هەینی, 13 کانونی یەکەم 2019 23:14

نازم دەباغ لەگەڵ شاندی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆی سنە کۆبۆوە

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، لەگەڵ شاندی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە دیداریی کرد.

شاندی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنەی سەر بە پارێزگای کوردستانی ئێران، رۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی 11/12/2019 سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تارانیان کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران و "سەلام عارف رشدی" جێگری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران پێشوازیان لێکرا. 

لەم دیدارەدا خوێندکارانی ئامادەبوو دەستخۆشی میوانداریی و پێشوازییان لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و باسیان لە چۆنیەتی خوێندن لە زانکۆی کوردستان و پەیوەندیی لەگەڵ زانکۆکانی دیکە و هەروەها باسی کێشە و گیروگرفتی خوێندکارانی کوردیان لە وڵاتی ئێران و لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیەدا "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، بەخێرهاتنی شاندی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنەی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. هەروەها گوێی لە داواکارییەکانیان گرت و ئۆمێدی خواست کە لە لایەن بەرپرسانی زانکۆ و لایەنی ئێرانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەریان بۆ بکرێت.

زانیارى نوێ لەبارەى خێزانە هەڵەبجەییەکە و تۆمەتبارەکان بڵاو دەکرێتەوە

 ناس کورد-ئەحمەد مستەفا // نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئێران ڕایگەیاند، یەکێک لە بریندارەکانى خێزانە هەڵەبجەییەکە تەندروستى خراپە و ئێرانیش ئەرکى چارەسەرکردنى بریندارەکانى گرتوەتە ئەستۆ..

کۆتایی هەفتەى ڕابردوو سێ کەسى دانیشتووى هەڵەبجە، کە لە ژن و مێردێک و دایکى پێکهاتبوو، بەمەبەستى چارەسەرى پزیشکى سەردانى ئێرانیان کردبوو، بەڵام لە ورمێ “دەرمانخوارد کران و هەوڵى سوتاندنیان درا”.

نازم دەباغ نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئێران تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند “ئەو سێ کەسە لە نەخۆشخانەى ئیمام خومەینى لە ورمێ چارەسەر دەکرێن، ڕەوشى ژنەکە خراپە، بەڵام بارودۆخى پیاوەکە باشە”.

وتیشى “قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم داوایکردبوو ئەرکى چارەسەرکردنى ئەو کەسانە لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام ئێران وتویەتى خۆمان چارەسەرى دەکەین لەبەرئەوەى میوانى ئێمەن”.

ئەو سێ کەسە دوانیان بە ڕێژەى جیاواز سوتاون کە لە ژن و پیاوەکە پێکهاتوون، ژنەکەى دیکەش کە دایکى پیاوەکەیە بەهۆى هێرشکردنە سەرى بە چەقۆ برینداربووە.

نازم دەباغ وتى “لەسەر ڕووداوەکە 11 کەس دەستگیرکراون سیانیان تۆمەتبارى سەرەکین کە خەڵکى ورمێن”.

باسى لەوەشکرد، داوایان لە ئێران کردووە بەدواداچوونى جدى بکەن لەسەر کەیسەکە، ئەوانیش وتویانە بەوردى بەدواداچوون دەکەن و ڕووداوەکەشیان بە تاوان ناوبردووە کە دەرهەق بەو گەشتیارانە کراوە.

دواى چەند ڕۆژێک لە ڕووداوەکە، ئەمڕۆ کەسوکارى ئەو سێ کەسە چوونە ورمێ و لە نەخۆشخانە چاویان بە بریندارەکان کەوت.

بەوتەى نازم دەباغ،  ئەو سێ کەسە لە ماڵێک دەرمانخوارد کراون و دواتر ویستراوە بسوتێنرێن.

 

https://www.nasnews.com/ku/%d8%a6%db%8e%d8%b1%d8%a7%d9%86-%d9%82%d9%88%d8%a8%d8%a7%d8%af-%d8%aa%d8%a7%da%b5%db%95%d8%a8%d8%a7%d9%86%d9%89-%da%95%db%95%d8%aa%d8%af%db%95%da%a9/

 

 

نازم دەباغ بۆ ژیان: ئەو کەسانەی خێزانەکەی هەڵەبجەیان دەرمانخوارد کرد دەستگیرکران

 ژیان:کۆچەر عەزیز /// نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئێران رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران سێ کەسیان دەستیگركردوە كە خێزانە هەڵەبجەییەکەیان لە ورمێ دەرمانخوارد کردوە.

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران بەدواداچوونیان کردوە بۆ دەرمانخواردکردنی خێزانەکەی هەڵەبجە و لەسەر رووداوەکە سێ کەسیان دەستگیرکردووە.

وتیشی: دوو ژن و پیاوێک ئەو کارەیان ئەنجامداوە، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستگیرکراون، ئەوانیش وەک نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن.

لە چەند رۆژی رابردودا هێمن باقی کە گەنجێکی هەڵەبجەیە لەگەڵ هاوسەر و خەسووی بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی ڕوویان لەوڵاتی ئێران كرد، بەڵام لەگەڵ گەشتنیان بەو وڵاتە لە جێگایەك بەمەبەستی بردنی ئەو پارەیەی كە پێیان بووە دەرمان خوارد كراون، بە پێی زانیارییەکان، دوای دەرمانخواردن کردنیان ئاگر لە جەستەی هێمن باقی و خێزانەكەی بەر دەدەن بەوهۆیەوە جەستەیان دەسوتێت، بەڵام خەسووی سەلامەت دەبێ، دواتریش ئەو كەسانەی كارەكەی ئەنجامداوە هێمن باقی و خێزانی و خەسووی لە ناوچەیەكی دورەدەست فڕێ دەدەن".
دوای جێهێشتنیان لەلایەن ئەو کەسانەی کە سوتێنراون هاوار بۆ خەڵكانی ئەو ناوچەیە دەبات و هێمن باقی و خێزانی دەگەیەننە نەخۆشخانەكانی ئورمیە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

https://zhyan.co/detailnewsga.aspx?jimare=24823&cor=1&related=2

 

پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ خەڵكی شاری سەقز

 مەسعود بارزانی، په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی بۆ خه‌ڵكی شاری سه‌قز بڵاوکرده‌وه‌ و تێیدا ده‌ڵێت: “خۆم بە هاوبەشی خەمی هاووڵاتیانی خۆشەویستی شاری سەقز دەزانم”.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

“پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ خەڵكی شاری سەقز

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەداخێكی زۆرەوە شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی ڕووداوێكی دڵتەزێن لە هۆڵێكی زەماوەندی شاری سەقز ژمارەیەك هاووڵاتیی ئەم شارە گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەكی تریش بریندار بوونە.

بەم بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەكەم و هیوای چاكبوونەوەی خێرایش بۆ برینداران دەخوازم و .

مسعود بارزانی

 

چوار شەممە, 04 کانونی یەکەم 2019 08:13

نازم دەباغ لە تاران لەگەڵ شاندی بازرگانی هەرێمی کوردستان دیداریی کرد

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، لە شاری تاران لەگەڵ شاندی بازرگانی هەرێمی کوردستان کۆبۆوە.

 شاندێکی بازرگانی هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ چوارشەممە رێکەوتی (04/12/2019) سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانیان کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران و "سلام عارف رشدی" جێگری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها ستافی نوێنەرایەتی پێشوازی گەرمیان لێکرا.

شاندی بازرگانی هەرێمی کوردستان لە لایەن ژووری هاوبەشی ئێران و عێراق بانگهێشتی یەکەمین کۆبوونەوەی بەرامبەری بازرگانانی ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان کرابوون، کە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە هوتێل پارسیانی ئەوین لە شاری تاران بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنەکەدا شاندی بازرگانی هەرێمی کوردستان سوپاسی ژووری بازرگانی هاوبەشیان بۆ ئەم بانگهێشت و چاوپێکەوتنیان کرد و هیوایان خواست لە داهاتوودا بەشێوەیەکی ڕێک و پێکتر و بە ئاگاداریی لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتییەکانو کار و چالاکی و پەیوەندییەکانیان ڕێکبخەن.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران و "سلام عارف رشدی" جێگری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵی خویان دەربڕی بەم سەردانی شاندی بازرگانی هەرێمی کوردستان بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران. 

لەم بەشیکی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاری و یارمەتی بازرگانانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق. 

یەکەمین کۆبوونەوەی بەرامبەری بازرگانانی ئێران و عێراق لەسەر تەوەری "پیشەسازی خواردن و بڵاوکردنەوە و شێوازی کاری بانکەکان لە هەرێمی کوردستان" بە بەشداری "مستەفا عەبدوالڕەحمان" سەرۆکی یەکێتی هەناردە و هاوردەکانی هەرێمی کوردستان، "یاسین ڕەحیم فەرەج" جێگری یەکەمی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، "پێشەوا ئەحمەد مەحموود" سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە، "ئەحمەد عەلی مەحموود" جێگری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی،  "حەمید حوسێنی" سکرتێری گشتیی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق، کۆمەڵێک کەسایەتی دیکە و هەروەها چالاکڤانانی ئەم بوارە لە هەر دوو وڵات لە هوتێل پارسیانی ئەوین لە شاری تاران بەرٍێوەچوو و "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران وەکوو میوانی تایبەت، بانگهێشت کرابوو.

سێ شەممە, 03 کانونی یەکەم 2019 20:54

"سەلام عارف روشدی" لەگەڵ نوێنەری خوێندکارانی مەستەری هەرێمی کوردستان لە تاران کۆبۆوە

"سەلام عارف روشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لەگەڵ نوێنەری خوێندکارانی مەستەری هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی تاران، دیداری کرد.

  نوێنەری خوێندکارانی هەرێمی کوردستان کە لە قۆناغی مەستەر لە زانکۆکانی تاران دەخوێنن، ئەمڕۆ سێشەمە 3ی دیسەمبەری 2019 سەردانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تارانی پێتەختی ئێرانیان کرد و لە لایەن "سەلام عارف روشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، پێشوازییان لێکرا. 

 لە سەرەتای ئەم دیدارەدا، نوێنەری خوێندکارانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەداواچوون بۆ کارووباری خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە ئێران و پەسەندکردنی بڕوانامەی خوێندکاران لە لایەن نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانەوە هاتنە ئاخاوتن. 

 لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، "سەلام عارف روشدی" جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەر خوێندکارێکی هەرێمی کوردستان دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە لە وڵاتی ئێران، دەبێت بڕوانامەکەی لە لایەن نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران پەسەند بکرێت.  

 جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، بە پێویستی زانی سەرجەم خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، ناویان لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆماربکەن.

 لە بەشێکی دیکەی ئەم دانیشتنەدا سەبارەت بە کارووباری خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، چەند سەرنج و پێشنیارێک تاوتوێی کران.

نازم دەباغ: حکوومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی ڕاست و دروستی هەبووە

 "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ ڕادیۆ "نەوا" گوتی: خۆشبەختانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئەم کاتە سیاسەتێکی ڕاست و دروستی هەبووە و خۆی بێلایەن گرتووە.

 

"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ ڕادیۆ "نەوا" سەبارەت بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان و نیگەرانییەکانی ئەمەریکا لەو ڕۆڵەی ئێران لە عێراقدا ڕایگەیاند: من پێموایە ئەمەریکا بە دوای جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەی خۆیەتی لە ناوچەکەدا و بەشێکیشی دژایەتی کردنی کۆماری ئیسلامی ئێرانییە، ئەوەی کە گرینگە ئێمە دەبێت سرنج بدەینە جوگرافیای هەرێمی کوردستان، کە لەڕاستیدا دەتوانم بڵێیم جوگرافییەکی خراپی هەیە و لە ناوچەکەدا دەبێت زۆر وشیارانە هەڵسووکەوت لەگەڵ ڕووداوەکانی دراوسێکاندا بکات.

 

گوتیشی: ئەو جوگرافیایە ناتوانین بگۆڕین کە سنوورێکمان ئێرانە، سنوورێکمان عەڕەبە و سنوورێکیشمان تورکیایە. ئەمەریکا و کۆمەڵێک وڵاتانی دیکەش بەرژەوەندیی تایبەتیان هەیە لە پێناو بازاڕی خۆیان و دابینکردنی بازاڕی ئەوانی دیکە. بۆیە هەر یەکە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا کار دەکات، دەستوور دەدات و ڕێنمایی بڵاودەکاتەوە. گرینگ ئەوەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە تا ئێستا بە باشی هەنگاوی هەڵێناوە لە ڕۆی مافەوە و لە ڕووی دژایەتیی کردنەوە خۆی بێلایەن بگرێت و خۆشی ببەستێتەوە بەو سیاسەتەی کە لە بەغدا بڕیاریی لەسەر دەدرێت. بۆیە ئاسان نییە بکەوینە ئەو داوەی کە نە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و نە دژی ئەمەریکا و نە دژی وڵاتانی دیکەش بین. وەکوو ئەوەی کە دەڵێن لە باشترین حاڵەتدا و بەتایبەتیش بەرژەوەندیی خۆمان لەبەرچاوبگرین.

 

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕاشیگەیاند: بەڵام لە بیرمان نەچێت دوو ساڵ پێش ئێستا کورد، بیری لە ئەنجامدانی ڕاپرسی کردەوە بە مەبەستی ئەوەی کە ببێتە کیانێک بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە ئاییندەدا، دیمان ئەو کەسانەی کە کەوتنە دژایەتی کردن و دیشمان ئەو کەسانەی کە کەوتنە پارێزگاریی کردن لەو ئەزموونەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.

 

"نازم دەباغ" سەبارەت بە پەیامی "مایک پێنس" جێگری سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان گوتی: چاودێرانی سیاسی لە هەڵسەنگاندنی باروودۆخی سەردانەکەی جێگری سەرۆک کۆماری ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق تووشی هەڵەیەک بوون و ئەویش بەرنامەیەکی تایبەت بووە بۆ سوپاسکردنی ئەم ڕۆژەدا لە سەربازەکانیان و لە ئەمەریکا بە ڕۆژی سوپاسگوزاری ناسراوە و هاتبوو بۆ هەولێر کە سوپاسی سەربازەکانی خۆیان بکات. بەڵام ئەمە لە گرینگی سەفەرەکەی "مایک پێنس" کەمناکاتەوە. لە کاتی هاتنیشیدا بۆ هەولێر، لە لایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا و لە پەیامەکەیدا دیسانەوە ڕۆڵی کوردیی بەرزنرخاند لە شەڕیی داعشدا.

 

گوتیشی: "مایک پێنس" لە پەیامەکەیدا شتێکی دیکەشی گوت کە پێموایە بۆ ئێران و هەروەها بۆ عێراقیش دڵخۆشکەر بێت و گوتی ئێمە لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراقین. و ئەوە لە قازانجی کوردیشدا بوو کە دەبێت بە وریاییەوە هەڵسووکەوتی لەگەڵ بکات و ئەویش پێشتوانی لە شەڕیی کورد لەگەڵ داعش و تیرۆر کرد و هەروەها پشتوانی لە کێشەی کورد کرد لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا.

 

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران سەبارەت بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان گوتی: پێموایە کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە لە بەرژەوەندیدا بووە کە ئەمن و ئاسایشی عێراق پارێزراوبێت و لەگەڵ ئەوەدابووە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەی کە بەغدا کاریی پێدەکات، ئەویش کاریی پێبکات و خۆشبەختانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئەم کاتە دەتوانم بڵێیم سیاسەتێکی ڕاست و دروستی هەبووە و خۆی بێلایەن گرتووە.

 

دەباغ سەبارەت بە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان گوتی: تا ئێستاکە کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی هاوسەنگیان هەبووە و ئومێد دەکەم ئەو سیاسەتە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دووربێت لەو کێشەو و گیر و گرفتانەی کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی نییە، چونکە نە توانای ئەوەی هەیە ڕووبەڕووی ئەمەریکا بێتەوە و نە توانای ئەویشی هەیە کە ڕووبەڕووی ئێران بێتەوە. واتە بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی خۆی ئەو سیاسەتەی ڕچاوگرتووە و تا ئێستاش نەمانبیستووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران گلەیی و گازندەی بووبێت بەرانبەر بە سیاسەتی ئیستراتیژی هەرێمی کوردستان.

 

"نازم عومەر دەباغ" سەبارەت بە نیگەرانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستانەوە گوتی: دیارە هەرێمی کوردستان نابێت لایەنگریی ئەو هیز و لایەنانە بێت کە دژایەتی ئێران دەکەن.

 

لینکی چاوپێکەوتن:

https://www.radionawa.com/Ku/show-detail.aspx?jimare=51&znjera=4809

 

 

سه‌رۆك كۆمارى توركیا پێشوازى له‌ سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دەکات

 

 

رۆژی پێنجشەممە 2019/11/28 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك کۆماری تورکیا لەکۆشکی کۆماری لەئەنقەرە پێشوازی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان كرد.

له‌ کۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بارودۆخى سیاسى و ئاسایشى ناوچه‌كه‌ تاوتوێكرا و جه‌خت له‌ پێشخستنى په‌یوه‌ندییەکانی هه‌ولێر و ئه‌نقه‌رەو  رۆڵى هه‌رێمى كوردستانى له‌ سه‌قامگیرى ناوچه‌كه‌ كرایه‌وه.‌

سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌، هه‌رێمى كوردستان فاکتەرى سەقامگیریی ئاسایش  و ئارامى ده‌بێت له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ و خواستى هه‌رێمى كوردستانیشى بۆ پەرەپێدانی په‌یوه‌ندییەکان، به‌ تایبه‌ت له‌ بواره‌كانى بازرگانى و ئابوورى پیشاندا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌کیشدا له‌گه‌ڵ مەولوود چاوشئۆغڵو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا، گفتوگۆ له‌ باره‌ى پێشهاتەکانی ناوچەکە و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان كرا، بە تایبەت بابەتە پەیوەندیدارەکانی بواری بازرگانی و ئابووری.

لە دوای ئەو کۆبوونەوەیە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا و باسیان لە وردەکاری کۆبوونەوەکە کرد و وەڵامی رۆژنامەنووسانیان دایەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکه‌دا گووتی: گفتوگۆی گرنگی لەسەر ئاستەکانی سیاسی و ئابووری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەنجامداوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر گرنگی بەرقەرارکردنی ئاسایش لەناوچەکەدا کردەوە و روونیکردەوە، سەقامگیری لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق بەدیھاتووە،  بە ئاراستەی چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان.

سەرۆکی حکوومەت ستایشی هاوکاری حکوومەتی تورکیای لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان لە بارەی میوانداریکردنی پەنابەرە سوورییەکان کرد و هیوای خواست خۆویستانە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، نەک بە زۆرەملێ.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا، سەرۆک وەزیران رایگەیاند هەرێمی کوردستان پەیوەندی زۆر گرنگی لەگەڵ تورکیا هەیە و گوتی نابێت خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن هیچ گرووپێکەوە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەم (نۆڤێمبەر) 2019 گەیشتە ئەنقەرە، وەک یەکەمین سەردانی فەرمی بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە دوای دەستبەکاربوونی وەك سەرۆکوەزیران.

 

 

قادر عەزیز پرسەنامەیەكی ئاراستەی نازم دەباغ كرد

 قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و سەرپەرشتیاری مەكتەبی راگەیاندن، پرسەنامەیەكی ئاراستەی نازم عومەر دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆماری ئیسلامی ئێران كرد، بۆ كۆچی دوایی (محەمەد عومەر دەباغ ) ی برایان.

لەو پرسەنامەیەدا قادر عەزیز وێڕای دەربڕینی هاوخەمی، هیواشی خواستووە ئەمە دوا كۆستی بنەماڵەكەیان بێت.

https://www.gksat.tv/details.aspx?jimare=87584&cor=Kurdistan

 

بافڵ تاڵەبانی پرسەنامەیەك ئاراستەی مامۆستا نازم دەباغ دەكات

برای بەڕێزمان مامۆستا نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران

‎بەداخ و پەژارەوە ، هەواڵی کۆچی دوایی ( محەمەد عومەر دەباغ ) ی براتانم پێگەیشت بەم بۆنە خەمناکەوە ، پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ، ئاڕاستەی کەسوکارو بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەین هاوبەشی خەم و پەژارەتانین
‎ روحی کۆچکردووش شادبێت ‎

پەڕەى 70 لەکۆى 210 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی