جێگری سەرۆك وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە ڕایگەیاند، پێویستە هەموومان بەرپرسانە مەماڵە بکەین و ڕۆڵێکی باش و کاریگەرمان هەبێت بۆ ئێستای کوردستانەکەمان . ئەوەی دوپاتکردەوە دوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە، هۆکارێکی دیکە بریتیە لەوەی کە خەرجی زیاترە لە داهات، بۆ چارەسەرکردنی دەبێت خەرجیەکانمان کەم بکەینەوە و داهات زیاد بکەین، کە ئەمەش گرفتی چەندساڵەیە و لە ئێستا تەواو کاریگەری دروستکردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێزان وەزیری ناوخۆ، وەزیری دارای و وەزیری پلاندان و وتەبێژ و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران تێدا ئامادە بوون، بەڕێز قوباد تاڵەبانی داوای لە پارێزگارە بەڕێزەکان کرد لەگەڵ بەڕێوەبەرەکاندا بەردەوام لە پەیوەندیدابن لەگەڵ فەرمانبەران و هاوڵاتیانی بەڕێز، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونی پێویستیان پێبدرێت بەرامبەر ئەو قەیرانانەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پلان و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە ڕوون بکەنەوە.
پارێزگارە بەڕێزەکان سەرنج و داواکاری خۆیان پێشکەشکرد و هەموولایەك هاوڕابوون لە سەر پێویستی ئارامکردنەوەی دۆخی ئێستای هاوڵاتیان و پێکەوە بە هەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکانەوە بەرپرسانە و دڵسۆزانە هەوڵەکان بخەنە گەڕ بەرەو چاکسازی و چارەسەری گونجاو.