ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ 19ى یه‌نایه‌رى 2014 له به‌غدا شاندى باڵاى هه‌رێمى كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ نوورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق كۆ بووه‌وه. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕه‌وش و پیشهاته سیاسى و ئه‌منییه‌كانى ئێستاى عیراق و كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و ڕووداو و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به گشتى و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر عیراق و وڵاتانى ده‌وروبه‌ر خرایه به‌ر باس و گفتوگۆ.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به هه‌مان شێوه‌یه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ردوو شاندى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عیراق، له كه‌شێكى ئه‌رێنى و ڕاشكاوانه‌دا به ڕێوه چوو، گرنگترین خاڵه دیاره‌كانى كێشه و ناكۆكییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا چۆنیه‌تیى دۆزینه‌ى ڕێگه‌چاره‌ى گونجاو له به‌رژوه‌ندیى هه‌موو عیراقدا تاوتوێ كران و نێچیرڤان بارزانى و نوورى مالیكى ویستى دوولایه‌نه‌یان بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كان له ڕێگه‌ى دیالۆك و لێكگه‌یشتنه‌وه دووپات كرده‌وه.
دواى ئه‌وه‌ش بۆ جارى دووه‌م هه‌ردوو شاندى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عیراقى فیدرال كۆ بوونه‌وه و له كه‌شێكى ئه‌رێنیتر و دۆستانه‌تردا، خاڵه ناكۆكه‌كانیان خسته‌وه به‌ر باس و گفتوگۆ و تیشكیان خسته سه‌ر ورده‌كارییه‌كان و چه‌ند هه‌نگاوێك له یه‌كتر نزیك بوونه‌وه. له كۆتاییدا بڕیار درا له‌ژێر ڕۆشناییى ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه و گفتوگۆ‌كان، شاندى حكوومه‌تى عیراق ڕه‌شنووسێك ئاماده بكات و له چه‌ند ڕۆژى داهاتوودا بینێرنه هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ى له وێ دیراسه بكرێت و هه‌ردوولا دانیشتنى دیكه‌ى له‌سه‌ر ساز بكه‌ن.
جێى باسه نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیى شاندێكى باڵاى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشته به‌غدا و دواى نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ شاندى حكوومه‌تى عیراق به سه‌رۆكایه‌تیى حسێن شه‌هرستانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروبارى وزه كۆ بووه‌وه.
كۆبوونه‌وه‌كه له كه‌شێكى ئه‌رێنى و دۆستانه و زۆر ڕاشكاوانه‌دا به ڕێوه چوو و تیایدا هه‌ردوولا تێبینى و دیدى خۆیان له‌سه‌ر پێشنیاره‌كان به ڕاشكاوانه پێشكه‌ش كرد و هه‌ردوولا ویستى ته‌واوى خۆیان ده‌ربڕى بۆ ئه‌وه‌ى هه‌وڵى جددى بده‌ن تا بگه‌نه ئه‌نجامێكى گونجاو كه له به‌رژوه‌ندیى هه‌موو خه‌ڵكى عیراقدا بێت و تایبه‌تمه‌ندیى هه‌رێمى كوردستانیش له‌به‌رچاو بگیرێت. هه‌روه‌ها گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر پێشنیاره‌كانى هه‌ردوولا كرا كه پێشتر له لایه‌ن حكوومه‌تى فیدرال و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه پێشكه‌ش به یه‌كتر كرابوون.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ندین خاڵى هاوبه‌ش و چه‌ندین خاڵى ناكۆك گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا و هه‌ردوولا پێیان باش بوو كه هه‌رلایه‌نه‌ى لاى خۆیه‌وه دیراسه‌تى خاڵه ناكۆكه‌كان بكه‌ن و ئێواره دواى كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ نوورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراقى فیدرال، دانیشتنێكى دیكه وه‌ك به‌رده‌وامیى كۆبوونه‌وه‌كه ئه‌نجام بدرێت و به‌مه‌به‌ستى گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێكى گونجاو، ئه‌نجامى دیراسه‌تى خاڵه ناكۆكه‌كان بخه‌نه‌وه به‌ر باس و گفتوگۆ.
شاندى باڵاى هه‌رێمى كوردستان له د. ڕۆژ نوورى شاوه‌یس جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق و ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان و چه‌ند به‌رپرسیكى دیكه‌ى هه‌رێم و شاندى عیراقیش له وه‌زیرى نه‌وت و وه‌زیرى دارایى و چه‌ند به‌رپرسێكى دیكه پێك هاتبوو.