پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕینی 1991

بە بۆنەی ( 32 )مین ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزن و شکۆداری گەلی کوردستان لە ئاداری 1991، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانییان و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەزری شەهیدان دەکەم . 
ڕاپەرینی شکۆداری 1991، بەرهەمی یەکریزی و یەکگرتوویی هێزە کوردستاییەکان و پێکهاتە جیاوازەکان و چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان بوو، کە وەرچەخانێکی مێژوویی لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناو ڕزگاربوونی لە ستەم و چەوساندنەوە و داگیرکاری و بەدەستهێنانی ئازادی دروست کرد.
ڕاپەڕین پەیامێکی ڕوون و زوڵاڵی خەڵکی کوردستان بوو بۆ هەموو جیهان ، کە ژێردەستەیی و داگیرکاری ڕەتدەکاتەوە و دەیەوێ بە سەربەرزی و شکۆمەندانە بژی. لەم یادە پیرۆزەدا، جەخت لە هاوهەڵوێستی و تەبایی خەڵکی نیشتیمانپەروەری کوردستان دەکەینەوە بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، کە بە هەموو شێوەیەک، بەرگریان لێ دەکەین و دەستبەرداریان نابین و بەردەوام دەبین لە کاروانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کوردستان. 
لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی نەمری ڕاپەرین وگشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/march/پەیامی-سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-لە-ساڵیادی-ڕاپەڕینی-1991/

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: داهاتووى هه‌رێمى كوردستان، گه‌شه‌.

ئێواره‌ى رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 2023/3/2 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له‌ سێيه‌مين ڕۆژى دووه‌مين كۆڕبه‌ندى هه‌ولێردا كرد كه‌ به‌ به‌شداريى ژماره‌يه‌كى به‌رچاوى به‌رپرسان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و چه‌ندين ناوه‌ندى ديارى لێكۆڵينه‌وه‌ له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ جيهان و ئه‌كاديميستان، به‌ڕێوه‌ چوو.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ گفتوگۆيه‌كى تايبه‌تى كۆڕبه‌نده‌كه‌دا تيشكى خسته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵێك باس و بابه‌تى په‌يوه‌ندار به‌ ئێستا و داهاتووى هه‌رێمى كوردستان و عێراقه‌وه‌.

ئه‌مه‌ ده‌قى گفتوگۆكه‌يه‌:

پرسیار: ئێوە سەردانی بنەماڵەیەکی بوومەلەرزەلێدراوتان کرد لە تورکیا کە کۆمەڵێک کەسیان گیانیان لەدەست داوە. حەز دەکەم بزانم هەستت چی بوو وەک سەرکردەیەک کە سەردانی لێقەوماوانت کرد؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. بەخێرهاتنی هەموو میوانە بەڕێزەکان دەکەم کە هاتوون، زۆر سوپاس بۆ ئەم بانگهێشتەش. وەک هەر مرۆڤێک، ئەو دیمەنەی کە ئێمە بینیمان لە کارەساتێک کە لە تورکیا و سووریا ڕوویدا، بە ڕاستی بۆ هەر کەسێک جێگەی دڵگرانی و ناڕەحەتی بوو. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساتەکانی یەکەمی دوای بوومەلەرزەکە، زۆر بەپەلە بەپێی توانای بەردەستی، درێخی لە هاوکاری نەکرد. وەزارەتی ناوخۆ، بەرگریی شارستانی، وەزارەتی تەندروستی، کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و لە سەرووی هەمووانیشەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ڕاستی ئەوەی کە لەوێ کردیان جێگەی شانازی بوو بۆ هەموومان. ئێمە کە چووینە ژێر ئەو خێوەتە، خێزانێک لەوێ بوون زۆربەی کەسوکاری خۆیان لەدەستدابوو؛ بە ڕاستی ئەوە شتێکی تا بڵێی ناخۆش بوو. هیوادارم دوایین خەمیان بێت و بە زووترین کات ئەو شوێنانەی کە تێکچوون چاک بکرێنەوە. دووبارە دەڵێم ئێمە سەربەرزین بەو کارانەی کە لەلایەن دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت و دەزگای خێرخوازیی بارزانييه‌وه‌ کران.

پرسیار: ساڵی 2022 ئەوەی کە تێبینیم کردبێت، زۆربەی ئەو سەردان و دیدارانەی هەتانبوو زیاتر ڕەهەندێکی نێوخۆیی و عێراقیيان هەبوو، بەڵام ساڵی 2023 زیاتر ڕەهەندێکی دەرەکی هەیە. هۆکاری ئەمە چییە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: خۆی ئێمە لەسەر دوو ڕەهەند کار دەکەین: ناوخۆیی و دەرەوە. چ وەک هەرێمی کوردستان و چ وەک عێراقیش؛ کۆنفرانسەکان دەرفەتێکن بۆ هەرێمی کوردستان کە دیدگای خۆی بۆ چۆنییەتيی چارەسەری کێشەکانی ناوخۆی عێراق و چارەسەری کێشەکانی کوردستان و دەرەوە، لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دەیانبینێت بخاتەڕوو. هەر لەم چوارچێوەیەدا ئێمە کۆمەڵێک دیداری باشمان لە میونشن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکان هەبوو و دیدگەی هەرێمی کوردستانمان بۆ وڵاتان ڕوونکردەوە. ئەوەی هەستم کرد ئەوە بوو کە ئەمڕۆ لە جیهاندا عێراق بە شێوەیەکی گشتی و هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا بایەخێکی زۆری پێدەدرێت. سەقامگیریی عێراق کاریگەری لە سەقامگیری ناوچەکە دەبێت بە شێوەیەکی گشتی و هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت لەو سەقامگیرییەدا لەگەڵ عێراق ڕۆڵی باشی هەبێت.

بە بۆچونی من، بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان مەترسی نییە بۆ عێراق و بەهێزبوونی عێراقیش مەترسی نییە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئەوان تەواوکەری یەکترن. ئێمە بەو جۆرە سەیری دەکەین کە دوو کیانمان هەیە، بەڵام یەک دەوڵەتمان هەیە کە دەوڵەتی عێراقە. هەرێمی کوردستان هەر لەو چوارچێوەیەدا بەپێی دەستوور و بەپێی بۆچوونی سیاسیی خۆی، هەوڵی داوە لە هەموو ڕوویەکەوە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە قسە بکات. لەم کاتەدا پرسی شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیا لە جیهاندا بە شێوەیەکی گشتی تەوەرێکی سەرەکییە، بەڵام بە ڕاستی ئەوەی من بینیم مانای ئەوە نییە کە بایەخدان بە عێراق نییە. ئێستا وڵاتان، عێراق لە قۆناخێکی نوێ دەبینن و وەک هەستانەوەیەکی ئابووری و هەستانەوەیەکی سیاسی سەیری عێراق دەکەن. ڕۆڵی عێراقیش بە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینن. لەم چوارچێوەیەشدا هەرێمی کوردستان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ هاتنەدی ئاشتەوایی و ئاسایش لە ناوچەکە و عێراقدا.

پرسیار: لە کۆنفرانسی میونشن تێبینی چیت کرد؟ ئایا ڕۆژئاوا کە نزیکەی 200 ساڵە ئاراستەی بە سیاسەتی جیهان داوە بە شێوەیەکی سەرەکی خەریکی پێداچوونەوەیە بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا؟ ئەگەر وایە هەرێمی کوردستان و عێراق لە کوێی ئەو پێداچونەوەدان؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: بێگومان ئێستا دوای شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا هەست دەکرێت کە پێداچوونەوەیەکی جددی لە جیهاندا لەسەر کۆی مەسەلەکان هەیە. لە کۆنفرانسی میونشندا ئەوە زۆر بەرچاو بوو، واتە لە کۆنفرانسی میونشن ڕوون بوو کە وڵاتە زلهێزەکان بەدوای هاوپەیمانیەتيی نوێدا دەگەڕێن و وڵاتەکان لەسەر ئەم بنەمایە ئێستا خۆیان ڕێکدەخەن، واتە کاتێکی نوێیە بۆ هاوپەیمانەتیی نوێ. بە بۆچوونی من، لەم بابەتەدا عێراق دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی ببینێت. سەرنج بدەن، عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەڕووی وزەوە دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بگێڕێت. تا ماوەیەکی زۆر هەموو سەرنجیان لەسەر ڕووسیا بوو، بەڵام ئێستا ڕەنگە ئەمە بگۆڕدرێت. لەم چوارچێوەیەدا عێراق وڵاتێکە کە دەتوانێت ڕۆڵێکی جددى لە بابەتی وزەی جیهاندا بگێڕێت، ئەگەر دیدگەیەکی ڕوون و جددی هەبێت، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. پێم وایە دەرفەتێکی زێڕین بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هاتووەتە پێش.

پرسیار: ئایا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئاسانە هاوسەنگییەک لەنێوان جەمسەرە جیاوازەکاندا بپارێزن کە لە جیهان و ناوچەکەدا خەریکە پێکدەهێندرێن؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: تاوەکو ئێستا پێموایە عێراق زۆر بە باشی کاری کردووە، واتا چوارچێوەی سیاسەتی عێراق ئەوەیە کە ببێتە پردی پەیوەندی. ئەوە وەزیری دەرەوەی عێراق لێرە دانیشتووە، هەوڵێکی زۆر جددييان داوە کە ئەو ڕۆڵە بۆ عێراق هەبێت و وڵاتانی ناوچەکە، وڵاتانی دەرەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە چاوێکی زۆر ڕێزەوە سەیری ڕۆڵی عێراق دەکەن و پێیان خۆشە ببێتە پردێکی پەیوەندی. بە بۆچوونی من، عێراق ناتوانێت ببێتە بەشێک لەم جەمسەرانە، بەڵام دەتوانێت ببێتە پردی بەیەکگەیشتنی ئەم لایەنانە و تاکو ئێستاش عێراق ئەم ڕۆڵەی بینیوە و توانیویەتی تا ڕادەیەکی باش ئەمە جێبەجێبکات. هیوادارم بتوانێت لە داهاتووشدا ئەم ڕۆڵە بگێڕێت.

پرسیار: ئایا ئەم شۆکی دراوەی کە دروستبوو لە عێراق، لە ئەنجامی شۆکێکی سیاسی بوو یان تەنیا بابەتێکی ئابوورییە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: دەبوایە ئەم پرسیارە لە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بکەی کە لێرە دانیشتووە. ئەو چووەتە ئەمه‌ریکا و هاتووەتەوە. ئێمە دوێنێ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پێشوو، جەنابی د. حەیدەر عەبادی و لەگەڵ د. فوئادیش ئەو بابەتەمان باس کرد. بێگومان بابەتی دۆلار و دینار کاریگەری لەسەر هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە هەبووە و ئەم پرسە سەقامگیری تێدا نەبێت، لەڕووی ئابوورییەوە گوشارێکی زۆر دەخرێتە سەر هاووڵاتییان.

ئێستا بە بۆچوونی من، لەم چوارچێوەیەدا ئەوەی ڕوویدا، زۆر خەڵک وا باسی دەکات کە دەبوایە کۆنترۆڵی هەندێک وڵات بکرێت، بەڵام بە بۆچوونی من وا نییە و زیاتر ڕێکخستنەوە بوو کە تاکو ئێستاش بەردەوامە. ئەم ڕێکخستنەوەیە بەپێی ڕێککەوتنێک کە زیاتر لە ساڵێک لەمەوپێش لەگەڵ عێراق کراوە، قسەی لەسەر دەکرێت و ئێستا جێبەجێ دەکرێت. ئامانجەکەشی زیاتر ئەوەیە کە سەقامگیرییەکی باش بۆ ئابووریی عێراق دروست ببێت.

ئەوەی کە ئێستا ئێمە دوای سەردانەکەی د. فوئاد، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ شاندێک بۆ ئەمه‌ریکا دەیبینین، تا ڕادەیەک ئەم بابەتە بەرەو چارەسەربوونێک دەڕوات کە من پێم وایە ڕەنگە لە ماوەی کورتخایەندا ئازاری هەبێت، بەڵام لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی سەقامگیریی ئابووری لە هەموو عێراقدا.

پرسیار: چاوەڕوانی چ داهاتوویەک بۆ هەرێمی کوردستان دەکەی؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: ئێستاش ناکۆکی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام ناکۆکییەکان تاکو ئێستاش ناکۆکیی سیاسی. ئەگەر پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم ناکۆکییانەی کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان هەن، دەبنە هۆی بەرکەوتنی سەربازی، بێگومان نا و شتی وا نابێت. هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەتایبەتی یەکێتی و پارتی ئەو قۆناخەیان دەمێکە جێهێشتووە و من پێشبینی ئەوە ناکەم بە هیچ شێوەیەک هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە خوانەخواستە بەرکەوتنی سەربازی ڕووبدات. داهاتووی هەرێمی کوردستان، بە بۆچوونی من، داهاتوویەکی گەشە، واتە هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستووری لە دەستووری عێراقدا جێگیر بووە و جارێکی دیکە بە دڵنیاییەوە دۆخەکە ناگەڕێتەوە پێش نووسینەوەی دەستووری عێراق. بەڵام بابەته‌كە ئەوەیە ئایا تا ئێستا ئەم دەستوورە تا چ ڕادەیەک جێبەجێ کراوە؟ قسەی ئێمە ئەوەیە، لە ساڵی 2003وە ئێمە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور جدديیەت نابینین.

پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا عێراق بەرەو فیدراڵی دەڕوات یان بەرەو مەرکەزییەتی بەهێز؟ ئێمە پێمان وایە ئەگەر عێراق بەرەو فیدراڵییەت بڕوات و بنەمای سەرەکيی فیدراڵی لەم وڵاتەدا جێگیر بێت، داهاتوویەکی زۆر باش نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ عێراقیش چاوەڕوان دەکرێت و چارەسەری دروستیش ئەمەیە کە دەبێت بکرێت. سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە کە لە چوارچێوەی عێراقدا بەپێی دەستووری عێراق ئەم کێشانە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات. ناکۆکییەکانی ناوخۆی هەرێمیش هەموو لایەنەکی ماندوو کردووە، واتا ناکۆکيی سیاسی، هەموو لایەنێک و خەڵکی ماندوو کردووە. پێموایە کاتی ئەوە هاتووە ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن و لەگەڵ یەکێتیش دەبێ کێشەکان چارەسەر بکرێن.

من ئەم کۆڕبەندەش بە دەرفەت دەزانم کە هەر لێرەوە لە برادەرانی یەکێتی داوا بکەم، لە کاک قوباد، لە تیمی یەکێتی لە حکوومەت، بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران. بێگومان نیگەرانی و کێشە هەیە و بە دڵنیاییەوە کێشەکانی ئەوانیش لە هەموو ئاستێکدا، لە سەرۆکی هەرێمەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر بە جددى وەرگیراون، بەڵام چارەسەر ئەوە نییە لە دەرەوەی حکوومەت ئەم کێشانە باس بکەین؛ چارەسەر ئەوەیە لەگەڵ یەکدی دابنیشین؛ چارەسەر ئەوەیە جێگری سەرۆکی حکوومەت بگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و هەموومان پێکەوە کار بکەین و ئەم دەرفەتە زێڕینەی کە ئەمڕۆ بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هاتووەتە پێش، بە شتی زۆر بچوک و بێمانا لە دەستی نەدەین. ئەوە بە مانای ئەوە نایەت کە گرنگی بە شتەکان نادەم. لەنێوان ئەم دوو لایەنەدا کێشە هەیە، بەڵام ئەم کێشانە دەبێ لەنێو حکوومەتدا چارەسەر بکرێن. ئەگەر لەگەڵ یەکتر گفتوگۆ نەکەن، دانەنیشن و لە دەرەوەی ئەنجومەنی وەزیران باسی کێشەکان بکەن، ئەوە چارەسەر نابێت. کەواتە دەبێ بگەڕێنەوە و هیوادارم برادەران ئەم پەیامەی منیان گوێ لێبێت و بە زووترین کاتیش بڕیار بدەن بگەڕێنەوە بۆ نێو ئەنجومەنی وەزیران.

پرسیار: لە قەیرانەکانی دوای هەڵبژاردنی 2021ی عێراقدا، هەوڵێکی زۆرتان دا بۆ سازانی لایەنەکان و سەردانی حەنانەتان کرد و لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا کۆبوونەوە؛ دواتریش حکوومەتێکی نوێ پێکهات. سەرەتا گەشبینییەکی زۆر دیار بوو بە قسەکانتەوە سەبارەت بەوەی کە ئەم حکوومەتە کاری چۆن دەبێت و دەتوانێت چی بکات بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی بۆ پێکهێنانی حکوومەت کرابوو، بەڵام گوتەکانتان لە میونخ جۆرێک ڕەشبینی پێوە دیاربوو. ئایا دوودڵییەکت هەیە سەبارەت بەو بەڵێنانەی کە لایەنەکانی پێکهێنەری حکوومەت بە کوردیان داوە، یان شتێکی دیکە لە ئارادایە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: لێکدانەوەکەی خراپ کراوە، ئەگینا قسەکانی من هی ئەوە نەبوون ڕەشبینیان پێوە دیاربێت، بەڵام با من شیکردنەوەیەک بۆ ئەمە بکەم. یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2004ـه‌وه‌ حکوومەتێک پێک دەهێنرێت کە ڕێککەوتنێکی سیاسی و نووسراوی لەنێوان لایەنەکانی پێکهێنەری حکوومەت هەیە. هەروەها لەوێ باسیش لەوە کراوە کە چۆن هەنگاو بەرەو چارەسەری کێشەکان بنرێت و لە هەمان کاتدا ماوەی دیاریکراو بۆ چارەسەری هەر کێشەیەکیش دانراوە، بەردەوامیش کۆبوونەوەی لایەنەکانی پێکهێنەری حکوومەت لە بەغدا هەیە بۆ ئەوەی بزانن لە چ یاسایەک دەستپێ بکەن و کام کێشە چارەسەر بکەن و بە چ شێوەیەک بەردەوام بن.

لە لایەکی دیکەوە، لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەی ئێمە لەگەڵ جەنابی سەرۆک وەزیران هەمانبووە، خواستێکی جددى هەیە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن. ئەو قسەیەی کە من لە میونیخ کردم و گوتم ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەبن، هیچ مانایەک بۆ مانەوە لەنێو حکوومەتەکەدا نییە، مەبەستم سەرۆک وەزیران نییە، بەڵکو مەبەستم ئەو لایەنانەیە کە حکوومەتیان پێکهێناوە. دەبێ هەموویان یارمەتيی سەرۆک وەزیران بدەن بۆ ئەوەی ئەو بەرنامەیەی هەیەتی و ئەو ڕێککەوتنەی هەموومان لەسەری ڕێککەوتووین، جێبەجێ بکرێت. سەرۆک وەزیران ماوەی چوار بۆ پێنج مانگە ئەو پۆستەی وەرگرتووە، تا ئێستا ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەوەیە کە لە هەموو ئاستێکدا ژینگەیەکی ئەرێنی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە. ئێستا هه‌ماهەنگيی ئاسایش لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا باشترە؛ هه‌ماهەنگيی سەربازيی نێوان هەردوولا باشترە و هەوڵیش هەیە بۆ تێپەڕاندنی یاسای بودجە لە ماوەیەکی نزیکدا. ئێمە دەبێ هەموو ئەمانە بە ئەرێنی سەیر بکەین، نەک بە بێهیوایی.

سیاسەتی ئێمە لە هەرێمی کوردستان، پاڵپشتیکردنی سەرۆک وەزیران، محەممەد شیاع ئه‌لسوودانییە و تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لەمەدا ڕووینەداوە. بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە ئەم کێشانە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێن. ئەگەر کێشەکان چارەسەر کران، بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی سەقامگیریی سیاسی، ئابووری و ئەمنی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. بۆیە ئەمەمان زۆر لا مەبەستە. جەنابی وەزیری دەرەوەی عێراق خۆی سەرپەرشتيی تیمی کوردی دەکات لەلایەن ئێمەوە لە هەموو کۆبوونەوەکان، ئەم بەیانییەش کۆبوونەوەیەکمان هەبوو و تێیدا ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەوە پێداین کە هەنگاوەکان هی ئەوە نین بێهیوایی دروست بکەن، بەڵکو هی ئەوەن هیوا دروست بکەن.

من زۆر جار قسەیەکم کردووە و گوتوومە هیوادارم بەغدا و هەولێر، واتە هەردووکمان لەو هەڵانەی کە کردوومانن شت فێربوو بین. من ئێستاش ئەو قسەیە دەکەم. هەموو شتێک خەتای بەغدا نەبووە، هەموو شتێکیش خەتای هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵام ئێمە لە چوارچێوەی وڵاتێک دەژین کە پێی دەڵێن عێراق. ڕوونیشە دەستوورێکمان هەیە کە وەک بۆندێکی سیاسی هەموومان بە یەکترەوە دەبەستێتەوە. بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان. دەبێ هەوڵی جددى بدرێت بۆ ئەوەی ئەم دەستوورە جێبەجێ بکرێت. ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوەیە کە هەنگاوەکان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچن و نامانەوێ هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا لەدەست بدەین. ئێمە تەواوکەری یەکترین، وەک پێشتر لە قسەکانمدا ئاماژەم دا، بەهێزبوونی بەغدا، بەهێزبوونی هەرێمە و بەپێچەوانەشەوە. شەڕی داعش باشترین وانەی بە ئێمە دا. داعش کە هات جیاوازی لەنێوان شیعە و سوننە و کریستیان و ئێزدی و تورکمان و مەسیحیدا نەکرد؛ هەموو یەک تاوانمان هەبوو و بە یەک شێوە شەڕی هەموو لایەکمانی کرد. ئێمە لە هەرێمی کوردستانیش بەردەوام جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە قووڵایيی ستراتیژی کورد بەغدایە و هیچ شوێنێکی دیکە نییە. ئێمە بەرچاومان ڕوونە. یەکەمجار لە هەڵەکانی خۆمان فێر بین، بەرچاوڕوونییەکیشمان هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا.

پرسیار: پێدەچێت جەنابیشت یەکێک لەو کەسانە بیت کە پێت وابێت دەرکەوتنی یاسایەکی تازە ڕەنگە کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات؛ مەبەستم یاسای نەوت و گاز و بودجەیە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: بۆ عێراق چەند یاسایەک زۆر زۆر گرنگن بۆ ئەوەی ببنە مایەی سەقامگیريی سیاسی و ئابووری: یاسای بودجە و یاسای نەوت و گاز و یاسای دابەشکردنی داهات. پرسەکانی دیکەش هەمووی گرنگن؛ پرسی چارەسەری مادەی 140 و شنگال. بەڵام با ئێمە واقعبین بین؛ با لە شتێکەوە دەستپێ بکەین. ئەو ویستە زۆر زۆر پێویستە هەبێت. گەلی عێراق شایستەی ژیانێکی زۆر باشترە لەوەی ئێستا هەیەتی. ئاستی خزمەتگوزارییەکان دەبێ زۆر باشتربن لەمەی ئێستا هەیە، عێراق نەوەیەکی زۆر گەنجی هەیە و پێویستە سیاسییەکانی عێراق ئەمە بە جددى وەربگرن. ئەم گەنجانە دۆخی خۆیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەراورد دەکەن و بێگومان دەیانەوێ ژیانێکی باشتریان هەبێت کە شایستەی ئەوان بێت. ئینجا چارەسەری کێشەکان و سەقامگیريی سیاسی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا کلیلی سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراقە بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

پرسیار: پرسی تیرۆر هێشتا مەترسییەکی جدديیە لە عێراق. باسێکی جددى هەیە کە نەوەی دووەمی داعش خەریکە ڕێک لەو کەمپانەوە پێدەگات کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەو هێزانەن کە خۆیان شەڕی داعشیان کردووە. ئایا شتێک هەیە کە لە شەڕی دژی داعش لەبیر کرابێت؟ واتە تەنیا بە هێزی سەربازی دەکرێت بەرەنگاری داعش ببینەوە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: مەسەلەی داعش دوو ڕەهەندی هەیە. ڕەهەندی سەربازی و ڕەهەندی ئایدیۆلۆجی. لە ڕووی سەربازییەوە شتی زۆر کراوە. هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە شێوەیەکی گشتی، لە سوپاوە، لە حەشدی شەعبی و لە هەموو ئەوانەی دیکە کە قوربانیان داوە و خەباتیان کردووە، شەهیدیان داوە بۆ ئەوەی عێراق سەقامگیر بێت. هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە. لەو ڕێگەیەدا ئێمە زیاتر لە دوو هەزار شەهیدمان هەبووە؛ زیاتر لە 10 هەزار پێشمەرگەمان بریندار بووە لە شەڕی داعشدا. کارەساتەکان زۆر گەورە بوون، بەڵام شەڕی داعش تەنیا پرسێکی سەربازی نییە. بە بۆچوونی من، شەڕی داعش پرسێکی ئایدیۆلۆژیشە، واتە تەنیا چارەسەری سەربازی بەس نییە و دەبێت لە ڕووی هزریشەوە کاری لەسەر بکرێت و شەڕی داعش بکرێت.

جەنابت باسی کامپەکانت کرد. بەڵێ، کامپەکان شوێنێکی زۆر تایبەتن و دەبێت زۆر بە جددى هەڵوێستەیان لەسەر بکرێت، ئەگەر سەیری ئەو کامپانە بکەین، ئەوه‌ نەوەیەک دەبینین کە گەنجن و هیچ ئومێدێکیان نییە؛ خوێندن لەو کامپانەدا نییە؛ ئومێدیان بۆ داهاتوو نییە؛ داعش و هاوشێوەکانیشی سوود لەو جۆرە ژینگەیە وەردەگرن. دەبێت ئەم پرسە چارەسەر بکرێت. هەروەها ئەو شتانەی بوونە هۆی دروستبوونی داعش، دەبێت لەنێو ببردرێن. دەبێت هەموو پێکهاتەکانی عێراق خۆیان بە بەشدار لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بزانن. ئەگەر ئەوان خۆیان بە بەشدار نەبینن لەنێو پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق، ئەوا هەمیشە زەمینە هەیە بۆ ئەوەی خەڵکی دیکە دەست بخاتە نێویان و هەوڵیان لەگەڵ بدات بۆ توندڕۆیی و تێكدانی دۆخی ئەمنی.

پرسیار: سەبارەت بە دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، پێموایە لە میونخ بوو باسی ئەوەتان کرد کە کاتێک گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێشخەرییەک دەکەن. ئایا هیچ شتێکی نوێ هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی لەنێوان پارتی و یەکێتییدا هەیە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: بە دڵنیاییەوە هەوڵ هەیە و هەوڵەکانیش بەردەوام دەبن. ئەوەی کە ئێمە لە میونخ باسمان کرد، زیاتر مەبەستمان بوو کە دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بکەین. ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە و کاریگەری لەسەر هەموو شت دەبێت، بەتایبەتی پرسی ڕەوایەتيی هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بەداخەوە ساڵی ڕابردوو هێزە سیاسییەکان لەسەر کۆمەڵێک شت پێک نەهاتن بۆ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە بکرێت. ئێمە ئێستا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەستمان کردووە بۆ دانیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان. هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پرسی هەڵبژاردن بە بابەتێکی جددى وەربگرن. ئەمە مافی خەڵکی کوردستانە و هیچ هێزێکی سیاسی، نە پارتی و نە یەکێتی و نە گۆڕان و نە هیچ لایەنێکی دیکە، ناتوانێت ئەو مافە لە خەڵک بسەنێت. دەبێت هەموو هێزە سیاسییەکان بە بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەن.

ئەوەی کە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئێمە بە گوێرەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەو یاسایانەی کاریان پێ دەکرێت، دەبێت ڕۆژی هەڵبژاردن دەستنیشان بکەین. داواکاریی ئێستای ئێمە لە لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە کە ڕێکبکەون، چونکە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن زیاتر لەوە، دەبێتە عەیبێکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان و دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بکەین. لەم چوارچێوەیەدا گرنگە پرسی یەکێتی و پارتیش چارەسەر بێت. من ناڵێم کێشە نییە، بەڵام کێشەکان ئەوە نین چارەسەر نەکرێن. کێشەکان بەوەش چارەسەر ناکرێن تیمی یەکێتی لە دەرەوەی حکوومەت بن و وەزیرەکانیان نەچنە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران. ئەوە دەبێت کۆتایی پێ بێت. من جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە؛ من داوا لە یەکێتی دەکەم، داوا لە جێگری سەرۆکی حکوومەت دەکەم، ئەگەر هەر کێشەیەکیش هەیە، زۆر بە ئاسانی دەکرێت لەگەڵ سەرۆک وەزیران، لەگەڵ بەندە پێکەوە دابنیشین و هەموومان کێشەکان لە بەرژەوەنديی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن.

پرسیار: زۆرجار وەک سیاسییەکی پراگماتیک، بەڕێزت سیمای سەرکردەیەکی سازان و ڕێککەوتن پیشان دەدەیت. کاتێک کێشە لەنێوان دوو لایەندا دروست دەبێت، گوتارەکانت زیاتر ئەوەیە کە باس لە ڕێککەوتن دەکەن. پێت وایە کە پارتی و یەکێتی بە ڕاستی دەیانەوێ ڕێکبکەون؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: پێموایە دەیانەوێت ڕێکبکەون، چونکە ڕێگەچارەی دیکەیان نییە. چی دەکەن؟ ئەگەر ڕێکنەکەون، ئەڵتەرناتیڤەکەی چییە؟ من لە کۆنفرانسێکی دیکەدا باسم کردووە؛ گوتیان، دەبێتە دوو ئیدارەیی. منیش گوتم، نابێتە دوو ئیدارەیی، بەڵکو دەبێتە سفر ئیدارەیی. ئەگەر ئەم کێشانەی نێوان پارتی و یەکێتی چارەسەر نەبن، بەس پێم بڵێن ئەڵتەرناتیڤ چییە؟ بۆ یەکێتی ئەڵتەرناتیڤ چییە و بۆ پارتیش ئەڵتەرناتیڤ چییە؟ هەربۆیە دەبێت ڕێک بکەوین. ئێمە قۆناخی زۆر زەحمەتتر لەم دۆخەمان تێپەڕاندووە. مەلا بەختیار تەشریفی لێرەیە و دەزانێت. ئێمە قۆناخی زۆر سەختترمان بەرێکردووە، بەڵام لەگەڵ یەکتر دانیشتووین. ئەوە کاک سەعدیش لێرەیە و ئەویش دەزانێت. ئێمە دانیشتووین و قۆناخی زۆر سەختتر لەمەمان بەڕێکردووە. نامەوێ لە خۆمەوە هیوا بدەم بە خەڵک، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە کە هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەمان نییە، ڕێککەوتن نەبێت، بەڵام دەبێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت. زۆر باشە، نیگەرانیی تیمی یەکێتی تێدەگەین، بەڵام چارەسەریش ئەوە نەبوو برادەرانی یەکێتی بڕیار بدەن نەچنە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران. با قسەی خۆیان لە ئەنجومەنی وەزیران بکەن. با لەگەڵ سەرۆک وەزیران، لەگەڵ بەندە هەر کێشەیەک هەیە، باسی بکەن و دەتوانین چارەسەری بکەین. نیگەرانییەکانیشمان بە جددى وەرگرتووە و ئیدی با بێنەوە. با کۆتایی ئەم بابەتە بهێنین.

پرسیار: پرسیاری کۆتاییم لەسەر ئەو گۆڕانە کۆمەڵایەتییەیە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە. ڕێژەیەکی زۆری دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە خوار تەمەنی 40 ساڵن کە سەروو 50٪ـە، پێتوایە ئەو سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق سەبارەت بە گەنجان و ژنان وەک داینەمۆیەکی گەورەی گۆڕانکاری کە زۆربەیان گەنجن، دەتوانێت وەڵامی داواکاریی ئەم ڕێژە زۆرە بداتەوە، یان پێویستی بە جۆرێک گۆڕان و چاکسازی هەیە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: ساڵی 2019 کۆبوونەوەیەک لە بەغدا کرا، جەنابی د. عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتر لەم کۆبوونەوەیە ئامادەبوو، باس لەوە دەکرا چۆن کێشەی ئابووری چارەسەر بکرێت و داوا دەکرا ژمارەیەک خەڵک دابمەزرێندرێت. لەگەڵ جەنابی د. عەبادی لە تەنیشت یەک دانیشتبووین و هەردووکمان پێکەنین، عەمار ڕووی لەمن کرد و گوتی: بابەتەکە چییە؟ گوتم، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران بووە و منیش ماوەیەکی دوور و درێژ سەرۆک وەزیران بووم، ئێمە دەزانین ئەمە ڕێگەچارە نییە. لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئێمە شتێکمان نییە پێی بگوترێت ئابووری، نیمانە! ئابووری لەم وڵاتە نییە، ئەی ئەمەی کە هەیە چییە؟ شتێکمان هەیە نەوتە، ئەم نەوتە دەردەهێنرێت و دەچێتە دەرەوە و دەفرۆشرێت، پارەکەی دێتەوە و ڕاستەوخۆ دابەش دەکرێت، بەڵام ئایا ئەمە دەبێتە هۆی پێشکەوتن و گەشەپێدانی ئابووری لەم وڵاتەدا. ئەستەمە.

من کە دەڵێم لەم وڵاتە، مەبەستم لە زاخۆوە تاکو فاوە، مەبەستم یەک شوێنی عێراق نییە. کولتوورێک لەم وڵاتە دروست بووە کە هەموو شتێکیان خستووەتە سەر حکوومەت. تاکو ئەم کولتوورە سەقەتە لە وڵاتی ئێمەدا هەبێت، پێشکەوتنی ئابووری بەدینایەت. عێراق مانگانە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار بۆ مووچە خەرج دەکات. بە من بڵێن کام حکوومەت لە دنیادا دەتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت؟! ئێستا هەموومان زۆر دڵخۆشین لەبەر ئەوەی لە ئەنجامی ڕووداوێک، نرخی نەوت بەرز بووەتەوە. لە دوای کۆرۆنا ئێستا ئابووریی چین هەستاوەتەوە و پێویستی بە نەوت هەیە، بەڵام ئایا ساڵێک دوای ئەمڕۆ، دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت؟ بڕوا ناکەم.

لە عێراقدا دەبێت زۆر بە جددی بیر لەمە بکرێتەوە چۆن پشتبەستن بە کەرتی نەوت کەم بکرێتەوە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. بە ڕاستی چاوەڕوانی لە حکوومەت کە هەر کەسێک زانکۆی تەواو کرد، دەبێ حکوومەت دایبمەزرێنێت، دەبێ کۆتایی پێبێت، ئەوە بەو مانایە نییە چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەم گەنجانە مافی خۆیانە، بەڵام ئەگەر لە عێراقدا کەرتی تایبەت بە جددی ڕۆڵی خۆی ببینێت و دەرفەت بدەن، ژینگەیەکی ڕێکوپێک لەم وڵاتەدا بۆ کەرتی تایبەت دروست بێت کە داینەمۆی پێشکەوتنی هەر وڵاتێکە، لەڕووی سیاسیشەوە دەستوەردان لە کەرتی تایبەت نەکرێت و دەرفەتیان پێبدرێت کارەکانیان بکەن، دەرفەتی زۆر دروست دەبێت بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت بەرەوپێش بڕوات.

جەنابت ئاماژەت بەوە دا کە عێراق نفووسێکی زۆری گەنجی هەیە، ئەم گەنجانە بە هەزار هیواوە زانکۆ تەواو دەکەن، کە زانکۆیان تەواو کرد، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن خێرا دابمەزرێن. لە هەموو عێراق کارخانەی دروستکردنی بڕوانامەمان داناوە، بەڵام ئەگەر بە یەکێکیان بڵێی وەرە ئێرکۆندەیشنێک چاک بکه‌رەوە، لە عێراق و لە کوردستانیش نیمانە و دەچین لە دەرەوە خەڵک دەهێنین و پشت بە کرێکاری سووری و تورکی دەبەستین. ئەم شتانە دەبێ بە جددی هەڵوەستەیان لەسەر بکرێت، ئەگەر هەڵوەستە لەسەر ئەمانە کرا، ئابووریی عێراق پێشدەکەوێت. ئێستا دەڵێن ئێمە لە هەرێمی کوردستان بیمەمان نییە، هەمانە بەڵام بە جۆرێکی دیکە. ئەوەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە سیستمی بیمەی کۆمەڵایەتییە. چ بیمەی کۆمەڵایەتی لەوە زیاتر کە ئەوەی تۆ دەیفرۆشی و پارەکەی وەردەگریت و دەیدەیەوە بە خەڵک. دەبێ ئەمە کۆتایی پێبێت، ئەگەر کۆتایی پێنەیەت، ئێستا نا، بەڵام لە داهاتوویەکی نزیکدا دەیبینن عێراق لەمڕووەوە بەرەو کارەسات دەڕوات. دەبێ زۆر بە جددی بیر لەمە بکرێتەوە و کۆمەڵێک یاسا دەربکرێن بۆ ئەوەی ئابووریی عێراق کەمتر پشت بە نەوت و گاز ببەستێت. ناکرێ عێراق بەو هەموو تواناییە ئێستاش کارەبا و غاز لە وڵاتانی دیکە هاوردە بکات و غازەکەی خۆيشی بسووتێ، لە کاتێکدا کە دنیا دەیەوێ عێراق ڕۆڵی خۆی ببینێت بۆ دابینکردنی وزە بۆ ئەورووپا و جیهان، ئەمە ئەو دەرفەتەیە کە بۆ ئەم وڵاتە ڕەخساوە و با لەدەست نەدرێت.

له‌ كۆتاييى گفتوگۆكه‌دا، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وه‌ڵامى چه‌ند پرسيارێكى ئاماده‌بووانى دايه‌وه‌. له‌ وەڵامى پرسيارێكدا گوتى:

ئێمە بەردەوام دەبین و هەموو هەوڵەکانی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن. بابەتی گەشبینی هەر لە خۆمەوە قسەکانم نەکرد. هەرێمی کوردستان و ئەو ئەزموونەی هەمانە لە ئەنجامی خوینی شەهیدان و ڕەنج و خەبات و ماندووبوونی پێشمەرگە و ئەو تێکۆشەرانەی لەم ڕێگایەوە هەوڵیان داوە و تێکۆشاون، بەدی هاتووە. ئەم دەسکەوتە دەسکەوتێکی کەم نییە، ئەگەر سەیری مێژووی خەباتی کورد بکەین، لە ئەنجامی یەکڕیزی و یەکبوونی ئێمەی کورد، ئەو دەسکەتانەمان بەدەست هێناون. ئەگەر بەیەکەوە نەبوواین، نەماندەتوانی دەستووری عێراق بنووسین و مافەکانی هەریمی کوردستانی تێدا جێگیر بکەین. ئەگەر بەرەی کوردستان نەبووایە، ساڵی ١٩٩١ نەماندەتوانی سەرهەڵدان بکەین و ئەمانە بەدی بێن. بەدڵنیاییەوە دەبێ ئەوە بە بیری خۆمان بێنینەوە، کە ئەو مێژووە، مێژووی دوێنێیە، دەبێ شانازی بەو دەسکەوتانە بکەین کە لە ئەنجامی خەبات و خوینی شەهیدانمان وەدەست هاتوون. وه‌ك گوتم هەر لە شەڕی داعشدا زیاتر لە دوو هەزار پێشمەرگەمان شەهید بوون، بەڵام ئەو ڕۆژەی کە شەهید بوون، پێشمەرگەکان لە یەک سەنگەر بوون، پێیان نەدەگوتن ئەمە سەوزە و ئەمە زەردە، ئەمە خوینی زەردە و ئەمە خوینی سەوزە، هەموویان لەسەر بەرگریکردن لەم وڵاتە و لەسەر نیشتمان شەهید بوون. دەرفەتێکی باشیش هەبوو کە لە ئاکامی ئەم هەموو خەبات و بەرگری و بەرخودانە، ئێمە هەموومان ڕێکبکەوینەوە. ئێمە هەرچی جیاوازی و ناکۆکیمان هەیە، بەڵام لەسەر پاراستنی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دەبێ ئێمە یەک ئامانجمان هەبێت. بە دوو ئامانجی جیاواز و بەجیا لە یەکتری بیر بکەینەوە، ناگەینە هیچ ئەنجام و ئامانجێک.

له‌ وه‌ڵامى پرسيارێكى ديكه‌ گوتى:

سەبارەت بە پرسی کوردستان پرسیار لە هەر کوردێک بکەیت و بڵێیت هیوات چییە؟ بەدڵنیاییەوە وەڵامەکەی ڕوونە چیت پێ دەڵێت، بەڵام واقیعی ئەمڕۆی ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت کێشەکانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین. بەرپرسیاریەتیی ئێمە ئەوەیە، ئێمەش لەسەر ئەم پرسە ڕێککەوتووین. لە سیاسەتدا دەبێت بەرچاوڕوونیمان هەبێت، دەنا پەیامی هەڵە کێشەمان بۆ دروست دەکات. لەبەر ئەوە دەبێت ئێمە بەردەوام هەوڵ بدەین ئەو کێشانەی كه‌ هەن، چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە. دیسان بە دڵنیاییەوە پرسیار لە هەر کوردێکیش بکەیت، ئەوە وەک ئامانجێک بۆ هەر کوردێک سروشتی و ئاساییە و هەر کەسێک مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەیە و ئەوە مافی هەر کەسێکە.

هه‌روه‌ها له‌ وه‌ڵامى پرسيارێكى ديكه‌ى ئاماده‌بوواندا گوتى:

بێگومان ئێمە پەیوەندییەکی مێژووییمان لەگەڵ سووریا هەیە. بە ڕاستی دەمەوێ هەر لێرە بڵێم کە لە ڕۆژانی سەختیشدا، سووریا یارمەتيی هەرێمی کوردستانی داوە. لە ڕۆژانی ناخۆشیشدا خوالێی خۆش بێت حافز ئەسەد، دەرگای سووریای بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و پاڵپشتی و پشتیوانیی ئەوانمان بۆ هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی لەبیرە. بەدڵنیاییەوە ئێستاش پرسی سووریا بۆ ئێمە لە پرسی عێراق جیاواز نییە و دەبێت چارەسەرێکیش بۆ پرسی سووریا بدۆزرێتەوە. چارەسەرەکەش دەبێت ئاشتییانە بێت. هەر لە سەرتای ڕووداوەکانەوە بەرچاوی ئیمە ڕوون بوو، زۆر بەداخیشەوە بۆ هەموو ئەو کاراساتانەی بەسەر سووریادا هاتن، زۆر پێمان ناخۆش بوو و نیگەران بووین، چونکە یەکەم وڵاتێکی دراوسێی ئیمە بوو، دووەمیش وه‌ك باسم كرد ئێمە لەڕووی مێژووییەوە، پەیوەندییەکی دوور و درێژمان لەگەڵ سووریادا هەبووە و بەڕاستیش با لەبیر خۆمانی نەبەینەوە، کە لە هەندێ کاتی زۆر سەختدا سووریا زۆر پشتیوانی ئێمە بووە و ئێمە ئەوەمان لەبیرە و لەبیریشمان ناچێت، بەردەوامیش باسی دەکەین. هەر لە ساڵی ٢٠١١ەوە پێمانوابووە کە دەبێ کێشەکە بە سیاسی چارەسەر بکرێت. کاتێکیش ڕووداوەکان ڕوویان دا، قەت لەو باوەڕدا نەبووین كه‌ کێشەی سووریا بە چەک چارەسەر دەکرێت و باوەڕمان وابووە کە دەبێ کێشەکان بە ڕێگای سیاسی چارەسەر بکرێن، ئێستاش هەمان بیروباوەڕمان هەیە و بەردەوامیش دەبین.

له‌ وه‌ڵامێكى پرسيارێكى ديكه‌دا سەبارەت بە چوونی به‌ڕێزيان بۆ سەردانی سەید موقتەدا سەدر، گوتى:

دیارە ئێمە لە هەرێمی کوردستان ڕێزێکی تایبەتیمان هه‌يه‌ بۆ خێزانەکەی و ئەو خەباتەی کە کردوویانە، هەمیش وەک کەسی خۆیشی و بۆ جەنابیان. ئێمە لە سەردانەکانمان کە چووینە خزمەتی سەید موقتەدا سەدر، هەوڵی بەردەواممان، دیارە هەر ئێمە نا، دیارە جەنابی حەلبووسی و خەمیس خەنجەریشمان لەگەڵ بوو، هەموو بۆ ئەوە بوو بڕواى پێ بهێنین کە دەبێ هەموومان پێکەوە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بەیەکەوە بەشدار بین. ئێستاش هیچ هێزێکی سیاسی و هیچ لایەنێکیش، ناتوانێت پێگە و سەنگی ڕەوتی سەدر لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بە کەم بزانێت و ئەمە شتێکە و لەجێی خۆیەتی. دیارە ئەمە بڕیاری خۆیان بوو کە دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورەشیان بەدەست هێنا، بڕیاریان دا لە پرۆسەی سیاسی بکشێنەوە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە ڕەوتی سەدر ڕەت کراوەتەوە و سڕاوەتەوە. وەک ئەوەی واتای ئەوەش نییە، کە موقتەدا سەدر ڕۆڵی نییە، نا، پێگەیەکی جەماوەری و ئایینیی بەهێزی لە عێراقدا هەیە و جێی ڕێز و ستایشێکی زۆریشە بۆ هەرێمی کوردستان. ئەوەی ئێمە داوای دەکەین و دەیبینین، ئەوەیە کە ئەوە پرۆسەیەکی سیاسییە و کە ئەمڕۆ لەناو پرۆسەکەدا نییە، واتای ئەوە نییە کە نەگەڕیتەوە ناو پرۆسەکە، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە داوا لە جەنابی سەید موقتەدا دەکەین کە پشتگیری لەم حکوومەتە بکات، بۆ ئەوە پشتیگیری لێ بکات تا خزمەتی عێراقییەکان بکات. ئێمە ئەو داوایە لە جەنابی سەید دەکەین و هەتا ئێستاش ئەوەی دەیبینین، هەڵوێستی خودی سەید موقتەدا و ڕەوتی سەدر بەڕاستی و بە سوپاسەوە پشتگیرییە لە حکوومەتی سەرۆک وەزیران جەنابی دەوڵەتمەدار سوودانی، هیواداریشین ئەمە بەردەوام بێت، چونکە ئەوە تەنیا ڕێگای گەیشتنە بە ئامانج و گەیشتن بە ژیان و ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو عێراقییەکان.

له‌ وه‌ڵامێكى پرسيارێكدا ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ توركيا، به‌ڕێزيان گوتى:

هەرێمی کوردستان و عێراقیش پەیوەندییەکی زۆر دۆستانەیان لەگەڵ تورکیادا هەیە، قەبارەی بازرگانیی عێراق لەگەڵ تورکیا ساڵانە لە دەوروبەری دوازدە ملیار دۆلارە، ئەو پەیوەندییەش کە لەنێوان تورکیا و هەریمی کوردستاندا هەیە، پەیوەندییەکی دۆستانەیە. ئێمە لە هەموو کاتە سەختەکاندا تورکیامان بینیوە کە یارمەتیدەر بووە بۆ هەرێمی کوردستان و سیاسەتی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی عێراقیش بە گشتی، دوای ئەو ڕوانگە و دیدیگایانەی لە بەغدا بینیومن، هەست دەکەم هەموو لایەک دەیانەوێ ئەم پەیوەندییە هەم لەڕووی سیاسی و هەمیش لەڕووی ئابووریەوە بەرەو پێشەوە بچێت. ئەگەر بتوانم بە کورتی بڵێم، ئەوا ئێستا هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی زۆر باش و نایابی لەگەڵ تورکیا هەیە.

دوا پرسیار: هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەوانەی لە هاوپەیمانيه‌تیی دژی داعشدان، کاتێک بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم و سەرۆکایەتیی هەرێم دەبینن، باس لە پرسی یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە دەکەن، جەنابی کۆنسوڵی ئەمه‌ریکا لەم ماوەیە باسی ئەوەی کرد کە لەبری هێزی 70 و 80 هێزی 150مان دەوێت، وابزانم ئێوەش جەماعەتی هێزی 150ن، ئەم 70 و 80یە کەی دەکاتە 150، بەم نزیکانە هەواڵی خۆش لەسەر یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبیستین؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان زۆر بە جددی دەستی پێکردووە. بەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی هەرێم و ئەفسەرەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوەیەکمان بۆ ئەم بابەتە هەبوو. هەنگاوەکان خێرا نین و لەسەرخۆن، بەڵام جددین. بەپێی ئەو یاداشتە لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ ئەموریکا واژوومان کردووە، کاتێکی دیاریکراومان هەیە، تاکو ئێستا لەو کاتە دیاریکراوە زیاتر بەرەوپێش چووین و ئەمریکییەکانیش پێزانینیان هەیە بۆ ئەم بابەتە و بە جددی لەگەڵمان خەریکن. خۆشتان دەزانن کە ئەم بابەتە بە شەو و ڕۆژێک چارەسەر ناکرێت، ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوەیە کە بڕیارێکی سیاسيی جددی هەیە و هاوپەیمانان و بەتایبەتی ئەمه‌ریکا زۆر جیددیتر لەسەر خەتن بۆ ئەم پرسە و هەنگاوەکان وردە وردە بەرەو پێشەوە دەڕۆن. دەبێت بە 150.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/2 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە شاری هەولێر پێشوازی لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش کرد . 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشاندا و ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان شوێنێکی تایبەتی لە دڵی مندا هەیە و خەبات و قوربانیدانەکانی گەلی کوردستان لە یاد ناکرێت، هیوادارم کوردستان هەمیشە بەهێز و یەکگرتوو بێت و کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال چارەسەر ببن . 
سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی بۆ پشتیوانیی و ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەتی ڕۆڵی کارای یونامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال بەهاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە.
چاکسازییە گشتگیرو هەمەلایەنەکانی کابینەی نۆیەم و پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و گرنگیی پارسستنی ئاسایش وسەقامگیریی هەرێمی کوردستان ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو .

 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/march/سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-لەگەڵ-سکرتێری-گشتیی-نەتەوە-یەکگرتووەکان-کۆبووەوە/

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 3/1  ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە لۆرد تاریق ئەحمەد وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و باشووری ئاسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کرد .

لە کۆبوونەوەکەدا کە مارک برایسن ڕیچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئامادەی بوو، لۆرد ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە گۆڕانکاری و پێشکەوتن و ئاوەدانییەکی بەرچاو لە هەرێمی کوردستان ڕوویداوە لە دوای یەکەم سەردانی بۆ هەرێم لە ساڵی 2018 . گوتیشی هەرێمی کوردستان ، پێگەیەکی گرنگ و تایبەتی لە ناوچەکەدا هەیە و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێم دووپات کردەوە. 

سەرۆکی حکومەت سوپاسی بەردەوامیی پشتیوانییەکانی بەریتانیای بۆ هەرێمی کوردستان کرد و کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بوارەکانی هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و هەناردەکردنی بەروبوومی ناوخۆیی بۆ بازاڕەکانی دەرەوە و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کاروبارەکانی حکومەت خستەڕوو.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی  هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال ، هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی کە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور، لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدایە.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە هەندێک پێشکەوتن و لەیەکتێگەیشتنی باش لە بارەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدرال هەیە ، بە تایبەتی ئەوە یەکەمجارە هەرێمی کوردستان، لە ئامادەکارییەکانی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەدا بەشدار دەبێت. هیوادارین لە نزیکترین کاتدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژە یاساکە پەسەند بکات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیش بە پێی دەستوور دابین بکرێن. 

هەروەها جەخت لە سەروەری یاسا و پاراستنی سەقامگیریی و داکۆکیکردن لە بەردەوامیی حکومەتێکی خزمەتگوزار کرایەوە

جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/march/سەرۆکی-حکومەت-پێشوازی-لە-وەزیری-دەوڵەت-لە-وەزارەتی-دەرەوەی-بەریتانیا-دەکات/

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ باڵيۆزى ڕووسيا كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2023/3/1 له‌ هه‌ولێر، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ‏له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئێلبروس كوتراشێڤ باڵيۆزى ڕووسيا له‌ عێراق و شاندێكى ياوه‌رى، دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى کێشەکانی نێوانيانى، تاوتوێ كرد.

هه‌ردوولا ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ڕووسيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين سه‌ردانى به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ڕووسيا بۆ به‌غدا، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌، هه‌روه‌ها پێشهاته‌كانى شه‌ڕ له‌ ئۆكراينا و لێكه‌وته‌كانى و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.‏

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-receives-russian-ambassador/

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 3/1  ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.

هەروەها گفتوگۆ دەربارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لە سەر بنەمای دەستوور و ئەجێندای حکومەت و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.  لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە سەروەری یاسا و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان کرایەوە.

 

 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/march/سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-پێشوازی-لە-باڵیۆزی-ڕووسیا-لە-عێراق-دەکات/

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ ماكفارلان كۆبووه‌وه‌

به‌يانيى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2023/3/2 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ ماتيو ماكفارلان، فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ به‌ڕێزان شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌رپرسانى باڵاى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ى بوون، هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر و هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وى تيرۆر، تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ ده‌ربڕينى سوپاس و پێزاينن بۆ پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانان له‌ پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وێڕاى به‌ربه‌ست و كێشه‌كان، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ پابه‌نده‌ و له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستن و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و پرۆسه‌كه‌ سه‌رده‌خه‌ن. هه‌روه‌ها سوپاسى ئه‌مه‌ريكا و وڵاتانى ديكه‌ى دۆستى كرد بۆ هاوكارى و پشتگيرييان له‌ پرۆسه‌كه‌.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ هێشتا داعش له‌ عێراق و سووريا مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌كات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش جه‌خت له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق كرایەوە‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و نه‌هێشتنى يه‌كجاره‌كيى داعش.

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى كه‌مپى هۆڵ له‌ سووريا و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-general-macfarlane/

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/23 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا کرد. 
لە کۆبوونەوەکەدا،پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور تاوتوێ کرا.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم ، بە تایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و برەودان بە کەرتی کشتوکاڵ و هەناردەکردنی بەروبوومی ناوخۆیی بۆ بازاڕەکانی دەرەوە. 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەی گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا. سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، کە هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی چیتر پرۆسەی هەڵبژاردن دوابخرێت و دەبێت لەم ساڵەدا بکرێت ، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، هەموو ئاسانکاری و ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات.

 
 
 
 
 
 
 
 
 

 

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سكرتێرى گشتيى ‏UN‏ كۆبوونه‌وه‌‏

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2023/3/2 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى هه‌ولێر، پيشوازى له‌ به‌ڕێز ‏ئه‌نتۆنيۆ گۆتێرێس، سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان كرد.‏

پاشان له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌نگاوەكان و گفتوگۆى نێوانيان بۆ چاره‌سه‌كردنى ‏كێشه‌كان، كارنامه‌ى حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق و دۆخى شه‌نگال، خرانه‌ به‌ر باس و ‏تاوتوێ كران.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى بنه‌ماكان و ڕێككه‌وتنى پێكهێنانى ‏حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق و كارنامه‌كه‌ى خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ ‏كه‌شێكى ئه‌رێنى له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا هه‌يه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، ‏چاوه‌ڕوانيش هه‌يه كە به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى ‏كارنامه‌ى حكوومه‌ت جدييه‌. به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها ڕۆڵى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كانى له‌ ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌زر نرخاند.‏

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان خۆشحاڵيى خۆى به‌ ‏هه‌نگاوه‌كانى گفتوگۆى نێوان هه‌ولێر ـ به‌غدا نيشان دا و پشتگيريى نه‌ته‌وه‌ ‏يه‌كگرتووه‌كانى بۆ هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان دووپات كرده‌وه‌. ‏

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌دا باس له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرا. له‌مباره‌يه‌وه‌ ‏سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وە‌ك سە‌رۆكی ھە‌رێمى كوردستان لە‌ ‏كاتی یاسایيی خۆیدا ڕۆژی ھە‌ڵبژاردن دیاری دە‌كات و دە‌بێ لە‌مساڵدا ھە‌ڵبژاردن ‏ئە‌نجام بدرێت.‏

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستى و گرنگيى جێبەجێکردنی ڕێككه‌وتنى ‏حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى ‏دۆخى شه‌نگال، تا ببێته‌ هانده‌ر و ڕێخۆشكه‌ر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌ ئێزدييه‌كان بۆ ‏سه‌ر زێد و ناوچه‌كانيان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌يان.‏

ده‌رباره‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانيش، به‌ڕێز سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ ‏يه‌كگرتووه‌كان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ ناوخۆييه‌كان و يه‌كڕيزيى ‏لايه‌نه‌ سياسييه‌كان‌، پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى عێراق و له‌ ‏ده‌ره‌وه‌ش به‌هێز ده‌كات. ‏

چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ لۆرد ئه‌حمه‌د وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌‏

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2023/3/1 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ‏پێشوازى له‌ به‌ڕێز لۆرد تارق ئه‌حمه‌د وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى به‌ريتانيا بۆ كاروبارى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ‏ئافريكا و ‏نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا لۆرد ئه‌حمه‌د جه‌ختى له‌ خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به‌‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ‏له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ به‌ريتانيا به‌ بايه‌خه‌وه‌ ‏له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا ده‌ڕوانێت و پێى وايه‌ سه‌قامگيرى و په‌يوه‌نديى باشى ‏هه‌ولێر ـ به‌غدا، عێراق به‌هێزتر ده‌كات له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه‌كاندا، ستايش و ‏پشتگيريى وڵاته‌كه‌يشى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوولا نيشان دا.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق و كونسوڵى گشتييان له‌ هه‌ولێر ‏ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان تاوتوێ كرد. ‏له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌وڵى ‏به‌رده‌وامدايه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنى يه‌كڕيزى له‌ ‏هه‌رێمى كوردستان.‏

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ ئارامى و سه‌قامگيرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات، بره‌و به‌ ‏پێشكه‌وتن و گه‌ڕانه‌وه‌ى عێراق بۆ پێگه‌ى شايسته‌ى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌سه‌ر ئاستى جيهان ‏ده‌دات و ده‌ر‌فه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريى بيانى زياتر ده‌كات. ‏

پرسه‌كانى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمى كوردستان، ياساى نه‌وت و گاز و بودجه‌ى عێراق، ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ‏لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له‌ ئۆكراينا و چه‌ند بايه‌تێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ‏ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-british-minister-of-state-lord-ahmed/

پەڕەى 22 لەکۆى 205 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی