رووداو - هەولێر: "نازم دەباغ" نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران رایدەگەیێنێت: "ئێران پشتگیری یەكڕیزی و یەك ئیدارەیی هەرێمی كوردستان دەكات".

"نازم دەباغ" نوێنەری حكوومەتی هەرێمی لە تاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەڵوێستی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی هەرێمی كوردستان روون و ئاشكرایە، كە ئەوان پشتگیری یەكڕیزی و یەكپارچەیی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكەن، لەگەڵ پاراستنی یەكڕیزی سەرجەم لایەنە كوردستانییەكاندان و پێیانوایە هەرێمی كوردستان وەكو دراوسێییەكی نزیك لە شەڕێكی سەختدایە لەگەڵ داعش، بۆیە دەبێت بە هەردوولا ئەو دووژمنە هاوبەشە لەنێوببەین یاخود دووری بخەینەوە".

"نازم دەباغ" هەروەها گوتی: "لە سەردانەكەی یاریدەدەری سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ هەولێر و سلێمانی كە لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەردوو جێگرانی سكرتێری گشتیی یەكێتی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و حسك كۆبووەتەوە، جەختیان لەسەر ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، من تەنیا لە كۆبوونەوەكەی كاك كۆسرەت و كاك بەرهەم بەشداریم كرد، لەوێش شاندە ئێرانییەکە جەختیان لەسەر یەكڕیزی حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كردەوە".

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی لە تاران سەبارەت بە هاتنی قاسم سولەیمانی بۆ كوردستان گوتی: "من هیچ شتێكی فەرمیم پێ نییە، بەڵام هاتنی حاجی قاسم شتێكی غەریب نییە پێشتریش هاتووە و سەردان و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەكانی هەرێمی كوردستان هەبووە".

پێشتر "حەسەن باوەفا" جێگری سەرکۆنسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، بە هەفتەنامەی (رووداو)ی راگەیاندبوو: "ئاغای سولەیمانی کە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، باسی مەسەلەی ئاسایشی ناوچەکە دەکات، چونکە دوژمنانی ئێمە ئاسایشی ناوچەکەیان ناوێت".

"قاسم سولەیمانی" فەرماندەی سوپای قودس و بەرپرسی كەیسی عێراق و سووریا لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، لەگەڵ هەر یەكە لە "مەسعوود بارزانی" سەرۆكی هەرێمی كوردستان و "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، "نەوشیروان مستەفا" رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و "هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد" ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و هاوژینی تاڵەبانی، لە سەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و ئاسایش ناوچەكە كۆبووەتەوە

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/7/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز یان كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ئامادەی بوو، بەڕێز كۆبیس خۆشحاڵیی خۆی بەرامبەر ئەو هاوكاری و هەماهەنگییە پیشان دا كە لە نێوان دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكاندا هەیە و سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو هەموو هاوكارییانەی كە پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەرانی دەكات.

جەختی لەوەش كردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتگیریی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆ و گرفتەكانی لەگەڵ بەغدا و ئاماژەی بەوە دا ئەوان ئامادەن لەو ڕووەوە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن و پشتگیریی خۆشیان بۆ دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی، لە هەمان كاتدا ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك بە تایبەت بەغدا پابەندی ڕێككەوتنی لەگەڵ هەولێر بێت.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لە دوا پێشهاتەكانی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و ئاماژەی بەوە دا گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ساڵی پارەوە بەردەوامە و چارەسەر نەكراون، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناچار بوو هەنگاوی دیكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی، بەتایبەتی لە بواری ئابوورییەوە بهاوێژێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری لە دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكات، بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێكی گونجاو كە لە بەرژه‌وەندیی هەموو لایەكدا بێت و لەوبارەیەشەوە سوپاسی ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد.

 ڕۆژی چوارشەممە 15ـی7ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دیتەر لاملێ كۆنسوڵی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر كرد.


لە دیدارەكەدا كە كۆنسوڵی ئەڵمانیا بە بۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی و ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو جەختی لە پەیوەندییەكانی نێوان گەلی ئەڵمانیا و گەلی كوردستان كردەوە و باسی ئەو پڕۆژە و وەبەرهێنان و چالاكییانە كرد كە كۆمپانییاكانی وڵاتەكەی لە بواری ئابووری و پزیشكی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامیان داوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی لەتەك هاوكارییە سەربازی و مرۆڤییەكان ئامادەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەرە بە پەیوەندییەكانی بدات لە بواری جۆراوجۆردا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەڵمانیا و ئەو پەیوەندییانەی بە دۆستانە و نموونەیی وەسف كرد. هەروەها سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیاشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا هاوكاریی كاریگەریان پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە. داوایشی كرد پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا فراوانتر بكرێت و ئەڵمانیا یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات لە دروستكردنی ژێرخانی پیشەسازیی و كشتوكاڵ.

سەرۆك بارزانی هاوخەمیی خۆی بۆ گەل و حكوومەتی ئەڵمانیا ڕاگەیاند بەبۆنەی كۆچی دوایی فیلیپ میسفێلدەر سیاسەتمەداری گەنجی ئەڵمانیا و دۆستی نزیكی گەلی كوردستان. سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنیشی بۆ دیتەر لاملێ خواست لە كار و ئەركەكانی لە داهاتوو.

ڕۆژی شەممە 6ـی6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عومەر ئەحمەد ئەلكەندەری كونسوڵی كوەیت لە شاری هەولێر كرد.

لە دیدارێكدا كونسوڵی كوەیت لە شاری هەولێر سڵاوی شێخ سەباح ئەلئەحمەد ئةلجابر ئەلسەباح ئەمیری كوەیتی بە سەرۆك بارزانی گەیاند. هەروەها ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بۆ گەییشتن بە ئازادی نیشان دا و دەستخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد بۆ ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی لە دژایەتیكردنی تیرۆردا گێڕاویانە. هەروەها وێڕای جەختكردنەوەی لە دۆستایەتیی و پەیوەندییە مێژووییەكانی گەلی كوردستان و گەلی كوەیت كردنەوەی كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە شاری هەولێر بە قۆناغێكی تازەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە قەڵەم دا. ئەوەیشی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە ئەوەی لەدەستی بێت بۆ یارمەتیدانی گەلی كوردستان بیكات.

لە بەرانبەر دا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ كردنەوەی كونسوڵخانەی كوەیت نیشان دا و پێشوازیشی لە فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرد. هەروەها ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و گەلی كوەیت و ئەوەی خستەڕوو كە گەلی كوردستان لەو نەهامەتییە دەگات كە لەلایەن ڕژێمی بەعس بەسەر گەلی كوەیتدا سەپێندرا بوو. سەرۆك بارزانی باسی لە هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان كرد و ئەوەی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان نابێتە بەشێك لەو ململانێ تاییفیەی لە ناوچەكەدا لە ئارادایە.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2015/5/13 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێزان ئەكیهیكۆ تاناكا سەرۆكی دامەزراوەی گەشەپێدانی ژاپۆنی (جایكا) و  باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و شاندێكی یاوەریان كرد.

لە دیدارێكدا بەرێز سەرۆكی دامەزراوەی جایكا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو هاوكاریی و ئاسانكارییەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی كە لە كاتی جێبەجێكردنی پرۆژەكانیان لە هەرێم پێشكەشیان كراوە و بۆ پرۆژەكانی داهاتووشیان پێشكەشیان دەكرێ.

هەروەها باسی لە پرۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجە كرد كە بە پارەداركردنی دامەزراوەی جایكا بەشێك لەو پرۆژانە كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردن و بەشێكی دیكەشیان لە داهاتوویەكی نێزیكدا دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەوەشی دووپات كردەوە كە لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان لەسەر ئاستی عێراق بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبن.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی دامەزراوەی جایكا و حكوومەت و خەڵكی ژاپۆنی كرد بۆ ئەو هاوكارییانەی لەڕابردوودا بۆ هەرێم كردوویانە و هەروەها ئەو پڕۆژانەی كە ئێستا جێبەجێیان دەكەن. ئاماژەی بەوەش كرد كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە بەرەوپێشەوە بردنی زیاتری ژێرخانەكەیەتی و بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانن سود هەم لە ئەزموون و هەم لە پارەداركردنی ژاپۆن وەرگرن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی پێویست بە تایبەتی ئەو پرۆژانەی لە داهاتوودا لە بوارەكانی ئاو و ئاوەڕۆدا لە شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی دامەزراوەی جایكای كرد بۆ كردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ ژمارەیەك لە كارمەند و كادیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆئەوەی لە بوارە جیاجیاكاندا پسپۆڕیی و كارامەیی زیاتر بەدەست بهێنن.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 2015/4/21 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز دیێتێر لاملێ كونسلی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارێكدا كونسلی گشتیی ئەڵمانیا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە شاندی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرا دەربڕی كە هەفتەی ڕابردوو سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو، هەروەها پشتگیریی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ هەرێم و بەردەوامیی پشتگیریی سەربازی بۆ پێشمەرگە و پێشكەشكردنی یارمەتیی زیاتر لە هەموو ڕوویه‌كەوە، دووپات كرده‌وه‌. ئاماژەی بەوەش كرد هێڵی ئاسمانیی لۆفت هانزا كە ماوەیەك له‌مه‌وبه‌ر گەشتەكانی بۆ هەولێر ڕاگرتبوو، دەست بە گەشتەكانی دەكاتەوە.

هه‌روه‌ها پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ كەسوكاری شەهید و قوربانیانی تەقینەوە تیرۆریستییەكەی هەفتەی ڕابردووی شارۆچكەی عەنكاوە ده‌ربڕى و دەستخۆشی لە حكوومەت و هێزەكانی ئاسایشی هەرێم كرد كە لە كاتێكی زۆر نزیكدا ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە تیرۆریستییەیان دەستگیر كردووە. سوپاس و پێزانینى پێشكەش به‌ حكوومەتی هەرێم و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانیش كرد بۆ ئەو پشتگیرییەی كە لە قوتابخانەى ئەڵمانى لە هه‌ولێر دەكرێت.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیران سوپاس و پێزانینی بۆ یارمەتی و پشتگیرییەكانی ئەڵمانیا بۆ حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان دەربڕی و داوای كرد كە یارمەتییەكان لە ڕووی سەربازی و مەشق و مرۆییەوە بەردەوام بن و سوپاسی حكوومەتی ئەڵمانیای كرد بۆ سەردانی بەردەوامی شاندە باڵاكانیان بۆ هه‌رێمى كوردستان، بەتایبەتی شاندی ئەم دواییەی پەرلەمانی ئەڵمانیا كە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو.

هەروەها دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی هێڵی ئاسمانیی لۆفت هانزاى بۆ هەولێر به‌ جێگەی دڵخۆشی له‌ قه‌ڵه‌م دا و جەختی لەوەش كردەوە كە حكوومەتی هەرێم لە پشتگیریكردنی قوتابخانه‌ى ئەڵمانى له‌ هه‌ولێر بەردەوام ده‌بێت و كار و سەلامەتییان پارێزراوه‌.

بەڕێز سەرۆك وەزیران باسی لە ڕەوشی هەرێمی كوردستان و عێراقیش كرد و ئاماژەی بەوە دا كە هەوڵی بەردەوام لە ئارادان بۆ باشتركردنی ئەو پەیوەندییانە و ڕوونى كردەوە كە هەناردەی نەوت لە ئێستادا لە ئاستی پێویستدایە و هەوڵ دەدرێت زیاتر بكرێت و ئه‌و گرفتانه‌ى لەمبارەیەوە لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەن، چارەسەر بكرێن.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی گشتیی ئابووریی هەرێمی كوردستان و گرفتەكان و دوا پێشهاتەكانی بەرەی شەڕی دژی تیرۆر كرا و ئاماژە بەوە درا كە هێزی پێشمەرگە لە سەركەوتنەكانی به‌سه‌ر تیرۆریستانی داعشدا بەردەوامە و نەبەردانە بەرگری لە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی هەرێمی كوردستان و هەموو جیهانی ئازاد دەكات و ڕۆژانە تیرۆر دووچاری شكستی گەورە دەكاتەوە، كە ئەمەش بووەتە جێگەی ڕێز و پێزانینی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی گشتی.

 

 

ئەمڕۆ هەینی 17ـی4ـی 2015 لە ئەنجامی كردەوەیەكی تیرۆریستی لە شارۆچكەی عەینكاوەی هەولێری پایتەخەت ژمارەیەك هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوون. ئەم كردەوە نامرۆڤانەیە ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ شكستی تیرۆریستان لەبەرانبەر پێشمەرگە قارەمانەكان و فەشەلهێنانیانە لە بەرەكانی جەنگ.

بۆیە تیرۆریستان ترسنۆكانە پەنا بۆ كردەوەی تیرۆریستی دەبەن و هەوڵ دەدەن ئاسوودەیی هاووڵاتیان بشێوێنن. وێڕای ئیدانەكردنی توندی ئەم كارە قێزەوەنەی تیرۆریستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدانی تەقینەوەكەی ئەمڕۆی عەینكاوە دەكەین و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازین.

لەوەیش دڵنیاین كە هێزەكانی ئاساییش لە زووترین كاتدا ئەنجامدەرانی ئەم كارە دڕندەیە بە سزای خۆیان دەگەیێنن و هاووڵاتییە سەربەرزەكانیش لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە هێزەكانی پێشمەرگە و ئاساییش و پۆلیس بە هەموو توانایەكیانەوە ئارامی و ئاسوودەیی وڵات دەپارێزین. با تیرۆریستانیش ئەوە باش بزانین كە ورەی پۆڵایینی هاووڵاتیانی كوردستان بەمجۆرە كردەوانە دانابەزێت و هەموولایەكمان سوورتر دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پێشمەرگە قارەمانەكانیش تۆڵەی خوێنی بە ناهەقڕژاوی هاووڵاتیان، لە بەرەكانی جەنگ دەكەنەوە.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
17ـی 4ـی 2015

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ـی 4ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەیەمین پێشانگای ساڵانەی نێودەوڵەتیی كتێبی لە شاری هەولێر كردەوە. ئەم پێشانگایە لە ژێر چاودێریی سەرۆك بارزانی و بە بەشداری زیاتر لە 200 دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوە و ناوەندی ڕۆشنبیریی جیهانی و عەرەبی و ناوچەیی و عێراقی و كوردستانی كرایەوە. پێشانگاکە لەلایەن دەزگای ئەلمەدا و بە سپۆنسەریی چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندن بەڕێوە دەچێت و زیاتر لە ٧٠٠ هەزار ناونیشان کتێب نماییش کراون.

شایەنی باسە هەر یەک لە بەڕێزان فریاد ڕەواندی وەزیری ڕۆشنبیریی عێراقی فیدراڵ و جێگری نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و ژمارەیەكی زۆری كەسایەتیی سیاسیی عێراقی و کوردستانی و و كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەولێر و ڕۆشنبیران ئامادەی کردنەوەی دەیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب بوون.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی