نێچیرڤان بارزانی: ئیرادەیەكی جددیمان بۆ چاكسازی هەیە

  • دوو شەممە, 07 ئەیلول 2015

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 7/9/2015 بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەڕێزان نوێنەران و دیبلۆماتكارانی وڵاتانی بیانی و ژمارەیەك لە پەرلەمانتار و وەزیرەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمێكدا كە لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، سیستەمی بەئەلكترۆنیكردنی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی كە لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئامادەكرابوو، ڕاگەیەنرا.

لە ڕێوڕەسمەكەدا دوای پێشكەشكردنی گوتاری بەخێرهێنان لەلایەن دەستەی ئامادەكاری ڕێوەڕەسمەكەوە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتارێكی پێشكەشكرد و تیایدا باسی لە گرنگیی پڕۆژەی بە ئەلكترۆنیكردنی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەنی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بە هەنگاوێكی دیكه‌ى ‌حكوومه‌تی ‌بۆ بنیاتنانى سیسته‌مێك لەقەڵەم دا، كه ‌به‌شدارییه‌كى كاریگه‌ر له‌پرۆسه‌ى به‌رده‌وامى چاكسازى و به‌ره‌وپێشبردنى كارى حكوومه‌ت، سیسته‌مى كارگێڕى، ‌ئاسانكاریی و ڕاییكردنى كاروبارى هاووڵاتیان، ڕێگری كردن له ‌سوودوه‌رگرتنى ناشایسته دەكات.

ئەوەشی خستەڕوو كە پڕۆژه ‌و بیرۆكه‌ى دانانى سیسته‌مێك بۆ به‌ئه‌له‌كترۆنیكردنى تۆڕى پاراستنى كۆمه‌ڵایه‌تى، پڕۆژه‌ و بیرۆكه‌یه‌كى تازه‌ى حكوومه‌ت نییه‌ و پێشتر زۆربه‌ى پێداویستییه‌كانى ئه‌م پڕۆژه‌یه له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه ‌دابین كرابوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى ده‌ستخۆشى و پێزانینه‌ ئه‌وه‌یه ‌كه ‌به‌ڕێز محه‌مه‌د هاودیانى وه‌زیرى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تدا، وه‌ك په‌رۆشییه‌ك بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و چاكسازى، پڕۆژه‌كه‌ى خسته‌ڕێ و گه‌یاندییه‌ قۆناغى جێبه‌جێكردن و بەمەش ته‌واوى فه‌رمانگه ‌و ده‌زگاكانى وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى، به ‌شێوه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتووانه ‌به‌دیوانى وه‌زاره‌ته‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك ده‌بێته‌هۆى تۆكمه‌كردنى زیاترى سیسته‌مى پاراستنى كۆمه‌ڵایه‌تى، له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه ‌هه‌نگاوێكى ڕاست و جددى بۆ چاكسازى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى ده‌هاوێژرێت.

هه‌روەك سوپاسی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانی بۆ كارى هاوبه‌شی هەریەك لە وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و وه‌زاره‌تى پلاندانان و ئاژانسى USAID و تیمه‌كانی كرد كه‌ توانییان پێكه‌وه‌ كارێكى گرنگ و سه‌ركه‌وتوو ئه‌نجام بده‌ن و ‌ده‌بێته ‌نموونه‌یه‌كى باش بۆ جێگیركردن و به‌كارخستنى هه‌مان ئه‌م سیسته‌ مه‌له‌چه‌ندین وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاى دیكه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا. ئەوەشی خستەڕوو كە حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه ‌بۆ ئه‌وه‌ى له‌هه‌موو بوار و كه‌رته‌كاندا چاكسازى بكات و به‌سوود وه‌رگرتن له‌نوێترین ته‌كنه‌لۆژیا و ده‌وڵه‌مه‌نترین و سه‌ركه‌وتووترین ئه‌زموونه‌كان، سیسته‌مى كار و به‌ڕێوه‌بردنى كاروباره ‌حكوومییه‌كان له‌ته‌واوى داموده‌زگاكانى خۆیدا ڕێكبخاته‌وه و لەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبن.

لە بەردەوامی گوتارەكەیدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لە چاكسازی كرد و ئاماژەی بەوە دا كە  له ‌هه‌موو بواره‌كاندا چاكسازى ده‌كەن و ئیراده‌یه‌كى جددییان بۆ چاكسازى هه‌یه ‌و ئەوان لەو بڕوایه‌دان ‌چاكسازییه‌كى جددى و ڕاسته‌قینه‌ و بۆ چاكسازى بكرێت، به ‌پشوودرێژى و ‌ئارامى و له‌سه‌رخۆ ده‌كرێت، به‌پلان و به‌رنامه ‌ده‌كرێت و ده‌گاته‌ ئه‌نجام، نه‌ك به‌كاردانه‌وه‌ى بێ به‌رنامه ‌و به ‌ڕێكارى خێرا و له‌ناكاوى بێسه‌روبه‌ر. جەختی لەوەش كردەوە كە چاكسازى پرۆسه‌یه‌كى ڕووت و ته‌نیاى دابڕاو نییه ‌له‌كۆمه‌ڵێك چه‌مك و كارلێكى دیكه‌، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كى فراوان و درێژخایه‌نه ‌كه‌په‌یوه‌ندى به‌زۆر فاكتى تێكه‌ڵاو و جیاوه ‌هه‌یه ‌و ناكرێت به‌و جۆره‌ ته‌ماشا بكرێت و لێكبدرێته‌وه ‌كه ‌ته‌نیا بریتییه‌ له ‌بڕیارێكى سه‌رۆك وه‌زیران، یان ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، بۆ چاكسازیكردن، پرۆسه‌یه‌كه ‌پلانى كورتخایه‌ن، مامناوه‌ندى و درێژخایه‌نى پێویستە وه‌ك ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ى ئێستا له‌وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى جێبه‌جێ كراوه‌.

هەروەها ئاشكرایكرد كە هه‌ڵنانى هه‌نگاوى پراكتیكى له‌پرۆسه‌ى چاكسازیدا، له ‌كاتێكدا كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌جه‌نگێكى سه‌ختى دژ به‌تیرۆر دایە و ‌بە دۆخێكى سه‌ختى سیاسى، ئابوورى و داراییدا ده‌ڕوات، به‌ته‌نیا یه‌ك مانا ده‌به‌خشێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ‌كه ‌حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چاكسازى ده‌كات و، بڕواى به‌وه‌ هه‌یه ‌كه ‌چاكسازى یارمه‌تیده‌رێكى زۆر باش ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى زۆرێك له‌قه‌یرانه‌كان و دابینكردنى دادپه‌روه‌رى و پێشكه‌شكردنى باشترى خزمه‌تگوزارییه‌كان به ‌هاووڵاتیانی بۆیە چاكسازى به‌شێكى گه‌وره‌ى به‌رنامه‌ى حكوومه‌ته ‌و له‌ڕۆژى یه‌كه‌مى ده‌ستبه‌كاربوونى حكوومه‌ته‌وه‌، وه‌زیره ‌به‌ڕێزه‌كان به‌ دڵسۆزییه‌وه ‌هه‌وڵه‌كانیان له‌م پێناوه‌دا به‌گه‌ڕ خستووه‌ و زۆرێك له‌وانیش هه‌نگاوى باشیان ناوه‌. ئەوەشی بیرهێنایەوە كە له‌سه‌‌ره‌تاى ساڵى 2014  دواى ئه‌و كێشانه‌ى له‌گه‌ڵ به‌غدا هاتنه‌ئاراوه‌، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى قه‌یرانى دارایى، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستى به‌هه‌ندێ هه‌نگاوى پراكتیكى كرد به‌مه‌به‌ستى كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجى و زیادكردنى داهات و هاووڵاتیانى كوردستان له‌داهاتوویه‌كدا كه‌زۆر دوور نییه‌، ‌ئه‌نجامى زیاترى چاكسازییه‌كان ده‌بین.

لە كۆتاییدا دەسخۆشی لە  ‌وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوی USAID كرد بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە.

دواتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بەڕێز وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیدا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەربارەی كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەت پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد كە كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن و هەموو لایەنەكان خواستی ئەوەیان هەیە بگەنە ڕێككەوتنێك لەسەر ئەو پرسە و وەك پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەخوازن كێشەكان لەڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ و لێكگەیشتنەوە چارەسەر بكرێت و هەوڵەكانیشیان لەم پێناوەدا بەردەوام دەبێت. هیواشی خواست لە كۆبوونەوەی ڕۆژی 13ی ئەم مانگە بگەنە ئەنجامێك.

هەروەها دووپاتی كردەوە كە ئەو ڕەوشەی لە ناوچەكە بەگشتی هەیە بە تایبەت شەڕی دژی تیرۆستانی داعش و قەیرانی دارایی دەبوایە ببانە هۆكارێك لایەنەكان زووتر بگەیشتبانە رێككەوتن، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە گفتوگۆ و كۆبوونەوەكان بەردەوامن.
لەبارەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا، بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا باشن و بەردەوامە و بەغدا سەرقاڵی ژمارەیەك لە كاروباری خۆیانن و ئەوانیش لە هەرێمی كوردستان سەرقاڵی ئەو كێشانەن كە پەیوەندیی بە هەرێمەوە هەیە و بۆ گفتوگۆی نێوان هەردوولاش گەر پێویست بێت، لە ئایندەدا سەردانی بەغدا دەكەن.

دەربارەی كۆبوونەوەكانی حكوومەت و چاكسازی كردن لە دەزگاكانی حكوومەتدا، بەڕێزیان جەختی لەوە كردەوە كە حكوومەت كۆدەبێتەوە و بەردەوام دەبێت لە كۆبوونەوەكانی. سەبارەت بە چاكسازییەكانیش ئاماژەی بەوە كرد هەر لە سەرەتای دامەزراندنی كابینەی حكوومەت هەموویان لەسەر ئەوە كۆك بوون چاكسازی بكەن و پرۆگرامی باشیشیان بۆ ئەم مەبەستە داناوە و هەموو وەزیرە بەڕێزەكانی كابینەی هەشتەم بە پەرۆشەوە هەنگاویان بەرەو چاكسازی ناوە، بەڵام ئەوەی ڕێگری لە چاكسازی كردووە بارودۆخی سیاسیی ئێستا هەرێمی كوردستانە و ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كە حكوومەت چاكسازی ناكات، بەڵكو بەردەوام دەبێت لەسەر هەوڵەكانی و بە ئەلكترۆنیكردنی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتیشی بە هەنگاوێك بەرەو چاكسازی لەقەڵەم دا.

سەبارەت بە چارەنووسی ئەو چوار هەزار كەسەی كە كادری حزبین و دوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێكخراوە مەدەنییەكانی سڵێمانی بەسەر دەزگاكانی حكوومەتدا دابەش كرابوون و دواتر بە بڕیارێكی حكوومەت ئەو ڕێكارانە هەڵوەشێنرانەوە، بەڕێزیان دڵنیایی ئەوەی دا كە مووچەی ئەو چوار هەزار كەسە نافەوتێت، بەڵكو ئەوانە پێویستییان بە ڕێكخستنەوە هەیە چونكە ئەمری ئیداریان بۆ دامەزراندن نییە و ئەمانەش دەببێت چارەسەر بكرێن و ئاماژەی بەوە كرد ئامانجیان لەو بڕیارە بڕینی مووچەی هیچ كەسێك نەبووە، بەڵكو مەبەستیان ڕێكخستنەوەیانە.

دەربارەی ئەوەی كە حسابی هەرێمی كوردستان لە هالك بانكی توركی هیچ پارەیەكی تێدا نییە، بەڕێز سەرۆك وەزیران ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە لەوانەیە حسابەكە هیچ پارەی تێدا نەبێت و ئەمەش شتێكی ئاساییە چونكە بە مەبەستی دابینكردنی مووچە پێشتر پارەكەیان ڕاستەوخۆ لە ئەورووپاوە بۆ هەرێمی كوردستان گواستۆتەوە، بەڵام دواتر هەرچەند نەوت بفرۆشرێت دەچێتە ئەو حسابەی لە هالك بانك هەیە و لەوێوە بۆ هەرێمی كوردستان دەگوازرێتەوە.

لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە كۆچی هاووڵاتیان بۆ دەرەوەی وڵات و هۆكار و چارەسەرییەكان، جەختی لەوە كردەوە كە كۆچی هاووڵاتیان بۆ دەرەوەی وڵات تەنیا لە هەرێمی كوردستانەوە نییە، بەڵكو لە هەموو ناوچەكەوەیە و هۆكارەكانیش زۆرن و ژمارەی كۆچبەرانی هەرێمی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە زۆر كەمە و لەگەڵ ئەوەشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دەستنیشانكردنی هۆكارەكان و دۆزینەوەی چارەسەر بە مەبەستی ڕێگریكردن لە شەپۆلی كۆچی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوەی وڵات.

ئەمە دەقی گوتاری بەڕێز  نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە:

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
میوانه‌خۆشه‌ویسته‌كان،
به‌یانیتان باش، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن..

به‌خۆشحاڵییه‌وه ‌ئه‌مڕۆ پێكه‌وه‌به‌شدارى له‌ڕێوڕه‌سمى ده‌سپێكردنى پڕۆژه‌یه‌كى گرنكدا ده‌كه‌ین، كه‌ بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زۆر به‌نرخه‌و، هه‌نگاوێكى دیكه‌ى‌ حكوومه‌ته‌ بۆ بنیاتنانى سیسته‌مێك، كه ‌به‌شدارییه‌كى كاریگه‌ر له‌پرۆسه‌ى به‌رده‌وامى چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه ‌و به‌ره‌وپێشبردنى كارى حكوومه‌ت و سیسته‌مى كارگێڕى ده‌كات لە وڵاتی ئێمە.

هه‌روه‌ها ده‌بێته ‌ئاسانكارییه‌كى گه‌وره ‌بۆ به‌ڕێوه‌چوون و ڕاییكردنى كاروبارى هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستاندا، ئه‌مه ‌بێجگه‌ له‌وه‌ى ڕێگرێكى به‌هێزیش ده‌بێت له‌سوودوه‌رگرتنى ناشایسته ‌و نابه‌جێ و فره‌مووچه‌یى له‌ناو سوودمه‌ندانى ئه‌م سیسته‌مه‌. به‌مه‌ش هه‌نگاوێكى باش به‌ره‌و جێگیركردنى زیاترى دادپه‌روه‌رى له‌پرسى مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و هاوكارییه‌ داراییه‌كاندا، ده‌چینه ‌پێشه‌وه‌.

ئه‌م پڕۆژه‌یه ‌و بیرۆكه‌ى دانانى سیسته‌مێك بۆ به‌ئه‌له‌كترۆنیكردنى تۆڕى پاراستنى كۆمه‌ڵایه‌تى، پڕۆژه ‌و بیرۆكه‌یه‌كى تازه‌ى حكوومه‌ت نییه‌، به‌ڵكو پێشتریش زۆربه‌ى پێداویستییه‌كانى ئه‌م پڕۆژه‌یه له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ دابین كرابوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى ده‌ستخۆشى و پێزانینه‌ ئه‌وه‌یه ‌كه ‌به‌سوپاسه‌وه ‌به‌ڕێز محه‌مه‌د هاودیانى وه‌زیرى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ده‌ستبه‌كاربوونى له‌كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تدا، زۆر دڵسۆزانه و وه‌ك په‌رۆشییه‌ك بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و چاكسازى، پڕۆژه‌كه‌ى خسته‌ڕێ و به‌خۆشحاڵییه‌وه‌، ئه‌مڕۆش گه‌یاندییه ‌قۆناغى جێبه‌جێكردن.

له‌سایه‌ى جێبه‌جێكردنى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا، ‌ئه‌مڕۆ ته‌واوى فه‌رمانگه ‌و ده‌زگاكانى وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى، به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتووانه ‌به‌دیوانى وه‌زاره‌ته‌وه دە‌به‌سترێنەوە ‌و له‌مه‌ودوا ته‌واوى كاره‌كانى ئه‌م وه‌زاره‌ته ‌به‌شێوه‌یه‌كى ئاسان و زۆر ڕێكوپێك و، به‌پێى دوایین سیسته‌مه ‌كارپێكراوه ‌پێشكه‌وتووه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چن. ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك ده‌بێته ‌هۆى تۆكمه‌كردنى زیاترى سیسته‌مى پاراستنى كۆمه‌ڵایه‌تى، له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ هه‌نگاوێكى ڕاست و جددى یە بۆ چاكسازى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى لە وڵاتەكەمان.

هه‌ر لێرەوە ده‌مه‌وێ سوپاس و پێزانینى خۆم و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ كارى هاوبه‌ش و لێكگه‌یشتنى سێ لایه‌نی‌ وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و وه‌زاره‌تى پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لە سەرووی ئەمانەشەوە ئاژانسى USAID و تیمه‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌م و، ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م كه‌ توانییان پێكه‌وه‌ كارێكى گرنگ و سه‌ركه‌وتوو ئه‌نجام بده‌ن. كارێك كه ‌ده‌بێته ‌نموونه‌یه‌كى باش بۆ جێگیركردن و به‌كارخستنى هه‌مان ئه‌م سیسته‌مه ‌له‌چه‌ندین وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاى دیكه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا.

به‌ڕێزان ..
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌هه‌موو بوار و كه‌رته‌كاندا چاكسازى بكات و، به‌هێنان و دانانى سیسته‌مى تازه‌ى سه‌رده‌میانه ‌و زیره‌ك، هه‌روه‌ها به‌سوودوه‌رگرتن له‌نوێترین ته‌كنه‌لۆژیا و ده‌وڵه‌مه‌نترین و سه‌ركه‌وتووترین ئه‌زموونه‌كان، سیسته‌مى كار و به‌ڕێوه‌بردنى كاروباری ‌حكوومییه‌كان له‌ته‌واوى داموده‌زگاكانى خۆیدا ڕێكبخاته‌وه‌و، به‌م شێوه‌یه‌ هه‌نگاو به‌هه‌نگاو، سیسته‌مى كارگێڕى و خزمه‌تگوزارى، ڕێكوپێك و تۆكمه‌بكات و به‌پێى ستاندارده ‌جیهانییه‌كانى سه‌رده‌م بیخاته ‌خزمه‌تى هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە‌.

به‌ڵێ، هه‌نگاو به‌هه‌نگاو و به‌پێى واقیع و زه‌مینه ‌و تواناكان، له‌هه‌موو بواره‌كاندا چاكسازى ده‌كه‌ین و ئیراده‌یه‌كى جددیمان بۆ چاكسازى هه‌یه ‌و له‌م پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وامین. بۆیه‌ ده‌ڵێن هه‌نگاو به‌هه‌نگاو، چونكه ‌له‌و بڕوایه‌داین كه ‌چاكسازییه‌كى جددى و ڕاسته‌قینه‌، چاكسازییه‌ك كه‌به‌ڕاستى بۆ چاكسازى بكرێت، به‌ پشوودرێژى و به‌ئارامى و له‌سه‌رخۆ ده‌كرێت، به‌پلان و به‌رنامه ‌ده‌كرێت و ده‌گاته ‌ئه‌نجام، نه‌ك به‌كاردانه‌وه‌ى بێ به‌رنامه ‌و به‌ڕێكارى خێرا و له‌ناكاوى بێسه‌روبه‌ر.

چاكسازى پرۆسه‌یه‌كى ڕووت و ته‌نیاى دابڕاو نییه‌ له ‌كۆمه‌ڵێك چه‌مك و كارلێكى دیكه‌، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كى فراوان و درێژخایه‌نه ‌كه ‌په‌یوه‌ندى به‌زۆر فاكتى تێكه‌ڵاو و جیاوه‌ هه‌یه ‌و ناكرێت به‌و جۆره‌ ته‌ماشا بكرێت و لێكبدرێته‌وه ‌كه ‌ته‌نیا بریتییه ‌له‌بڕیارێكى سه‌رۆك وه‌زیران، یان ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، بۆ چاكسازیكردن!.

بۆیه ‌ئه‌م پرۆسه‌یه ‌ئه‌وه‌نده ‌ئاسان و ساده ‌نییه ‌وه‌ك ئه‌وه‌ى له ‌وتارێكى ڕۆژنامه‌وانیدا ده‌یخوێنینه‌وه‌، یان له‌دیدارێكى ته‌له‌ڤزۆنیدا ده‌یبینن. پرۆسه‌یه‌كه ‌ئیراده‌یه‌كى جددیى جێبه‌جێكردنى ده‌وێت، كه‌ پێویستى به‌سه‌بر و ئارامى و به‌رگه‌گرتن و به‌دواداچوون هه‌یه تا ئه‌نجامى چاوه‌ڕوانكراو بداته‌ ده‌سته‌وه‌!‌. پرۆسه‌یه‌كه، ‌كه ‌پلانى كورتخایه‌ن، مامناوه‌ندى و درێژخایه‌نى ده‌وێت. وه‌ك ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ى ئێستا له‌وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى جێبه‌جێ كراوه‌، كه ‌له‌داهاتوویه‌كى نزیكدا كاریگه‌رى و شوێنه‌وارى ئه‌رێنیى پڕۆژه‌كه ‌بۆ چاكسازى و دابینكردنى دادپه‌روه‌رى له‌سوودمه‌ندانى مووچه‌ى پاراستنى كۆمه‌ڵایه‌تى و كه‌مئه‌نداماندا، دابین ده‌كات.

به‌ڕێزان..
هه‌ڵنانى هه‌نگاوى پراكتیكى له‌پرۆسه‌ى چاكسازیدا، له‌كاتێكدا كه‌هه‌رێمى كوردستان له‌جه‌نگێكى سه‌ختى دژ به‌تیرۆردایه‌، له‌كاتێكدا كوردستان به‌دۆخێكى سه‌ختى سیاسى، ئابوورى و داراییدا ده‌ڕوات و دۆخه‌كه‌ كاریگه‌رى له‌ته‌واوى كه‌رت و جومگه‌كانى ژیان كردووه‌، به‌ته‌نیا یه‌ك مانا ده‌به‌خشێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ‌كه ‌حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چاكسازى ده‌كات و، بڕواى به‌وه ‌هه‌یه ‌كه ‌چاكسازى یارمه‌تیده‌رێكى زۆر باش ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى زۆرێك له‌قه‌یرانه‌كان و دابینكردنى دادپه‌روه‌رى و پێشكه‌شكردنى باشترین خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌هاووڵاتیان.

چاكسازى به‌شێكى گه‌وره‌ى به‌رنامه‌ى حكوومه‌ته ‌و له‌ڕۆژى یه‌كه‌مى ده‌ستبه‌كاربوونى حكوومه‌ته‌وه‌، وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌كان به‌دڵسۆزییه‌وه ‌هه‌وڵه‌كانیان له‌م پێناوه‌دا به‌گه‌ڕ خستووه‌ و زۆرێك له‌وانیش هه‌نگاوى باشیان ناوه‌. هه‌روه‌ك له‌سه‌‌ره‌تاى ساڵى 2014  دواى ئه‌و كێشانه‌ى له‌گه‌ڵ به‌غدا هاتنه ‌ئاراوه‌، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى قه‌یرانى دارایى، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستى به‌هه‌ندێ هه‌نگاوى پراكتیكى كرد به‌مه‌به‌ستى كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجى و زیادكردنى داهات و چه‌ندین هه‌نگاوى دیكه‌ى له‌و جۆره‌ش. دڵنیام هاووڵاتیانى كوردستان له‌داهاتوویه‌كدا كه ‌زۆر دوور نییه‌، به‌ره ‌ـ به‌ره‌ ئه‌نجامى زیاترى چاكسازییه‌كان ده‌بین.

هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ دووپاتى بكه‌مه‌وه‌، كه‌ئه‌م هه‌نگاوه‌ى ئه‌مڕۆى وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى، یه‌كێكه‌ له‌ هه‌نگاوه ‌سه‌ره‌تاییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاكسازى و، له‌قۆناغه‌كانى داهاتوودا حكوومه‌تى هه‌رێم له‌م پێناوه‌دا چه‌ندین هه‌نگاوى گه‌وره‌تر و فروانتر لەلایەن وەزارەتەكانەوە ڕاده‌گه‌یه‌نرێت.

دووباره‌ ده‌ستخۆشى له‌وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و جه‌نابى وه‌زیر ده‌كه‌م، هیواى سه‌ركه‌وتینان بۆ ده‌خوازم. دیسانەوە سوپاسی ڕێكخراوی USAID دەكەم كە ئەوان زۆر بە پەرۆشەوە یارمەتیدەر بوون بۆئەوەی ئەم پڕۆژەیە سەركەوتن بەدەست بهێنێت. سوپاسی وەزارەتی پلاندانانیش دەكەم بۆ پێشكەشكردنی ئەو هاوكارییانەی كە ئەمڕۆ بوون بەهۆی ئەوەی ئەم پڕۆژەیە دەستپێبكرێت و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

زۆر بەخێربێن سەرچاوان.

Read کد خبر: 1543

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی