلمی سینەمایی و دیکۆمێنتاریی لە دەرھێنانی سینەماکارانی کورد لە ڕۆژانی ١٧ تا ٢١ فێبرییەی ٢٠١٦ لە شاری کۆپێنھاگ لە وڵاتی دانیماڕک بەڕێوەچوو.

 

بۆ زانیاریی زیاتر:

http://kinopavasaris.lt/en/programa/5422-life-on-the-border

 

 

 

 

 

 

فیلمی دیکۆمێنتاریی چیرۆکیی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی "بەھمەن قوبادی" بینەرانی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" لە وڵاتی کۆریای باشووری کردە گریان.

 

فیلمی دیکۆمێنتاریی چیرۆکیی "ژیان لە سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ڕێنوێنی "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم"، لە یەکەمین نمایشی جیھانی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازا کاتژمێر ٨ی شەوی دوێنێ ھەینی ٣ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە و چەندین دەرھێنەری کۆریای باشوور لە بەشی "نمایشی کورتە فیلمەکان" لە میانەی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" Busanلە وڵاتی کۆریای باشوور پێشکەشکرا و تەواوی کورسییەکانی ناو ھۆڵەکانی نمایشی ئەم فیلمە پڕ بوو لە بینەر و تەواوی بینەرانیش بە چاوێکی پڕ لە گریانەوە ئەم فیلمە کوردییەیان بینی و کاریگەریی زۆریی لەسەریاندا.

 

پێشوازیی بینەران لە "ژیان لە سنوور" بە شێوەیەک بوو کە بەرپرسانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" ناچاربوون کە سانسی نمایشی زیاتر بۆ ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە چیرۆکییه تەرخان بکەن و بڕیاروایە بێجگە لە نمایشەکانی ئەم فیلمە، واتە: کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ٥ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەر و ھەرەەھا کاتژمێر ١ی نیوەڕۆی ڕۆژی ٨ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە چەندین سانسی دیکەشدا ئەم فیلمە کوردییە بۆ بینەران نمایش بکرێت.

 

"بەھمەن قوبادی" وەکوو بەرھەمھێنەری فیلمی "ژیان لە سنوور" لەم خولەی فیستیڤاڵی فیلمی "پووسان"دا ئامادەبوو و ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال کە دەرھێنانی ئەم فیلمەیان لە ئەستۆدا بوو بە ھۆی نەبوونی پاسپۆڕتەوە نەیانتوانی کە لە فیستیڤاڵەکەدا به‌شداریی بکه‌ن.

 

قوبادی دوای نمایشی ئەم فیلمە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان"دا گوتی: ئەگەر ئەممنداڵانە ئیمکانی باشتریان لە بەردەستدا بێت بێگومان لەوە باشتر فیلم سازدەکەن.

 

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوو" لە دوایین نمایشی خۆیدا ڕۆژی یەکشەمە ٢٦ی تەمموز / یۆڵیۆی ٢٠١٥ لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتی و لە ھەفتەی مافی مرۆڤدا لە ھۆڵی سەرەکیی کۆشکی سپی لە شاری واشنگتۆن بۆ "باڕاک ئۆباما" سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، دیپڵۆماتکاران، سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا. 

 

 

 

بۆ زانیاریی زیاتر:

 

http://www.biff.kr/eng/html/program/prog_view.asp?idx=18401&c_idx=278&sp_idx=407&QueryStep=2

 

 

 

 

مەنسوور جیھانی  ـ "ئانجێلینا جوولی" ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیھان فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال بە دنیا دەناسێنێت.

"ئانجێلینا جوولی" Angelina Jolie ئەستێرەی ناوداری سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم و ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان دەناسێنێت و پشتیوانی لێدەکات کە لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە.

"ئانجێلینا جوولی" کە بە بۆنەی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆ، ڕۆژی جیھانی پەنابەران و بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ پەنابەرانی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و ھەروەھا پەنابەرانی دیکەی وڵاتانی عێراق و سووریا سەردانی تورکیای کردبوو، لە سنووری ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان لەگەڵ چەند دەرھێنەری فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" دیداری کرد و بڕیاریدا کە فیلمی "ژیان لە سنوور" لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم و ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان بناسێنێت.

