نازم ده‌باغ: به‌غدا نایه‌وێت بچێته ناو که‌مپه‌ینی گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا دژ به ئێران

انوار- هاوکات له‌گه‌ڵ گوشاره‌کانی ئه‌‌مریکا بۆسه‌ر عێراق به مه‌به‌ستی بڕینی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری نوێی عێراق سه‌ردانی تارانی کرد. له‌مباره‌یه‌وه نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران وێرای به‌باش هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م سه‌ردانه ده‌ڵێت: حکومه‌تی عێراق ناویه‌وێت بچێته ناو که‌مپه‌ینی ئه‌مریکا دژ به ئێران. نازم ده‌باغ ده‌ڵێت: عێراق ئیجازه به هیچ وڵاتێک نادات ببێته گۆڕه‌پانی پیلان و به‌رنامه دژ به ئێران. ده‌قی وتووێژی نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران له‌گه‌ڵ "خراسان" ده‌خوێننه‌وه.

 

 

هه‌ڵسه‌نگاندنتان بۆ سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک کۆماری عێراق بۆ تاران چییه؟



به دڵنیاییه‌وه هه‌ر سه‌ردانێک ده‌ستکه‌وتی زۆری بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌ر دوو وڵات ده‌بێت. تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م سه‌ردانه له‌وه‌دایه که سه‌رۆک کۆماری نوێی عێراق درێژه‌پێده‌ری قوتابخانه‌ی مام جه‌لال‌ه و به هه‌مان بیرۆکه و فیکره‌وه سه‌ردانی ئێرانی کردووه‌و به خۆشحاڵییه‌وه له‌سه‌ر داهاتووی ناوچه‌که هاوڕایی و تێڕوانینی هاوبه‌ش له نێوان هه‌ر دوو سه‌رۆک کۆماردا بوونی هه‌بوو. له‌م سه‌ردانه‌دا بابه‌تی دابینکردن و گه‌شه‌ی ئاسایش، هاوکارییه پێویستیه‌کان بۆ به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندییه دوولایه‌نه‌کان و بابه‌تی هاوبه‌ش له نێوان دوو وڵاتدا، له‌وانه بابه‌تی ئاو، چالاک‌کردنی شه‌تولعه‌ره‌ب (اروندرود) و بابه‌ته ژینگه‌ییه‌کان باسکران. هه‌روه‌‌ها له‌م سه‌ردانه‌دا بڕیار درا به مه‌به‌ستی هاوکاری و نزیک‌کردنه‌وه‌ی وڵاتانی ناوچه‌که پلان و به‌رنامه‌ی تازه دابنرێت و هه‌روه‌ها بۆ پێکهێنانی کۆمیسیونی هاوبه‌شی دوو وڵات له بواره‌کانی پیشه‌یی و بازرگانی‌دا رێککه‌وتن کرا. 

 

به پێی گوشاره‌کانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر عێراق له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌کان له‌گه‌ڵ ئێران، حکومه‌تی نوێی عێراق چ ئاماده‌کارییه‌کی کردووه؟

حکومه‌تی عێراق سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که نه‌چێته ناو که‌مپه‌ینێک دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکی ئێران و عێراق.

 

به پێی گوشاره‌کانی به‌رپرسانی ئه‌مریکایی سه‌باره‌ت به گه‌مارۆکان، ئایا له‌وانه‌یه له داهاتوودا ئه‌م گوشارانه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان دوو وڵات کاریگه‌ر بن؟

 

عێراق و کۆماری ئیسلامی دوو وڵاتی سه‌ربه‌خۆن و نابێت بهێڵین که بابه‌تی بیانی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان دوو وڵات کاریگه‌ر بن. ئێمه ده‌بێت رێز له وڵاتی خۆمان بگرین و ئیجازه نه‌ده‌ین وڵاتێکی دیکه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیکه کاریگه‌ر بێت. عێراق ئه‌‌م ده‌رفه‌ت و ئیجازه‌یه به هیچ وڵاتێک نادات ببێته گۆڕه‌پانی پلان و دژایه‌تیکردن و پیلان دژی ئێران و تا ئه‌م کاته‌ش نایه‌وێت بچێته ناو که‌مپه‌ینی گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا دژ به کۆماری ئیسلامی ئێران. 

   

چه‌ندین هه‌واڵ بڵاوبووه‌ته‌وه که ئه‌مریکا گوشاری بۆ هه‌رێمی کوردستان هێناوه دژی کۆماری ئیسلامی ئێران...

 

ئه‌ڵبه‌ت گوشاره‌کانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان پێشتر بووه و هه‌یه و ده‌بێت، به‌ڵام راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که یه‌کێتی ئه‌وروپا پشتیوانی له هه‌ڵوێستی عێراق به‌رامبه‌ر گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا دژی ئێران کردووه، هه‌روه‌ها سیاسه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته‌کانی حکومه‌تی عێراقدا ده‌بێت. 
 

به‌و پێیه‌ی که کونسولی کۆماری ئیسلامی ئێران له سلێمانی باسی له دانانی ناوچه‌یه‌کی ئازادی ئابووری له‌گه‌ڵ هه‌رێم کردووه، دروستکردنی ئه‌م ناوچه‌یه له چ قۆناغێکدایه؟

دانانی ناوچه‌ی ئازادی بازرگانی بابه‌تێکی تازه و نوێ نییه، چه‌ند ساڵه ئه‌م بڕیاره دراوه‌و هه‌ردوولا رێککه‌وتوون به‌ڵام هه‌ندێک رای جیاواز له‌سه‌ر بابه‌ته ئیشه‌که‌ی دواخستووه له‌وانه رای جیاواز له‌سه‌ر شوێنی دروستکردنی یان ئه‌وه‌ی له‌ناو خاکی عێراق بێت یان ئێران یان له ناوچه‌یه‌کی هاوبه‌ش دروست بکرێت.

 

Read کد خبر: 2153

دوایین هەواڵەکان

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی