نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئێران دەڵێت: پۆستی سەرۆككۆماری عێراق پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەو پارتی داوای لە یەكیتی كردوە كە لە دانانی كەسێك بۆ ئەو پۆستە لەلایەن یەكێتییەوە وا باشترە كۆدەنگی پارتی و هێزە سیاسییەكانی دیكەشی لەسەر بێت.
بە پێی هەواڵی مێهر, نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران، ئەمڕۆ هەینی، بە ماڵپەڕێكی نزیك لە یەكێتی راگەیاند"بەگوێرەی ئەو عورفە سیاسییەی ماوەی چەند ساڵێكە لە عێراق پەیڕەو دەكرێت، پۆستە باڵاكانی سەرۆك وەزیران و سەرۆككۆمار و سەرۆكی پەرلەمان بۆ لایەنی شیعە و كورد و سونە یەكلا بوونەتەوە، هاوكات لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش تاڕادەیەكی زۆر ئێران ناڕازی بو لەو ئەنجامانە چونكە بەدڵی ئێران نەبون، بەڵام ئەمە بەومانایە نایەت ئێران ڕۆڵی لە پرۆسەی سیاسی عێراق نەمێنێت بەڵكوو ئێران دەیەوێت لایەنە سیاسییەكان بە گفتوگۆو لێكتێگەیشتن ناكۆكییەكانیان چارەسەر بكەن."
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد: ئەوەی پەیوەستە بە پشكی كورد لە پۆستە باڵاكانی عێراق بریتیە لە پۆستی سەرۆككۆمار كە بۆ كورد یەكلا بوەتەوە و لە ناو كوردیشدا پشكی یەكێتی نشتیمانی كوردستانە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش داوای لە یەكێتی كردوە كە لە دانانی كەسێك بۆ ئەو پۆستە لەلایەن یەكێتی نشتیمانی كوردستانەوە وا باشترە كە كۆدەنگی و هاوڕایی پارتی و هێزە سیاسییەكانیشی لەسەر بێت بەو پێیەی كە ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆككۆمار نوێنەرایەتی گەلی كورد دەكات و لەدەرەوەش نوێنەرایەتی هەمو عیراق دەكات.
نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێم لە تاران ئەوەشی خستەڕو: لە ئێستادا شیعەكان بونەتە پێنج بەرەی جیاواز چواربەرەیان لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئێرانن و بەرەیەكی دیكەیان كە موقتەدا سەدر ڕێبەری دەكات لەگەڵ ئەو چوارلایەنەی دیكەی شیعەكان نییە، بەشێوەیەكی گشتی دەبێت ڕۆڵ و پێگەی وڵاتانی دەوروبەریش لەبەرچاو بگیرێت بەتایبەت ئێران و ئەمریكا و توركیا، چونكە هەمو ئەو وڵاتانە بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان لە عێراق كاریگەرییان لەسەر پێكهینان و دەستبەكار بونی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق دەبێت.
سەرچاوە : ئاژانسی مێهر