ئەمڕۆ شەممە 19ـی 7ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەلیم ئەلجبووری سەرۆكی تازە هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە نیشان دا و بە ناوی خۆی و شاندی میوان سوپاسی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئاوارەكانی موسڵ و سەلاحەدین و ئەنبار و شوێنەكانی دیكەی عێراق و ئاماژەیشی بەوەدا سەرباری بارودۆخی سەختی ئەمنی و ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە كە ڕوویان لە هەرێم كردووە بەڵام ئەوە یارمەتییەی پێشكەشیان كراوە جێگەی پێزانینە. لەبارەی پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ هیوای خواست كە قۆناغی داهاتووی پڕۆسەی سیاسی قۆناغی هاوكاری كوتلەكان و تێپەڕاندنی كێشەكان بێت هەرچەندە پڕۆسەیەكی ئاسان نابێت و هەوڵی هەموو لایەكی پێویستە. لەدرێژەی ئەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان باسی كێشە و گرفتی ئەو خەڵكە بێتاوانەی ناوچەكانی موسڵ و سەلاحەدینیان كرد كە لەژێر هەڕەشەی چەكدارە تیرۆریستەكان و هەروەها هەڕەشەی ئۆپڕاسیۆنە سەربازییەكانی حكوومەتی عێراقی دان و سوپاسی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیشیان كرد كە ڕێگەیان لە پێشڕەویی تیرۆریستان گرتووە بۆ پارێزگای كەركووك و هەندێ ناوچەی پارێزگای موسڵ و هیوایشیان خواست دۆخی ئاساییشی ئەو ناوچانە و پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردنی پێكهاتەكان پتەوتر ببێت.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و پیرۆزبایی لە سەرۆكی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ ئەو و دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی خواست. سەرۆك بارزانی لەبارەی هاتنی ئاوارەكان هێمای بەوەدا كە هەرچەندە ئیمكانیاتی هەرێم سنووردارە و ڕێژەی پەنابەرانیش زۆرە بەڵام یارمەتیدانی پەنابەران بە ئەركێكی مرۆڤیی خۆمان دەزانین و لە هەموو حاڵەتێكدا دەرگە بەڕووی ئاوارەكان كراوەیە و ئەوەیشی باس كرد كە حكوومەتی هەرێم لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە دەولییەكان لە پەیوەندیی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی باشتر یارمەتیی ئاوارەكان بدرێت و لەبارەی ئیجرائاتی ئەمنیی وەرگرتنی ئاوارەكان سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە بوونی ئیجرائاتی ئەمنی بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان و خودی ئاوارەكانە كە ڕوویان لە هەرێم كردووە. سەبارەت بە كەركووك و ناوچەكە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەولەویەتی ئێمە پاراستنی ئاساییشی ئەم ناوچانەیە و هێزی پێشمەرگەیش بە بێ جیاكاری ئەركی پاراستنی هەموو پێكهاتەكانی لەسەر شانە. پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە بۆ سەركەوتنی پڕۆسەكە تەنیا گوڕینی دەموچاوەكان گرنگ نییە بەڵكو پێویستە نەهج و تەفكیری سیاسیی دەستەڵاتدارانیش بگۆڕدرێت.
قسەكردن لەبارەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.