سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕاوێژكاری ئاساییشی نیشتیمانیی عێراق دەكات

  • سێ شەممە, 15 ک یەکەم 2015

ڕۆژی سێشەممە 15ـی 12ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فاڵح فەیاز ڕاوێژكاری ئاساییشی نیشتیمانیی عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا ڕاوێژكاری ئاساییشی نیشتیمانیی عێراق سڵاو و ڕێزی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی كە بۆ جاری دووەمە كە لە نزیك بەرەكانی جەنگ لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆدەبێتەوە. هەروەها پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی شنگالیشی لە سەرۆك بارزانی كرد.

لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و هەروەها پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی عێراق و دراوسێكان و بابەتی هاتنی سوپاس توركیا بۆ نزیك موسڵ تاوتوێ كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە سەرجەم كێشەكانی نێوان عێراق و دراوسێكانی لەڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێت و هەوڵیش بدرێت پەیوەندیی نێوان عێراق و دراوسێكانی پەیوەندییەكی باش بێت.

لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە دوا پەرەسەندنە مەیدانییەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و هەروەها سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە عێراقییەكان لە بەرەكانی شەڕ و پلانی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای شەڕی داعش كرا و ئەوە دووپاتكرایەوە كە پێویستە هەموو ناوچەكان لەژێر دەستی تیرۆریستان دەربهێندرێن و پێكهاتەكانی عێراقیش ڕۆڵیان لە ئاییندەی ناوچە ئازادكراوەكانی خۆیان هەبێت.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە دیالۆگ و دانیشتن بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوام بێت.

Read کد خبر: 1743

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی