فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەى حکومەت سەردانی وەزارەتی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی و هاوكاری سویدیان كرد بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی هاوكاری مرۆیی و بارودۆخی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
لەدیدارەكەدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگە و شۆڕش قادر نوێنەری حكومەتی هەرێم لە سوید ئامادەبوون، خاتوو ئیزابێڵا لۆڤین بەخێرهاتنی بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە و شاندی یاوەری كرد و گووتی بوونی ژمارەیەكی زۆر لە ڕەوەندی كوردستانی لە ووڵاتی سوید فاكتەرێكی گرنگ بوون لە بەهێزكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا و ئێمە هەردوولامان هەموو كات دەتوانین بەیەكەوە كاربكەن ئەویش بەهۆی ئەو پەیوەندیە بەهێزەی لە نێوان گەلی كورد و سوید هەیە.
لە بەرامبەر فەلاح مستەفا سوپاسی ووڵاتی سویدی كرد بۆ پێشكەش كردنی هاوكاری مرۆیی بە ئاوارەكان و گووتی كە ساڵی 2014 ساڵَێكی پڕ لە تەحەدی بوو بۆ هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەكان لە ڕووی ئابوری و ئاسایش و مرۆیی بەڵام حكومەتی هەرێم سەرەڕای سنورداری سەرچاوە داراییەكانی توانی هەڵسێت بە پاراستنی ژمارەیەك زۆر لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینیەكان كە قوربانی دەست هەڕەشەكانی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش بوون. ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە لە هەرێمی كوردستانن و بە هۆی هاتنی وەرزی زستان و سەرما پێویستان بە هاوكاری خێرا و بەپەلە هەیە بۆ ئەمەش پێویستی زیاترمان بە هاوكاری نێودەوڵەتی هەیە.
هەروەها هەرێمی كوردستان بەردەوام دەرگای كراوە بووە بە ڕووی ئەو هاوڵاتیانەی لە دەست كارە دڕندانەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن. حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو سەرچاوانەی كە لە بەردەست دان پێداویستیەكانی بۆ دابین كردوون بەڵام پێویستمان بە هاوكاری دۆستانمان هەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كە بەردەوام بن لە هاوكاریە مرۆییەكانیان بۆ ئاوارەكان.
خاتوو ئیزابێڵا لۆڤین گووتی كە ئێمە نیگەرانیمان هەیە دەربارەی بارودۆخی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا و بەردەوام دەبین لە پێشكەش كردنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارەكان هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بە ئامانجی كەمكردنەوە بەشێك لە ئازارەكانیان. سوید دەستخۆشی لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم دەكات بۆ بەرگری كردن و پاراستنی مافی پێكهاتە نەتەوە و ئاینەكان. هەروەها هاوكاریە مرۆییەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ئاوارەكان جێگای پێزانین و سەرنجە.