ئەم کۆمەڵە فیلمە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە و بە ڕێنوێنی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی " و لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" بەرھەمھاتووە و ھەر بەم بۆنەیەوە قوبادی لە باکووری کوردستان چاوی بە "ئانجێلینا جوولی" کەوت و سەبارەت بەم کۆمەڵە فیلمە و چەندین فیلمی کوردیی دیکە لەگەڵ خانمە ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیھان ئاخاوتنی کرد.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتی خۆیدا شەوی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریی تایبەتدا لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن ناسێندرا و پاشان بۆ بینەرانی ئەم کەناڵە لە سەرتاسەری جیھان نمایشکرا و لە لایەن بینەرێکی زۆر لە سەرتاسەری دنیا پێشوازیی لێکرا.

 

لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا بەشێک لە ژیانی منداڵانی کۆبانێ و شنگال لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێوان شەڕ و ئاوارەییدا نیشانی بینەر دەدرێت کە ئەمجارە و لەم فیلمەدا لە روانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.

 

 

 

 

مەنسوور جیھانی  ـ فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتیی لە کۆشکی سپی لە ئەمەریکا نمایشکرا.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ڕێنوێنی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم"، لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتیی و لە ھەفتەی مافی مرۆڤ، لە ھۆڵی سەرەکیی کۆشکی سپی لە شاری واشنگتۆن بۆ "باڕاک ئۆباما" سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، دیپڵۆماتکاران، سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

بەھمەن قوبادی" سەبارەت بە ئامانجی لە رێکخستنی پڕۆژەی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" گوتی: لەڕاستیدا ئامانجی سەرەتایی و سەرەکیی لە رێکخستنی ئەم پڕۆژەیە فێرکردنی منداڵان و مێرمنداڵانێک بوو کە لەم ناوچانەدا لە ژێر گوشاری ڕاستەوخۆی شەڕ لەگەڵ داعشدا بوونە و ئەوەی کە بەسەریاندا ھاتووە لە رێگای کامێڕای دەزگا راگەیاندنە جۆراوجۆرەکانی دنیاوە وێنەگیراوە، بەڵام ھیچ کاتێک لە ڕوانینی خۆیانەوە سەیری ئەم ڕووداوانە نەکراوە و زۆربەی توێیە شاراوەکانی ئەم کارەساتە لە تەپوومژێکی لێڵدا شاردراوەتەوە و مەبەست لەم فیلمە، نیشاندانی ئەم نەبیندراوانەیە لە گۆشە نیگای ئەم منداڵانەوە.

ئەم سینەماکارە بەئەزموونە کوردە ئەوەیشی خستەڕوو: ھەر چەندە ئەم فێرکاریانە ئاساییە و لە ئاستی وەرگرتن و باروودۆخی ئەم منداڵانەدا بوو بەڵام مەبەست لەوانە، زیاتر لەو لایەنەوە بوو تاکوو ئەم منداڵانە بتوانن ئەم کارەساتە لە ڕوانینی خۆیانەوە بگێڕنەوە و لە لایەکی دیکەشەوە، ئەمجارە بتوانن خۆیان گێڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بن و بۆ ئەم مەبەستەش بە ھەر تیمێک لەم منداڵانە دوو کامێڕا و پێداویستیی ئاسایی سینەمایان پێدرا تاکوو چەخماخەیەک بێت بۆ کارەکانی داھاتوویان و بتوانن لە دەلاقەی کامێڕاکانیانەوە بانگھێشتی دنیا بکەن تاکوو ئەزموون و ڕووداوەکانی دەورووبەریان ببینن.

"ژیان لە سنوور" لە ٨ ئێپیزۆد کە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە پێکھاتووە، لەوانە:

ئێپیزۆدی یەکەم بە ناوی "عەشقی شنگاڵ" لە دەرھێنانی "ھازم خوردیدە" ١٣ ساڵە لە

شنگاڵ، ئێپیزۆدی دووەم بە ناوی "بە شوێن ڕاستیدا" لە دەرھێنانی "بەسمە سولەیمان"، ئێپیزۆدی سێیەم بە ناوی "نان و ماست" لە دەرھێنانی "سامی حوسێن سولەیمان" ١٤ ساڵە، ئێپیزۆدی چوارەم بە ناوی "فیلمی ئێمە باشترە" لە دەرھێنانی "رۆناھی عێزەالدین" ١٤ ساڵە لە کۆبانێ، ئێپیزۆدی پێنجەم بە ناوی "چاوەکانی باوکم" لە دەرھێنانی "دیار عومەر" ١٤ ساڵە، ئێپیزۆدی شەشەم بە ناوی "ئاسمان و دەوا" لە دەرھێنانی "دلۆڤان کێخا"، ئێپیزۆدی حەوتەم بە ناوی "لە ڕێگای نیشتماندا" لە دەرھێنانی "مەحموود ئەحمەد" ١٣ ساڵە لە کۆبانێ و ھەروەھا ئێپیزۆدی ھەشتەم بە ناوی "بە شوێن کوێستاندا" لە دەرھێنانی "زۆھوور سەعید" ١٢ ساڵە لە شنگاڵ.

ئەم ئێپیزۆدانە لە لایەن ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە و لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا بەشێک لە ژیانی ئەم منداڵانە لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێوان شەڕ و ئاوارەییدا نیشانی بینەر دەدرێت کە ئەمجارە و لەم فیلمەدا لە ڕوانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتی خۆیدا شەوی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریی تایبەتدا لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن نمایشکرا و لە داھاتووشدا بە یاوەریی "ئانجێلینا جوولی" Angelina Jolie  خانمە ئەستێرەی ناوداری سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان نمایش دەکرێت.

 

 

مەنسوور جیھانیـ فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ٨ منداڵی کۆبانێ و شەنگال لە تەلەڤیزیۆنی NHK ژاپۆن بڵاوکراوە و لە لایەن بینەرانێکی زۆر لەم وڵاتەو ھەروەھا لە سەرتاسەری دنیاوە پێشوازیی لێکرا.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" کە لە دەرھێنانی ٨ منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شەنگال لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای رزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە، لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن لە بەرنامەیەکی تایبەتدا ناسێندرا و پاشان بۆ بینەرانێکی زۆر لەم وڵاتەو ھەروەھا لە سەرتاسەری جیھان نمایشکرا و زۆر بە جوانی پێشوازیی لێکرا.

بینەرانی ژاپۆنی بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە شۆکدابوون و بۆیان دەرکەوت کە نەتەوەی کورد تا چ ڕادەیەک بەھێزن و منداڵەکانیان ئەم ھەمووە تراژیدیایەیان بەسەر ھاتووە بەڵام بەم شێوەیە بەھرەمەند و داھێنەرن و ئێستا بە چاوێکی دیکەوە سەیری کورد دەکەن.

ئەم منداڵانە بە ماوەی ٢ مانگ لە لایەن راوێژکاران و گرووپی دەرھێنەران، خولەکانی فرێکاریی سینەمایان تێپەڕکردووە و پاشان لە نێوان ئەواندا چەندین کەس دەستنیشانکراون و وەکوو دەرھێنەری بچکۆلە ئەم ٨ فیلمە دیکۆمێنتارییەیان سازکردووە. ئەم کۆمەڵە فیلمە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە و لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" و بەرێنوێنی "بەھمەن قوبادی" بەرھەمھاتووە.

کەناڵی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆنی لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریدا فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور"ی ناساند کە تیایدا بەشێک لە ژیانی منداڵانی کۆبانێ و شەنگال لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێو شەڕ و ئاوارەیی نیشانی بینەرانی خۆیدا کە ئەمجارە و لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا لە روانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.

"بەھمەن قوبادی" ھەر بەم بۆنەیەوە سەردانی ژاپۆنی کرد و لە خولی ڤۆرکشۆپی فیرکاریی لە زانکۆکانی ئەم وڵاتە و ھەروەھا لەگەڵ کەناڵی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK سەبارەت بەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا چەندین وتووێژی تایبەتی کرد.

 

 

ڕۆژی چوارشەممە 6-5-2015، لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەتڵەنتیك لە واشینگتۆن پانێڵێك بۆ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕێكخرا و سەرۆك بارزانی لە پانێڵەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا باسی لەوە كرد كە لە وتارێكدا كە هاتنی ئێمە بۆ واشنتن بۆ گەیاندنی سوپاسی گەلی كوردستانە بە بەرپرسان و گەلانی ئەمریكا لە بەرامبەر پشتیوانیكردنی كورد لە شەڕی دژی داعش، پشتیوانی ئەمریکا و هاوپەیمانان رۆڵێکی گەورەی هەیە لە شەڕەكەدا. لەبارەی داعشیش ئاماژەی بەوەدا كە داعش درێژکراوی رێکخراوی قاعیدەیە، رەوتێکی تەکفیری و شۆڤینین و دژی ئازادی و هەموو بنەماکانی دیموکراسین لە جیهاندا، داعش لە هەر شوێنێک بێت ئازادی و دیموکراسی نییە.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا گوتی:" پلانی داعش گرتنی موسڵ و دواتر کوردستان بوو، بەڵام پێشمەرگە بووە کۆسپ و شکستی بە پلانەکەی هێنا، ئێستا هەست بە شانازی دەکەین كە لەسەر دەستی پێشمەرگە هەیبەتی داعش شکێندرا و کوردستان بووە پەناگەی لێقەوماوان". جەختیشكردەوە كە داعش بە چەکی سوپای سووریا و عێراق هێرشیکردە سەر كوردستان، بەڵام نەك تەنها لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە کۆبانێش پێشمەرگە داعشی تێکشکاند.

لەبارەی راگەیاندنی سەربەخۆییش سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی:" یەكپارچەیی خاكی عێراق بەزۆر ناپارێزرێ، هیچ شتێک رێگری لە کورد ناکات چارەنووسی خۆی دیاری بکات، هەرچەندە ناتوانم کاتەکەی دیاری بکەم، بەڵام کوردستانی سەربەخۆ بەڕێوەیە".

هەر لە پانێڵەكەدا بارزانی ژمارەی شەهیدانی شەڕی داعشی راگەیاندو گوتی "تاوەكو ئێستا هەزار و 200 پێشمەرگە شەهیدبوونە و ئێمە بەرگریمان لە بەها مرۆییەکانی جیهان کردووە، بەڵام پێویستیمان بە کۆمەکی سەربازی زیاتر هەیە بۆ تێکشکاندنی چەكدارانی تووندڕەو، ئێستا لە گفتوگۆی بەردەوامداین لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ لەناوبردنی داعش.

سەبارەت بە رەوشی ئاوارەكانیش لە هەرێمی كوردستان، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارەکان و زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار ئاوارە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، كە نزیكەی 250 هەزاریان خەڵكی رۆژئاوای كوردستان و سووریان.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پانێڵەكەدا هێمای بۆ رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و گوتی:" سەرەڕای هەندێ گرفت، بەڵام کوردستان پابەندی رێککەوتنەکەیەتی لەگەڵ بەغدا، پێویستە لایەنە سیاسییەکانی عێراقیش ئامادەباشیان تێیدابێت بۆ هەموو جۆرە دەستپێشخەریبەک، یەکێتی خاکی عێراقیش پەیوەستە بە پابەندبوون بە بنەماکانی دیموکراسییەوە.

هەر لەم پانێڵەدا سەرۆك بارزانی وەڵامی پرسیاری ژمارەیەك لە ئامادەبووانی دایەوە.

بۆ بینینی دەقی پانێڵەكە ئێرە دابگرە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عیراق (ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم) - فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە وتەبێژی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رەتیكردەوە هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ یاسای گاردی نیشتیمانی عیراقیدا بكات.

لەم بارەیەوە گوتی : هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی حوكمڕانی تایبەتە لەنێو دەولەتی فیدرالی عیراقدا وبەپێی دەستووری فیدرالی، هەرێم پێشمەرگە وئاسایش وپۆلیسی خۆی هەیە وناكرێ وەكو پارێزگایەك مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. "ئەو یاسایەی كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقیەوە دەنگی لەسەردرا بۆ پارێزگاكانە وهەرێمی كوردستانیش ئەو جۆرە مامەڵەیە رەت دەكاتەوە."

هاوكات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە كەركووك بۆ قبووڵكردن ورەتكردنەوەی ئەم یاسایە سەرپشك كرابوو، ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكیش بەراشكاوانە ئەم یاسایەی رەتكردەوە وبەشێوەیەكی فەرمی ئەم رەتكردنەوەیەی راگەیاند.

زیانەکان وباری هێزی پێشمەرگەی کوردستان

لە لایەکی ترەوە، سەبارەت بە زیانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، فەریق جەبار یاوەر رایگەیاند لە 10ی حوزەیرانی 2014 تا 3ی شوباتی 2015 ، هێزەكانی پێشمەرگە 999 شەهیدو4596 برینداری هەیە وبریندارەكانیش لەنەخۆشخانەكانی نێو هەرێمی كوردستان ولەدەرەوەی وڵاتیش وەک توركیا وئێران وئەورووپا چارەسەریان بۆ كراوە.

لەبارەی یەكخستنی هێزی پێشمەرگەوە، جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەدا کە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەفەرمی وەڵامی پرسیاری لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی داوەتەوە. وەزیری پێشمەرگە هەردوو فەرماندەی یەكەی 70 و 80 ی پێشمەرگە یەكخستنی پێشمەرگەی بەئەرك وفەرمانێك بەسەر وەزارەتەوە لەقەڵەمدا. لە هەمان کاتدا رونیشیكردەوە کە بەهۆی قەیرانی دارایی وشەڕی لەگەڵ رێکخراوی تێرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی، ناسراو بە داعش، ئەم پرۆسەیە بەباشی بەڕێوە نەچووە.

لەبارەی بڵاوبوونەوەی وێنەی بەدیلگرتنی ژمارەیەك لە پێشمەرگەی كوردستان لەلایەن چەكدارانی داعش، لێكۆڵینەوە دەكات وبڕیاری خۆی لەبارەی راستی وێنە وڤیدیۆیە بڵاوبووەكان دەدات.

فەریق جەبار یاوەر لەبارەی ئەم بابەتەوە مامەڵەكردنى هەرێمی كوردستانی لەگەڵ رێكخراوی تیرۆریستی داعش ڕەتكردەوە ونیشانیشیدا لەبەردەوامی لێكۆڵینەوەكان لەبارەی ئەم وێنە وڤیدیۆیانە ئەنجامی نەبووە بۆیە هیچ بڕیارێك لەبارەی ئەم پرسەوە نەدراوە.

جەبار یاوەر داوای لەكەناڵەكانی راگەیاندن كرد بەشێوەیەكی پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ وێنەو ڤیدیۆ وهەواڵی هێزی پێشمەرگە وبەرەكانی شەڕ بكەن وبە وردی زانیاریەكان بڵاو بكەنەوە چونكە هەموو ئەو هەواڵانە بەئاسایشی نیشتیمانی كوردستان وسەلامەتی هێزەكانی پێشمەرگە پەیوەستە وزۆرجاریش ئەم هەواڵانە وبڵاوكردنەوەی وێنە وڤیدیۆ دەبێتە سەرچاوەی پێدانی زانیاری بێ بەرامبەر بۆ چەكدارانی داعش.

وێنەکانی مامەڵەكردن لەگەڵ لاشەی كوژراوانی داعش

لەبارەی بڵاوبوونەوەی وێنەی بەدیلگرتنی ژمارەیەك لە پێشمەرگەی كوردستان لەلایەن چەكدارانی داعش، ئەمینداری گشتی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە گوتی وەزارەت لێكۆڵینەوە دەكات وبڕیاری خۆی لەبارەی راستی وێنە وڤیدیۆیە بڵاوبووەكان دەدات.

جەبار یاوەر نیگەرانی خۆی دەربارەی بڵاوكردنەوەی چەند وێنەوگرتەیەكی ڤیدیۆ دەربڕی كە "مامەڵەیەكی (تاكە كەسی) چەند كەسانێك نیشان دەدەن لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ لاشەی كوژراوانی داعش."

دووپاتیكردەوە کە ئەم رەفتارانە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ رەوشت وبنەماكانی هێزی پێشمەرگە یەك ناگرنەوە ولەمبارەیەوە وەزارەتی پێشمەرگە نووسراوی فەرمی داوەتە هەموو میحوەرەكانی شەڕ تیایدا داوا لەهەموو لایەك كراوە بەهیچ شێوەیەك مامەڵەی لەم جۆرە لەگەڵ لاشەی كوژراوانی داعش نەكرێت ورێز لەبنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی بگیرێت لەمامەڵەكردن لەگەڵ دیل وكوژراوان. ئاماژەی بەوەشدا هەر رەفتارێكی لەمجۆرە لەلایەن هەر پێشمەرگە وكەسێكەوە بكرێت ئەو كەسە سزا دەدرێت.

ئاشكراشیكرد، رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە نووسراوێكی فەرمی 10پرسیاری ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە ووەزارەتی پێشمەرگەش بەوردی وەڵامی هەموو پرسیارەكانی داوەتەوە وبۆیان روونكراوەتەوە ئەم كردەوانە تاكە كەسی بوون.

رۆلی پێشمەرگە لە شەڕی کۆبانێ 

وتەبێژی فەرمی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە سەر بارودۆخی كۆبانێ وگوتی لە 28 ی تشرینی دووەمی رابردوو یەكەمین كاروانی هێزی پێشمەرگە لەسەر داوای شەڕڤانانی ئەم دەڤەرە وەكو هێزی پاڵپشت چوونە کۆبانێ و 38 رۆژ لەوێ مایەوە. لەو كاتەدا 80 لەسەدی ئەم ناوچەیە لەبەردەستی تیرۆریستانی داعش بوو. كاروانی دووەمیش لە 2ی کانوونی یەکەمی رابردوو رەوانەکرا. لەو ماوەیەی دوای ناردنی كاروانی یەكەم ودووەم زیاتر لە 75 لەسەدی ئەم خاکە لە تیرۆریستان رزگاركرا. لە 15ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ كاروانی سێیەمی ئەم هێزانە چوونە كۆبانێ وئێستاش هەر لەوێن وكۆبانیش بەیەكجارەكی رزگاركرا. بەپێی زانیاریەكانیش ئێستا داعش زیاتر لە 25 كیلۆمەتر دوورخراونەتەوە وزیاتر لە 50 گوندی ناوچەكە ئازادكراوە.

لەبارەی گەڕانەوەی ئەم هێزانەش جەبار یاوەر گوتی هەر كاتێك ئەم هێزانە داواكاری فەرمیان بۆ گەڕانەوەی پێشكەشكرد وسەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی لەسەردا ئەوكاتە ئەو هێزانە دەگەڕێنەوە.

شەڕی چیای شنگاڵ وپرسی ئازادکردنی موسڵ

لەلایەکی تری کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا جەبار یاوەر گوتی پرۆسەی ئازادكردنی چیای شنگال بووە هۆی پێشڕەوی زیاتری پێشمەرگە بۆ ناوچەكانی نزیك لەسنووری سوریا كە وایكرد هاتوچۆی تیرۆریستانی داعش گرفتی تێبكەوێت. "ئێستا تەنها نێو شاری شنگار ماوە وپرۆسەی ئازادكردنیشی ئاسان نیە لەبەرئەوەی دەورووبەری ناوچەكە هەمووی بۆمبڕێژ كراوە وپێشمەرگە دەیەوێ بەكەمترین زەرەری گیانی وشەهیدەوە ئەم پرۆسەیە ئەنجامبدات بەهەبوونی ئامێری تایبەتی دۆزینەوەی مین وبۆمب."

ئاماژەی بەوەشدا هێزەكانی پێشمەرگە بەتەنیا ناتوانن بچنە ناو موسڵ ودەبێ پلان وهێزی تایبەت بە ئازادكردنی ئەم شارەوە هەبێت. "ئێستاش حكومەتی عیراق خەریكی ئامادەكردنی هێزە بۆ ئازادكردنی سەڵاحەددین ورومادی بۆ ئەوەی رێگەی پیادە هەبێت تا هێزەكانی عیراق لەباشوور ورۆژئاواوە بگەنە موسڵ تا پێشمەرگە لە باكوور ورۆژهەڵاتەوە یارمەتیان بدات وئەمەش لەسەر خودی حكومەتی عیراق وفەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە".
 

قوشتەپە، هەرێمی کوردستان، عیراق - لەگەڵ بەردەوامبوونی ‌هێرشەکانی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی ناسراو بە داعش لە کۆبانێ، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە دێن بۆ هەرێمی کوردستان لە زیادبووندان. حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی داناوە بۆ نیشتەجێکردنیان لە کەمپێکی تازە لە دەرەوەی هەولێر.

 

سەرەڕای دروستکردنی چەندین کەمپ کە داڵدەی زیاتر لە 1.6 ملیۆن پەنابەر وئاوارەی یەزیدی، مەسیحی، پەنابەرانی کوردی سوریا وئاوارەی ناوچەکانی تری عیراق داوە، کەمپێکی تر تایبەت بۆ ئەو پەنابەرانەی شوێنی خۆیان لە دەست تیرۆریستانی داعش لە کۆبانێ جێهێشتووە، بەم زووانە دەکرێتەوە.

 

لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیروان عابد، کارگێری کەمپی قوشتەپە، کە کەوتۆتە دەرەوەی پایتەخت، گوتی، چاوەڕواندەکرێت کەمپەکە نزیکەی 800 خێزان لەخۆبگرێت و لەسەرەتای ساڵی نوێ بکرێتەوە. ئێستا 1,971 پەنابەری کۆبانێ هاوشانی پەنابەرانی تری کوردی سوریا لە کەمپی قوشتەپە دەژین کە لە ئۆگوستوس/ئابی 2013 کراوەتەوە.

 

هەروەها سیروان عابد گوتی کە تاوەکو ئێستا 19,340 پەنابەری کۆبانی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون لەوەتەی داعش دەستیکردووە بە پەلاماردانی ئەو شارە کوردییە، چەند مانگێک لەمەوبەر. لەمیانیان نزیکەی 10,600 لەگەڵ کەس و کاریان لە هەولێر دەژین.

 

پەنابەرانی کۆبانی لە رێگای تورکیاوە دێن بۆ خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل، نێوان تورکیاو هەرێمی کوردستان. لەوێ حکومەتی هەرێم پاسی ئامادەکردووە بۆ گواستنەوەیان بۆ هەولێر و کەمپی قوشتەپە. گشت پەنابەرانی کۆبانی کارتی نیشتەجێبوونیان پێدەدرێت دوای ئەوەی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تۆماردەکرێن.   

 

شەپۆلی هاتنی ئاوارە وپەنابەران بۆ هەرێمی کوردستان فشارێکی زۆری خستۆتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەهۆی سنوورداری توانای داراییی بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەم دواییە دەستیکردووە بە پرۆگرامی زستانە وهەڵدەستێت بە دابینکردنی پێخەف ونەوت وکەرەستەی تری پێویست وەک ئامادەکاری بۆ زستان.
 
مانگی ڕابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان 160 پێشمەرگەی نارد بۆ کۆبانی بۆ پاڵپشتیکردنی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوا – سوریا لە بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی رێکخراوی تێرۆریستی داعش.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی