ڕۆژی سێشەممە 15ـی 12ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فاڵح فەیاز ڕاوێژكاری ئاساییشی نیشتیمانیی عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا ڕاوێژكاری ئاساییشی نیشتیمانیی عێراق سڵاو و ڕێزی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی كە بۆ جاری دووەمە كە لە نزیك بەرەكانی جەنگ لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆدەبێتەوە. هەروەها پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی شنگالیشی لە سەرۆك بارزانی كرد.

لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و هەروەها پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی عێراق و دراوسێكان و بابەتی هاتنی سوپاس توركیا بۆ نزیك موسڵ تاوتوێ كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە سەرجەم كێشەكانی نێوان عێراق و دراوسێكانی لەڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێت و هەوڵیش بدرێت پەیوەندیی نێوان عێراق و دراوسێكانی پەیوەندییەكی باش بێت.

لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە دوا پەرەسەندنە مەیدانییەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و هەروەها سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە عێراقییەكان لە بەرەكانی شەڕ و پلانی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای شەڕی داعش كرا و ئەوە دووپاتكرایەوە كە پێویستە هەموو ناوچەكان لەژێر دەستی تیرۆریستان دەربهێندرێن و پێكهاتەكانی عێراقیش ڕۆڵیان لە ئاییندەی ناوچە ئازادكراوەكانی خۆیان هەبێت.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە دیالۆگ و دانیشتن بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوام بێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی 1ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فاڵح فەیاز ڕاوێژكاری ئاساییشی نیشتیمانیی عێراق كرد.

لە سەرەتای دیدارەكەدا فاڵح فەیاز ڕاوێژكاری ئاساییشی نیشتیمانیی عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی ئەو سەركەوتنانەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی جەنگی دژی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بەدەستیانهێناوە و ڕۆڵی سەركردایەتی و ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی جەنگ بەرز نرخاند و بە هۆكارێكی یەكلاییكەرەوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لەدژی داعش لەقەڵەمدا.

لەم دیدارەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و هەروەها سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان خرایە بەر باس و قسەیش لەبارەی شكستەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگای ئەنبار و دیالی كرا.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا جەخت لە ئازادكردنی سەرجەم ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی داعش و یارمەتیدانی ئاوارەكان بۆ گەڕانەوەیان بۆ شوێنەكانیان كرایەوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە قۆناغی داهاتوو و پەیوەندییە سیاسی و هاوكارییە ئەمنی و سەربازییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ كرا.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی