نێچیرڤان بارزانی لە ڕەوشی بەرەكانی جەنگ دەكۆڵێتەوە

  • پێنج شەممە, 04 حوزەیران 2015

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/6/2015 لە شاری دهۆك بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرماندە و پلەداران و بەرپرسانی سەربازی پێشمەرگە و پێشمەرگە خۆبەخشەكان لە میحوەر و بەرەكانی جەنگ لە ناوچەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە سنووری هەردوو پارێزگای دهۆك و مووسڵ كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا فەرماندەكانی پێشمەرگە بە دوور و درێژی باسیان لە دۆخی ئێستای بەرەكانی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر كرد و تیشكیان خستە سەر دوایین پێشهاتە سەربازییەكانی ئەو سنوورە و ڕایانگەیاند كە پێشمەرگە بە ورەیەكی بەرزەوە لە بەرگریدایە بۆ پاراستنی سنوورەكانی ئەو ناوچەیە و بەردەوام پاشەكشێ بە تیرۆرستانی داعش دەكات و گورزی گەورەیان لێدەدات.

هەروەها باسیان لە هاوكاری و هەماهەنگیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لەگەڵ پێشمەرگە كرد كە بە بۆردومانی ئاسمانی لە ڕێگەی فڕۆكە جەنگییەكانەوە بەردەوام ئەو پێگە و بنكانەی داعش بە ئامانج دەگرن كە هەڕەشە لەسەر پێشمەرگە و ناوچەكە دروست دەكەن. لە پێناو باشكردنی بارودۆخی بەرەكانی جەنگیش، چەند داواكارییەكیان بەرەوڕووی بەڕێز سەرۆك وەزیران كردەوە.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای دەستخۆشی بۆ پێشمەرگەی كوردستان و پێشمەرگە خۆبەخشەكان كە بەردەوام هێرشەكانی تیرۆر تێكدەشكێنن، هەروەها سەرەخۆشی بۆ خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دووپات كردەوە كە لە شەڕی بەرگریكرن لە كوردستان لە دژی تیرۆریستان گیانیان بەخشیوە و شەهید بوون، ڕێز و پێزانینی خۆی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ خانەوادەی شەهیدان دەربڕی.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا بەڕێز سەرۆك وەزیران باسێكی تێروتەسەلی لەسەر گرنگیی ڕۆڵی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی بێ جیاوازی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان كە ڕووبەڕووی شەڕی تیرۆر بوونەتەوە، پێشكەشكرد و ڕوونی كردەوە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوی ڕێزەوە لە ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە بۆ پاراستنی ناوچەكە و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان دەڕوانێت. هەروەها دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆئەوەی لە ڕێگەی حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە تەواوی پێداویستییەكانی پێشمەرگە دابین بكات بۆئەوەی بتوانێت باشتر ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببێتەوە و تێكیان بشكێنێت.

بەڕێز سەرۆك وەزیران دووبارە پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی پێشمەرگە شەهیدەكان كرد و دەستخۆشی لە چاونەترسی و نەبەردییەكانی پێشمەرگە قارەمانەكان كرد.

Read کد خبر: 1358

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی