نێچیرڤان بارزانی: به‌ پشتگیریى دڵسۆزان و دۆستانى گه‌لى كوردستان به‌سه‌ر قه‌یران‌ و گرفته‌كاندا زاڵ دەبین

 پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩/٧/٢٠١٨، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیر و به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێم و كونسولی وڵاتانی بیانی، وێستگەی کارەباییی ٤٠٠ کەیڤی لە بازیان کرایەوە.

لە ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا ویڕای پیرۆزباییی تەواوبوونی پڕۆژه‌ى وێستگه‌ى (400) كه‌یڤى له‌ بازیان و دەستخۆشی لە هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان، كۆمپانیاى نه‌وتى نیشتمانیى كۆرى و كۆمپانیاى جێبه‌جێكار (پۆسكۆ)ى كۆرى بۆ بەئەنجامگەیاندنی کارەکانی ئەو پڕۆژەیە، هیوای خواست پڕۆژەکە یارمەتیدەر بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى به‌شێكى كێشه‌ى كاره‌با له‌ هه‌رێمى كوردستان بەگشتی و ناوچەکە بەتایبەتی. لەو بارەیەوە، سوپاسی خەڵکی ناوچەی بازیان و ئەو کەسایەتییانەی کرد کە ڕۆڵی ئەرێنییان هەبوو لە چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زار و قەرەبووکردنەوە بۆ تەواوبوونی پڕۆژەکە.

بەڕێزیان ئامادەبوونی کونسوڵی وڵاتانى لە ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا بە نیشانەی پشتیگیریی ئەوان بۆ هەرێمی کوردستان زانی و سوپاسی تایبەتی ئاراستەی وڵاتی کۆریای باشوور کرد بەوەی کە ئەو پڕۆژەیە بەر لە دە ساڵ و لە کاتی سەردانیدا بۆ ئەو وڵاتە، لەلایەن سەرۆکی ئەوکاتی کۆریاوە ڕەزامەندی لەسەر نیشان دراوە و ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەیەکی دیكه‌ى كاره‌با له‌ خه‌بات ده‌كرێـه‌وه‌ كه‌ بڕى (300) مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، ڕوونیكرده‌وه‌ پڕۆژەی وێستگەی کارەبای ٤٠٠ کەیڤی لە بازیان بەشێکه‌ لە تۆڕی بەرفراوانی کەرتی کارەبا کە پێشتر لەلایەن حكوومه‌تەوە پلانى بۆ دانرابوو، بەڵام بەهۆی شه‌ڕ و قه‌یرانى داراییه‌وه‌، کارەکانی دواکەوتبوو، هه‌روه‌ها دووپاتی کردەوە حكوومه‌تى هه‌رێم به‌ پشتگیریى دڵسۆزانى گه‌لى كوردستان هه‌وڵى داوه‌ به‌سه‌ر گرفته‌كاندا زاڵ بێت و بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی پڕۆژەکان، بەتایبەتی کەرتی کارەبا کە بەهۆی کێشەی زۆر جددییەوە، لەوانە خواستى زیاتر له‌سه‌ر كاره‌با، هەروەها شەڕ و قەیرانەکان، نەتوانراوە وەک پێویست پلانەکانی حکوومەت جێبەجێ بکرێن. لەوباره‌یه‌وه‌ ئاماژەی بە هەنگاوەکانی حکوومەت کرد بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کارەبا لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی کێشەکانی کەرتی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و هاندانی کەرتی تایبەت بۆ وەبەرهێنان و ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورە لە کەرتی کارەبادا.

بەڕێزیان، دڵنیایی دایە خەڵکی کوردستان کە دوای سەرکەوتن لە شەڕی تیرۆر و تێکشکاندنی پیلانی ناحەزان کە بە خۆڕاگریی خەڵک و گیانفیداییى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان هاتە ئاراوە، ڕۆژە سەختەکان تێپەڕ دەبن و حکوومەتیش بەپێی توانا سەرلەنوێ کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، باسی لە جێبەجێکردنی سیستمى پێوه‌رى زیره‌ك کرد بۆ كۆنترۆڵى به‌كارهێنانى وزەی كاره‌با کە ڕۆڵى گه‌وره‌ى ده‌بێت له‌ ڕێكخستنه‌وه‌ى دابه‌شكردنى كاره‌با و زیادبوونى كاژێره‌كانى پێدانى كاره‌باى نیشتمانى بە هاووڵاتییان و لە ئەنجامدا كولتوورى ده‌سپێوه‌گرتن و ئیسرافنه‌كردن له‌ به‌كارهێنانى كاره‌با، جێگەی زێده‌ڕۆیى و سه‌رپێچیكردن‌ له‌ به‌كارهێنانى كاره‌با لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لەو ڕووەوە ڕۆڵی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بە پێویست زانی لە وشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لەسەر دوورکەوتنەوە لە زێدەڕۆیی و بەهەدەردانی کارەبا.

سەبارەت بە پڕۆژەی وێستگەی کارەبای ٤٠٠ کەیڤی لە بازیانیش، بەڕێز سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ سوودی دەبێت بۆ هه‌موو تۆڕى كاره‌باى نیشتمانى له‌ هه‌رێمى كوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا سوودی تایبەتی هەیە بۆ ناوچەی بازیان وەک ناوچه‌یه‌كى پیشه‌سازی و هیوای خواست پڕۆژه‌ى دیكه‌ش له‌ بواره‌كانى دیكه‌دا له‌ ناوچه‌ی بازیان بکەونە واری جێبەجێکردنەوە و خەڵکی ناوچەکەشی بەهۆی مێژووی پرشنگداریانەوە لە شۆڕش و خه‌باتدا، بە شایانی كار و خزمه‌ت و پڕۆژه‌ى زیاتر وەسف کرد. هاوکات لە چوارچێوەی كاروانى ئاوه‌دانى و كار و خزمه‌تی به‌رده‌وامی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستاندا، جەختی لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری کردەوە لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.

بەڕێزیان، نیشتمان و حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی بە موڵكى خه‌ڵكى كوردستان دانا و بوونی هەر جۆرە جیاكارییەکى له‌نێوان ناوچه‌یه‌ك و ناوچه‌یه‌كى دیكه،‌ یان پارێزگایه‌ك و پارێزگایه‌كى دیكه‌ی ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکانێک ناکۆکیی سیاسی و ململانێ حزبییەکان بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان بەکار دێنن و هەوڵی بڵاوکردنەوەی بێ بڕوایی و بێ متمانەیی لەنێوان خەڵک و حکوومەتدا دەدەن. بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕۆشنبیرى و كولتوورى ڕه‌تكردنه‌وه‌ى هه‌موو شتێكی ئەو کەسانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە خۆیان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نین و متمانه‌ى خه‌ڵكیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌.

لەوباره‌یه‌وه‌، خه‌ڵكى كوردستانی زۆر له‌وه‌ هۆشیارتر و به‌ئاگاتر وەسف کرد کە فریوی ئه‌و گوتاره‌ ڕه‌شه‌ نائومێدانە بخۆن و خۆڕاگری لە بەرامبەر سەختی و قەیرانەکانی چەند ساڵی ڕابردووی بۆ ئاگایى و هۆشیاری و تێگه‌یشتنى خه‌ڵكى كوردستان بۆ دۆخه‌كه‌ گەڕاندەوە کە وای کرد حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان به‌رگه‌ى شه‌ڕ و قه‌یرانه‌کان بگرێت و بڕوا و متمانەی خۆی‌ له‌ده‌ست نه‌دات، چونکە حکوومەت دڵنیابوو لە پشتگیریی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

لە وتارەکەیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە ڕێز و سوپاس و پێزانینى حكوومه‌تی بۆ سەرجەم خه‌ڵك و مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان دووپات کردەوە كه‌ بە هه‌ڵوێستى دڵسۆزانه‌ و جوامێرانه‌ى نیشتمانی، ئه‌وپه‌ڕى تێگه‌یشتنیان هەبووە بۆ دۆخ و مه‌ترسییه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، ئەوەش وای کرد کە حکوومەت بتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت. هەروەها سوپاس و ڕێز و پێزانینی دەربڕی بۆ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و خۆبه‌خشان کە بوونە هۆکاری پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رى ڕێز و نه‌وازشی دانەواند بۆ شه‌هیدان و سڵاو و ڕێز و خۆشه‌ویستیشی نارد بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزی شەهیدانی کوردستان.

بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆتاییی وتارەکەیدا لە ڕێوڕه‌سمى کردنەوەی وێستگەی کارەبای ٤٠٠ کەیڤی لە بازیان، سەرەڕای بە ئاسایی نیشاندانی ناكۆكى و ڕكابه‌ری لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا، جەختی لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و تەباییی لایەنەکان کردەوە لەپێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێمى كوردستان. له‌ پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كانیشدا بۆ به‌ده‌ستهێنان و زامنكردنى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان لە بەغدا، پێکەوەبوون و یەکڕیزی و تەبایی بە گرنگ و پێویست لەقەڵەم دا و لەو ڕووەوە داوای لە لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان کرد بە وەلانانی كێشه‌ و ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانى نێوانیان، وه‌ك تیمێك بچنە بەغدا بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى گه‌لى كوردستان.

له‌ كۆتاییدا دووباره‌ ده‌ستخۆشی له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ كرد و سوپاسی به‌ڕێز هۆشیار سیوه‌یلى كرد كه‌ كاتێك وه‌زیری كاره‌با بووه‌ هه‌وڵی زۆری دا بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌.

ئەمەش دەقی وتارەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەریمی کوردستانە لە ڕێوڕه‌سمى کردنەوەی وێستگەی کارەبای ٤٠٠ کەیڤی لە بازیان:

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
به‌یانیتان باش..

هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن بۆ ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌ى وێستگه‌ى (400) كه‌یڤى له‌ بازیان. پیرۆزبایى ته‌واوبوونى ئه‌م پڕۆژه‌ گرنگه‌ له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م، هیوادارم ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى به‌شێكى كێشه‌ى كاره‌با له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌ هه‌رێمى كوردستان.

ده‌ستخۆشى له‌ وه‌زاره‌تى كاره‌با، كۆمپانیاى نه‌وتى نیشتمانیى كۆرى، كۆمپانیاى جێبه‌جێكار (پۆسكۆ)ى كۆرى، وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان و هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م كه‌ به‌ هه‌وڵ و هیممه‌تێكى زۆر، دواى چه‌ندین كێشه‌ و گرفت و دواى ئه‌وه‌ى به‌هۆى شه‌ڕى تیرۆر و قه‌یرانه‌كانه‌وه‌، ماوه‌یه‌كى زۆرى خایاند، له‌ كۆتاییدا پڕۆژه‌كه‌یان جێبه‌جێ كرد، ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م.

سوپاسی تایبه‌تی وڵاتی كۆریا ده‌كه‌م كه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی نزیكه‌ی ده‌ ساڵ پێش ئێستام بۆ ئه‌وه‌ێ، ئێمه‌ بڕیارمان له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ دا، سه‌رۆكی ئه‌وكاتی كۆریا ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌ربڕی و پڕۆژه‌ی دیكه‌ش كه‌ په‌نا به‌خوا له‌ كاتێكی زوودا له‌ خه‌بات له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا دكه‌ینه‌وه‌ و ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی به‌رهه‌می كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستان.

به‌خێرهاتنی هه‌موو ئه‌و كونسولانه‌ ده‌كه‌م ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ ته‌شریفیان هێناوه‌ و به‌شدارن له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا و زۆر به‌خێرێن. هاتنیان نیشانه‌ی پشتگیرییه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌م ڕێگه‌ دووره‌یان بڕیوه‌، جارێكی دیكه‌ به‌ خێر بێن.

ده‌مه‌وێ سوپاسێكى تایبه‌تى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ به‌ڕێزانه‌ بكه‌م كه‌ ئه‌مڕۆ ته‌شریفیان هێناوه‌ و لێره‌ ئاماده‌ بوون‌ و ڕۆڵیكى زۆر ئه‌رێنییان هه‌بوو له‌ چاره‌سه‌ركردنى چه‌ندین كێشه‌ و گرفتى كۆمه‌ڵایه‌تیى زه‌وى و زار و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ بۆ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌‌. دووباره‌ سوپاس، ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م و وه‌كو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێمه‌ پێزانینێكی زۆرمان هه‌یه‌ بۆ ڕۆڵی ئێوه‌ و هیوادارم به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر ئه‌و پشتگیرییه‌، ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كیش مایه‌وه‌ په‌نا به ‌خوا له‌گه‌ڵ جه‌نابی پارێزگار و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بێگومان چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ین.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌شێكه‌ له‌ تۆڕێكى فراوانى ستراتیژى له‌ كه‌رتى كاره‌بادا كه‌ حكوومه‌ت پێشتر پلانى بۆ داناوه‌، به‌ڵام وه‌ك كار و پڕۆژه‌ى دیكه‌، به‌هۆى شه‌ڕ و قه‌یرانى داراییه‌وه‌ دوا كه‌وت. ڕاسته‌ شه‌ڕ و قه‌یرانه‌كان كاریگه‌ریى زۆر خراپیان له‌ هه‌موو كه‌رته‌كانى ژیان كردووه‌، به‌ڵام حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ پشتگیریى خه‌ڵكى دڵسۆز و دۆستانى گه‌لى كوردستان هه‌وڵى داوه‌ به‌سه‌ر قه‌یران‌ و گرفته‌كاندا زاڵ بێت و هێنده‌ى كراوه‌ له‌ ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌كان به‌رده‌وام بووه‌.

به‌ڵێ،‌ ئێمه‌ ده‌زانین له‌ كه‌رتى كاره‌بادا كێشه‌ى جددى هه‌یه‌، نه‌توانراوه‌ وه‌ك پێویست به‌رنامه‌ و پلانه‌كان جێبه‌جێ بكرێن. پێشكه‌وتنى به‌رده‌وامى ژیان، فراوانبوونى شار و شارۆچكه‌كان، بازاڕ و مۆڵ، ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌كان و ئاوه‌دانبوونه‌وه‌ى دێهاته‌كان، به‌رده‌وام خواستى زیاترى له‌سه‌ر كاره‌با و هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كان دروست كردووه‌. له‌ كاتێكدا شه‌ڕ و قه‌یرانه‌كانیش به‌رۆكى گرتبووین، ئه‌مانه‌ هه‌موویان هۆكارن كه‌ حكوومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست، به‌رنامه‌ و پلانه‌كانى جێبه‌جێ بكات.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان توانى به‌ره‌و پێشه‌وه‌ هه‌نگاو بنێت. خه‌رجییه‌كى زۆرى له‌ كه‌رتى كاره‌بادا كرد. له‌ هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆك، هه‌ڵه‌بجه و ناوچه‌كانى دیكه‌ش كه‌رتى تایبه‌تى هانداوه‌ كه‌ وه‌به‌رهێنانى تێدا بكه‌ن و پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ له‌و‌ كه‌رته‌دا جێبه‌جێ بكه‌ن.

ئێستاش كه‌ به‌ خۆڕاگریى خه‌ڵك و به‌ گیانفیداییى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان، له‌ شه‌ڕى تیرۆر و پیلانى ناحه‌زاندا سه‌ركه‌وتین، خه‌ریكه‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كان تێده‌په‌ڕن. حكوومه‌ت به‌پێى تواناكانى به‌رده‌ستى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا هه‌نگاو ده‌نێت و سه‌رله‌نوێ ده‌ست به‌ ئه‌نجامدانى كار و پڕۆژه‌كان ده‌كاته‌وه‌. بێگومان له‌ بوارى كاره‌باشدا، هه‌ڵنانى هه‌نگاوى گه‌وره‌ و بچووكمان پێویسته‌. ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ یه‌كێك له‌و هه‌نگاوانه‌یه‌. هه‌وڵێكه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى كێشه‌كانى كاره‌با له‌ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان.

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى هه‌وڵه‌كان و پلانى حكوومه‌تدا بۆ چاككردنى دۆخى كاره‌با، وه‌ك پێشتر ڕاگه‌یه‌نراوه‌، حكوومه‌ت سیستمى پێوه‌رى زیره‌ك جێبه‌جێ ده‌كات. ئه‌و سیستمه‌ كۆنترۆڵى به‌كارهێنانى كاره‌با ده‌كات و ڕۆڵێكى گه‌وره‌ى ده‌بێت له‌ ڕێكخستنه‌وه‌ى دابه‌شكردنى كاره‌با و زیادبوونى كاژێره‌كانى پێدانى كاره‌باى نیشتمانى بۆ هاووڵاتیان.

بێجگه‌ له‌مه‌، ئه‌م سیستمه‌ لایه‌نێكى كولتووریى زۆر گرنگى هه‌یه‌. كولتوورێكى خرابى ناشارستانى لاده‌بات كه‌ زێده‌ڕۆیى و سه‌رپێچیكردنه‌ له‌ به‌كارهێنانى كاره‌بادا. له‌ جیاتى ئه‌و، كولتوورێكى تازه‌ى باش جێگیر ده‌كات. كولتوورى ده‌سپێوه‌گرتن و ئیسرافنه‌كردن له‌ به‌كارهێنانى كاره‌با كه‌ به ‌ڕاستی له‌ وڵاتی ئێمه‌دا ئه‌و كولتووره‌ زۆر پێویسته‌ و من لێره‌وه‌ داوا ده‌كه‌م له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن یارمه‌تیی ئێمه‌ بده‌ن بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌هه‌ده‌ردان و زێده‌رۆیی له‌ كاره‌بادا‌. ئه‌م سیستمه‌ هه‌مووان هان ده‌دات ته‌نیا هێنده‌ى پێویسته‌، ته‌نیا له‌ كات و شوێنى پێویست كاره‌با به‌كار بهێنن، نه‌ك زیاتر.
 
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ بازیان بۆ هه‌موو تۆڕى كاره‌باى نیشتمانى له‌ هه‌رێمى كوردستان سوودى هه‌یه‌، به‌ڵام بۆ ناوچه‌كه‌ش كه‌ ناوچه‌یه‌كى پیشه‌سازییه‌، سوودێكى تایبه‌تى هه‌یه‌ و پڕۆژه‌ پیشه‌سازییه‌كان ده‌توانن ئاسانتر سوودى لێوه‌ربگرن. وه‌ك له‌ پلان و به‌رنامه‌كانى حكوومه‌تدا هه‌یه‌، هیوادارین پڕۆژه‌ى دیكه‌ش له‌ بواره‌كانى دیكه‌دا له‌م ناوچه‌یه‌ بخه‌ینه‌ بواری جێبه‌جێكردن.

بازیان و خه‌ڵكى خۆڕاگرى ناوچه‌كه‌ و ده‌وروبه‌رى، كه‌ هه‌میشه‌ ناوچه‌ى شۆڕش و خه‌بات بووه‌ و خاوه‌ن مێژوویه‌كى پرشنگداره‌، بێگومان شایانى كار و خزمه‌ت و پڕۆژه‌ى زیاترن‌. حكوومه‌ت له‌ كاروانى ئاوه‌دانى و كار و خزمه‌ت به‌رده‌وام ده‌بێت. به‌بێ جیاوازى كار بۆ هه‌موو ناوچه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و به‌ یه‌ك چاو هه‌موو ناوچه‌كان ده‌بینێت. وه‌ك یه‌ك له‌ هه‌موو ناوچه‌كان خزمه‌تگوزارى پێشكه‌ش ده‌كات و كار و پڕۆژه‌ ئه‌نجام ده‌دات.

حكوومه‌ت هه‌رگیز جیاوازى له‌نێوان ناوچه‌یه‌ك و ناوچه‌یه‌كى دیكه‌، پارێزگایه‌ك و پارێزگایه‌كى دیكه‌دا‌ نه‌كردووه‌. ناكۆكیى سیاسى و ململانێى حیزبى، هه‌ندێ جار وایكردووه‌ خه‌ڵكێك بۆ مه‌رامى سیاسى، نابه‌رپرسانه‌ وێنه‌یه‌كى وا دروست بكه‌ن و وا نیشان بده‌ن كه‌ گوایه‌ حكوومه‌ت جیاوازى له‌نێوان ناوچه‌ و پارێزگاكاندا ده‌كات. خه‌ڵكانێك هه‌ن هه‌موو شتێك ده‌قۆزنه‌وه‌ و به‌كارده‌هێنن ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك له‌ حكوومه‌ت و حوكمڕانیى خۆیى، بێ متمانه‌ و بێ بڕوا بكه‌ن.

به‌رده‌وام خه‌ریكى بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕۆشنبیرى و كولتوورى ڕه‌تكردنه‌وه‌ى هه‌موو شتێكن، له‌به‌ر هیچ شتێك نا، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خۆیان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نین و متمانه‌ى خه‌ڵكیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌. ئه‌مه‌ ده‌ردێكى كوشنده‌یه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌، چونكه‌ نیشتمان و حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كان، موڵكى خه‌ڵكى كوردستانن، هى حیزبێك و لایه‌نێك نین. ڕاسته‌ هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕى هه‌یه‌، كێشه‌ و گرفت هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌موو شتێكى ئه‌م وڵاته‌ تابلۆیه‌كى ڕه‌ش نییه به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ هه‌ندێك جار وێنا ده‌كرێت‌.

خه‌ڵكى كوردستان زۆر له‌وه‌ هۆشیارتر و به‌ئاگاتره‌ گوێ بۆ ئه‌و گوتاره‌ ڕه‌شه‌ نائومێده‌ ڕادێرن. ئاگایى و هۆشیاریى خه‌ڵكى كوردستان بوو كه‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵى ڕابردوو واى كرد حكوومه‌تی هه‌رێم به‌رگه‌ى هه‌موو سه‌ختى و كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان بگرێت و بڕوا و متمانه‌ی خۆی له‌ده‌ست نه‌دات، چونكه‌ دڵنیا بوو كه‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان پشتگیریی ئه‌م حكوومه‌ته‌ ده‌كه‌ن.

لێره‌دا، جارێكى دیكه‌ ده‌مه‌وێ ئه‌وپه‌ڕى ڕێز و سوپاس و پێزانینى حكوومه‌ت، بۆ ته‌واوى خه‌ڵك و مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان دووپات بكه‌مه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵوێستێكى دڵسۆزانه‌ و جوامێرانه‌ى نیشتمانییان نیشان داوه‌ و ئه‌وپه‌ڕى تێگه‌یشتنیان بۆ دۆخ و مه‌ترسییه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان هه‌بووه كه‌ وای كرد ئه‌مڕۆ ئێمه‌ وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بتوانین له‌سه‌ر پێی خۆمان بوه‌ستین.

سوپاس و ڕێز و پێزانین بۆ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و خۆبه‌خشان، كه‌ به گیان و خوێنى خۆیان، به‌رگرییان كرد و ده‌سكه‌وته‌كانى هه‌رێمى كوردستانیان پاراست. سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدان داده‌نوێنین و سڵاو و ڕێز و خۆشه‌ویستى بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزیان ده‌نێرین.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
كوردستانییانى خۆشه‌ویست..
به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێمى كوردستان و پاراستنى ماف و ده‌ستكه‌وته‌كانى، ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ یه‌كڕیز و ته‌با بین. زۆر ئاسایى یه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، ناكۆكى و ڕكابه‌رییان هه‌بێت، به‌ڵام بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى، بۆ به‌ده‌ستهێنان و زامنكردنى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ده‌بێ له‌ به‌غدا و له‌ پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا پێكه‌وه‌ بین، یه‌كڕیز بین، ته‌با بین و به‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ئه‌و ئامانجه‌ هه‌وڵ بده‌ین. لێره‌دا دووباره‌ داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م كێشه‌ و ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانى نێوانیان به‌لاوه‌ بنێن و وه‌ك تیمێك، به‌ یه‌ك به‌رنامه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى گه‌لى كوردستان بچنه‌ به‌غدا.

له‌ كۆتاییدا دووباره‌ ده‌ستخۆشى له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م بۆ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، هیوادارم بۆ دانانى به‌ردى بناغه‌ و كردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌ى دیكه‌ له‌م ناوچه‌یه‌ و له‌ هه‌موو ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ یه‌ك بگه‌ینه‌وه‌.

ده‌مه‌وێ لێره‌دا سوپاسی كاك هۆشیار سیوه‌یلی بكه‌م كه‌ ئه‌وكات وه‌زیر بوو و له‌م ڕێوڕه‌سمه‌شدا دیاره‌ بانهێشت كراوه‌. سوپاسی ده‌كه‌م، ئه‌ویش ئه‌و كات زۆر هه‌وڵی دا بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و پڕۆژانه‌، ده‌مه‌وێت پێی بڵێم كه‌ ڕێز و پێزانینم هه‌یه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی كه‌ ئه‌نجامی داون.

ڕۆژێكى خۆش بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم، هه‌موولایه‌كتان به ‌خێر بێن.
زۆر سوپاس.

 

 

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، کە لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانییە، ڕای دەگەیەنێت، کە زۆربەی کێشەکانی ئاو و سنوور لە نێوان عێراق و ئێران، بەھۆی ڕێککەوتنی جەزائیرەوەن.

 ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، لەمبارەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بڕیار بوو لە رێککەوتی 19\6\2018، شاندێکی عێراق کە بریتیبوون لە وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی عێراق، من وەک بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان وەک شاندێک سەردانی ئێران بکەین، بەڵام تا ئێستا ھیچ وەڵامێکمان لەلایەن ئێرانەوە پێ نەگەیشتووە کە ڕەزامەندبن بۆ ڕۆیشتنمان".

 بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستە ڕوو، کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 27\6\2018، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ھەمان بابەت باس کراوە.

 لەبارەی ڕۆیشتنی ئەو شاندەی عێراق بۆ ئێران نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "نازانم کە عێراق داوای لە ئێران کردووە یان نا، بۆ ئەوە دەبێ پرسیار لە باڵوێزی عێراق لە ئێران بکەن، بەڵام ئێران ئەوەی گوتووە کە دەبێ ئەم کێشەیە بەگشتی چارەسەر بکرێت".

 نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، پێی وایە بەشێکی بنەڕەتی لە شێوازی چارەسەرکردنی کێشەی سنوور و ئاو لە نێوان ئێران و عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ بەندەکانی ڕێککەوتنی جەزائیر لە ساڵی 1975، چونکە لە زۆر شتدا تائێستا کێشە ھەیە و بە یەک پاکێجیش سەیری کێشەکان دەکرێت، دەبێ ھەردوو وڵات لەسەر خاڵە ھاوبەشەکان ڕێک بکەون، نەک لەو شوێنەی بەرژەوەندیت ھەیە بڵێت قبووڵمە، کەچی لەو شوێنەی بەرژەوەندی نییە، قبووڵ نەکرێت.

 

ئەوەشی خستە روو، کە سیاسییەکانی عێراق لە ترسی ئەوەی کە پێیان نەگوترێت تەنازولیان بۆ ئێران کردووە، نایانەوێت ئەم ڕێککەوتنانە جێبەجێ ببێت، لەبەر ئەوەی سبەی ئۆباڵی دەکەوێتە ئەستۆیان، چونکە کاتی خۆی سەدام حوسێن، لەسەر حیسابی کێشەی کورد تەنازولی بۆ ئێران کردووە و گەلی عێراق بە کورد و عەرەبیشەوە بوونەتە قوربانیی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە.

سێ شەممە, 24 تەمموز 2018 19:15

نازم ده‌باغ له‌گه‌ڵ محەمەد حاجی مەحموود سکرتێری پارتی سوشیالیستی کوردستان لە تاران کۆبۆوه

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران، له‌گه‌ڵ "محەمەد حاجی مەحموود" سکرتێری پارتی سوشیالیستی کوردستانی عێراق دیداریی کرد. 

 "محەمەد حاجی مەحموود" سکرتێری پارتی سوشیالیستی کوردستانی عێراق بە هاوڕێیەتی لەگەڵ "لوقمان لەتیف"، ئەمرۆ چوارشەمە رێکەوتی ۲٥/۷/۲۰۱۸ سەردانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ تارانی کرد و له لایه‌ن "نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ وڵاتی ئێران و "فەخرەدین عەزیز" پێشوازی لێکرا. 

 له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا بە گشتی باسی باروودۆخی هه‌رێمى کوردستان، عێراق و ناوچەکە کرا.

شارپرێس:
نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئێران دەڵێت: تۆپبارانكردنەكانی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان بەرگریكردنە و وەڵامدانەوە بووە هەمیشە. 

نازم دەباغ دەشڵێت: ئێران لەخۆیەوە بۆ یەكجاریش تۆپبارانی سنوورەكانی عێراقی لەهەرێمی كوردستان نەكردووە هەتا هێزە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران دژ بەئێران چالاكیان ئەنجامنەدابێت، هەروەها جەخت دەكاتەوە، پێویستە حكومەتی هەرێم هەڵوێستی هەبێت لەبارەی ئەو هێزە كوردییانەی ئێران و دەبێت پابەندییان بكات بەڕێزگرتنی یاسای نێودەوڵەتی، یا وەك ئەو بنەما گشتییەی، كە هەیە ئەگەر ماڵێك لەشوێنێكدا كێشەی بۆ ماڵەكانی تر دروست كرد دەبێت ئەو شوێنە جێبهێڵێت، چونكە ئەو هێزە كوردییانەی كوردستانی ئێران‌و توركیا بوونەت كێشە بۆ هەرێمی كوردستان.

قسەكانی نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، كە سەبارەت بەوەی ئایا نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم قسەی لەگەڵ لایەنی ئێرانی كردووە لەسەر ئەو تۆپبارانانەی ئێران بۆ سنوورەكانی عیراق لەهەرێمی كوردستان وتی: "تۆپبارانەكانی ئێران و توركیا تازە نین، هەڵكەوتەی جوگرافیای كوردستان وایە، كە لەسنوورەوە دراوسێی توركیا، ئێرانە ، هەركات لەلایەن هێزە كوردە ئۆپزسیۆنەكانەوە چالاكی دژی ئەو وڵاتانە ئەنجام بدرێت ئەو وڵاتانەش بۆ بەرگریكردن لەخۆیان دەست دەكەن بە تۆپبارانكردن، واتە هیچ كات ئەو وڵاتانە لەخۆیانەوە تۆپبارانیان نەكردووە."

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەقسەكانی كردەوەو وتیشی: "من بەدڵنیاییەوە دەیڵێم بەداخەوە هەموو جارێك تۆپبارانەكان وەڵامدانەوە و بەرگریكردن بووە لەبەرانبەر ئەو چالاكییانەی، كە هێزە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكان ئەنجامی دەدەن بەتایبەت ئەو چالاكییانەی، كە ڕاگەیاندنەكانی كوردانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بڵاویدەكەنەوە ، بۆیە هەروەك جەنابی سەرۆكی حكومەت نێجیرڤان بارزانی وتی، ئێمە قسەلەگەڵ ئەو لایەنانە دەكەین، بەڵام لەبەرانبەردا دەبێت قسە لەگەڵ لایەنە كوردییەكانیش بكرێت، كە ڕەچاوی دۆخی یاسایی هەرێمی كوردستان بكەن و چالاكی دژی ئێران و توركیا ئەنجام نەدەن ."

لەبارەی ئەوەی ئایا قسەیان لەگەڵ حكومەتی ئێرانی یا بەسیفەتی ئەوەی كوردە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان كردووە بۆ وەستاندنی چالاكیەكانیان؟ نازم دەباغ وتی: "من بەتەنیا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانم، نەك زیاتر، كاری من گەیاندنی پەیامی ئێرانە بەحكومەتی هەرێم، بەپێچەوانەوە، نەك قسەكردن لەگەڵ لایەنە كوردییەكان."

لەبارەی ناوەڕۆكی پەیامی ئێرانیش بۆ حكومەتی هەرێم نازم دەباغ ئاماژەی كرد، پەیامی حكومەتی ئێڕان نوێ نییە، بەڵكو ئەوان بەردەوام وتویانە بێ دەنگ نابن لەوەڵامدانەوەی هەر چالاكییەكی هێزە كوردییە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانیەكان، خۆمان دیاریدەكەین چۆن، وەڵام دەدەینەوە، دیارە تۆپباران وەڵامی ئەوانە."

نازم دەباغ تۆپبارانەكانی ئێرانی بەجار جارە ناوبرد لەچاو بۆردومانەكانی توركیا لەناو خاكی عێراق‌و وتی: "تۆپبارانی ئێران جار بەجارە، ئەویش بۆ وەڵامدانەوەی ئەو چالاكیانەیە كه كوردەكانی ئێران لەڕاگەیاندنەكانەوە باسی دەكەن، بەڵام ئەوە ماوەی مانگێكە توركیا ڕۆژانە بۆردومان دەكات‌و هەر لەم ڕۆژانە كچێك شەهید بوو، تەنانەت سەرۆی توركیا بەفەرمی ئەنجامدانی هێرشی بۆسەر هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند."

نازم دەباغ ئەوەشی وت: "چالاكی و تۆپبارانەكانی ئێران كەدەیكات ئەسڵەن ناكرێت ئەژمار بكرێت بەرانبەر ئەو هەموو تۆپباران و بۆردومانانەی توركیا دەیكات ."

بەھۆکاری گرژیی و ئاڵۆزی لەچەند پارێزگایەکی باشوری عیراق و کاریگەری لەسەر سنورەکانی نێوان عیراق و ئێران، مەترسی داخستنی سنورەکانی ئێران دەکرێت بەڕوی عیراق و ھەرێمیشدا لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە، چەند لایەنێکی پەیوەندیداری حکومیش لەھەرێم ڕونکردنەوە لەوبارەیەوە دەدەن و مەترسیەکانی ئەو ئەگەرەش ئاشکرادەکەن.

 

نەوزاد غەفور جێگری سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی لەلێدوانێکدا بەSNNی ڕاگەیاند، "تائێستا ھیچ ئەگەرێکی داخستنی سنورەکانی ھەرێم و وڵاتان بەھۆی گرژیی و ئاڵۆزیەکانی بەشێک لەپارێزگاکانی عیراقەوە نییە".

 

وتیشی:"بەڵام ئەگەر ئاڵۆزیەکان پەرەبسێنێت و بەردەوامبێت، ڕەنگە ترس لای وڵاتانی دراوسێ دروستبکات و ببێتە ھۆی داخستنی سنورەکان بەڕوی عیراق و ھەرێمیشدا".

 

سەبارەت بەکاریگەریەکانی داخستنی سنورەکان بەڕوی ھەرێمی کوردستاندا یاسین ڕەحیم جێگری یەکەمی سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی بەSNNی ڕاگەیاند، "بەھۆی نەبونی ژێرخانی ئابوری لەکوردستاندا، ئەگەربێت و ئێران و تورکیا سنور داخستن ئەنجامبدەن، ئەوا واتە ئەو دوو وڵاتە ئینتیحاری کورد دەکەن".

 

وتیشی:"لەئێستادا لەھەوڵی ئامادەکاری بۆ دروستکردنی کۆگای ھەڵگرتنی پێداویستیەکانین، بەڵام تائێستا نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە".

 

لای خۆیشیەوە نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی ھەرێم لەئێران ئەوەی بۆ SNN ڕونکردەوە، "ھەتا حکومەتی عیراق لەسەر دەسەڵات بێت، مەترسی داخستنی سنورەکانی ئێران بەڕوی ھەرێمدا کەمترە، چونکە بۆ داخستنی ئەو سنورانە دەبێت حکومەتی عیراق داوا لەئێران بکات".

 

دەباغ جەختیشیکردەوە، "گرژیی و ئاڵۆزیەکانی عیراق، بابەتێکی ناوخۆییەو داخستنی مەرزەکانیش کارێکی ئاسان نییە، چونکە لەڕوی ئابوریی و بژێوی خەڵکەوە، کێشەیەکی زۆر دروستدەکات".

 

SNN:خێڵان ڕەئوف

كۆماری ئیسلامی ئێران، لەكاردانەوەی فشارە نێودەوڵەتییەكان، هەڕەشەی داخستنی گەروی هورمز بەڕووی هەناردەكردنی نەوتی عیراق و وڵاتانی كەنداو بۆ بازاڕەكانی جیهان دەكات، نوێنەری حكومەتی هەرێمیش لە تاران، بەدووری دەزانێت شەڕ هەڵبگیرسێت، راشیدەگەیەنێت: بەڵام نرخی نەوت بۆ 120 دۆلار بەرزدەبێتەوە.

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران، بە SNNی ڕاگەیاند: ئێران بۆ ئەوەی خۆی توشی شەڕ نەكات، هەموو هەنگاوێك دەگرێتەبەر تا كێشەكانی لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكات و ئابلۆقەكەی سەری كۆتایی پێ بێت و نەبێتە هۆی ڕوخانی ڕژێمەكەی، كۆتا بژاردەی بەردەم ئەو وڵاتەش، داخستنی گەروی هورمز دەبێت.

وتیشی: هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئێران و ئەمریكا، كارێكی ئاسان نییەو هەموو وڵاتانیش خۆیان لەشەڕ بەدوور دەگرن، ئەوەی كە هەیە پاڵەپەستۆو فشارە بۆسەر یەكتر، لەكۆتاییشدا بەگفتوگۆو ئاشتی كێشەكان چارەسەر دەكرێن"، دەشڵێت: "داخستنی گەرووی هورمز دەبێتە هۆكارێك بۆ دروستبوونی شەڕ، چونكە ئەگەر ئەمریكا بیەوێت گەرووەكە بكاتەوە، پێكدادان دروستدەبێت".

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران، ئەوەشی خستەڕوو، هەرچەندە ئەستەمە گەرووی هورمز بەڕووی كەشتیگەلی نەوتی دابخرێت، بەڵام فشارەكان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ئەگەری هەیە نرخی بەرمیلێك بگاتە 120 دۆلار.

سەرەڕای دابەزینی بەردەوامی بەھای تمەنی ئێرانی بەرامبەر بەدۆلارو دیناری عیراقی، نرخی خۆراک و کەلوپەلەکانی ئەو وڵاتە بەھەمانشێوەی پێشون و دابەزینیان بەخۆوە نەبینیوە، نوێنەری حکومەتی ھەرێمیش لەتاران ھۆکارەکەی ڕوندەکاتەوەو ڕاشیدەگەیەنێت، "ھاوسەنگی لەنێوان داھاتی فرۆشیارو کڕیار دروستدەکرێت"، دەشڵێت:"لەم مانگەدا نرخەکان دادەبەزن و ھەرزان دەبن". نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی ھەرێم لەتاران بەSNNی ڕاگەیاند، "لەگەڵئەوەی بەھای تمەن بەرامبەر دۆلارو دیناری عیراقی دابەزیوە، بەڵام لەبەرامبەردا کەرەستەی دروستکردنی کەلوپەلی ئێرانیش بەنرخێکی گران دەکڕدرێت، بۆیە دابەزینی بەھای دراوی ئەو وڵاتە نابێتە ھۆکار بۆ دابەزینی نرخی کەلوپەلەکانیان، بەوەش ھاوسەنگی لەنێوان داھاتی فرۆشیارو کڕیار دروستدەکرێت". وتیشی:"دابەزینی بەھای تمەن ڕەنگدانەوەی لەسەر ھەندێک بابەتی خۆراکی و ئەو کەلوپەلانە دەبێت کە لەئێران دروستدەکرێت، ڕەنگە لەم چەند مانگەدا نرخەکەیان ھەرزان ببێت، بەڵام ئەمە تەنھا لەقۆناغی سەرەتادا بەوجۆرە دەبێت و دواتر نرخەکان بەدۆلار دەشکێندرێنەوەو شتێک دەچێتەوە سەر نرخەکەی خۆی". بەبڕوای دەباغ مەرج نییە دابەزینی بەھای دراوی ھەر وڵاتێک، ھەرزانی لەو وڵاتە بھێنێتە ئاراوە، دەشڵێت:"دروستکردنی ھاوسەنگی لەبازاڕ کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نرخەکان ھەیە، بەتایبەت بۆ فرۆشیاران کە ئەوانیش بەرھەمەکان و کەرەستەی دروستکەر بەنرخێکی گران دەکڕن".

بەرپرسێکی یەکێتی لە حکوومەت: خەونە بڵێین ئێران دەستی لەخۆپیشاندانەکانی عێراق هەیە

 

بەرپرسێکی یەکێتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند، ”خەونە“ ئەگەر کەسانێک پێیان وابێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا هەیە و بە گوتەی خۆی، ئاڵۆزیی رەوشی عێراق لە قازانجی ئێران نییە.

 

نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران کە لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند ”خەونە کە بڵێین ئێران دەستی لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا هەیە، ئایا ئەوانەی خۆپیشاندان دەکەن سەر بە ئێران؟ من پێموانییە و بەپێی شارەزایی خۆم، بەڵکوو پێموایە ئێران ھەوڵ و کۆششی بۆ ئەوەیە لە عێراق و مەرزەکانی خۆی پشێوی نەبێت، چونکە بتەوێت و نەتەوێت، ڕەنگدانەوەی لەسەر ئێران دەبێت“.

 

ڕوونیشی کردەوە کە تێکدانی سیستمی عێراق لە زیانی ئێرانە، چونکە ”حکوومەتی عێراق شیعەیە“.

 

بە بڕوای نازم دەباغ، ئەم بارودۆخەی لە عێراقدا هەیە، لە قازانجی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشە و دەڵێت: ”سەیرکەن چالاکییەکانی داعش لە عێراقدا زیادی کردووە، ئایا ئێران چالاکییەکانی داعش دەکا؟“.

سێ شەممە, 17 تەمموز 2018 14:41

باڵیۆزی فەڕه‌نسا بە بۆنەی رۆژی نەتەەوەیی فەڕەنسا بانگهێشتنامەی ئاراستەی نازم دەبا‌غ کرد

باڵیۆزی فەڕه‌نسا بە بۆنەی رۆژی نەتەەوەیی وڵاتی فەڕەنسا بانگهێشتنامەی ئاراستەی "نازم دەبا‌غ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران کرد.

 

رۆژی شەممە ١٤/٧/٢٠١٨ بە بۆنەی رۆژی نەتەەوەیی فەڕەنسا، باڵیۆزخانەی وڵاتی فەڕەنسا لە تاران ئاهەنگێکی گێرا و بانگهێشتنامەی ئاراستەی گەورە بەرپرسانی ئێرانی و باڵیۆزی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە تاران کرا، هەروەها بانگهێشتنامەی باڵیۆزی فەڕه‌نسا ئاراستەی "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران کرا.

 

رۆژی نەتەوەیی فەڕەنسا، جه‌ژنێکه که له ساڵی ١٨٨٠ هه‌موو ساڵێک له ١٤ ژوئیه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌م جه‌ژنه سیمبولێکه له کۆتایی حکوومه‌تی پاشایه‌تی له‌م وڵاته‌دا. ئه‌م رۆژه له فه‌ڕه‌نسا پشوودای ڕه‌سمییه و له لایه‌ن باڵیۆزی فەڕه‌نساوه بۆ به‌شداریی له‌م جه‌ژنه بانگهێشتنامە ئاراستەی باڵیۆزی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان ده‌کرێت.

رادیۆ نەوا - لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، ترانزێتی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخانی نێودەوڵەتییەوە دەستیپێكردوە و "نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ شاری تاران رایدەگەیەنێت: "كردنەوەی هەر خاڵێكی ترانزێتی بازرگانی، لە بەرژەوەندی گەشەی بازرگانی هەرێمی كوردستاندایە".

 

"نازم عومه‌ر ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ شاری تاران بۆ رادیۆی "نەوا" جەختی كردەوە: كردنەوەی ترانزێتی بازرگانی لە مەرزی "پەروێزخان" لە بەرژەوەندی گەشەی بازرگانیدایە، بازرگانان دەتوانن لە ماوەیەكی كورت و بە تێچوویەكی كەم، كاڵا و شتومەكەكانیان هاوردە بكەن و ئەم هەنگاوەش لە بەرژەوەندیی جوڵەی بازرگانی و بازرگانانی هەرێمدایە.

 

نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ وڵاتی ئێران راشیگەیاند: بێجگە لە بازرگانیكردنی چەك و تەقەمەنی و خواردنەوە كهولییەكان و مادە هۆشبەرەكان، كۆماری ئیسلامی ئێران دەروازەی بازرگانی و ترانزێت و هاوردە و هەناردەكردنی لە چوارچێوەی یاسادا، بە ڕووی بازرگاناندا واڵایە بۆ هەموو كاڵا و شتومەكێك.

 

سالم سەلیم

 

لینکی هه‌واڵ: 

http://www.radionawa.com/Ku/all-detail.aspx?jimare=6604

پەڕەى 82 لەکۆى 210 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی