نێچیرڤان بارزانی: كوردستان زەمینەیەكی زۆر لەباری گەشتیاری هەیە

  • شەممە, 19 ئازار 2016

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 19 - 3 - 2016 بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و بەڕێزان وەزیری گەشتیاریی لوبنان، وەزیری ڕۆشنبیریی عێراقی فیدرال، وەزیران و پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان، نوێنەرانی ئاژانس و كۆمپانیاكانی گەشتیاری لە جیهان و وڵاتانی ناوچەكە و عێراق و بەرپرسانی حزبی و حكوومی و كەسایەتیانی ئەكادیمی و هاوڵاتیان، لە شاری هەولێر گەورەترین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی گەشتیاری سازكرا.

لە ڕێوڕەسمی كۆنفرانسەكەدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا جگە لە بەخێرهێنانی میوانان و دەربڕینی خۆشحاڵی بە بەشداریكردنی بەرپرسان و نوێنەران و ئاژانس و كۆمپانیاكانی گەشتیاری بیست و حەوت وڵات لەو كۆنفرانسەدا، جەختی لەوە كردەوە كە لە دۆخێكی وەك ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان كە شەڕی دژی تیرۆر و قەیرانی دارایی لە ئارادان، بەشداری ئەم ژمارە زۆرەی ئاژانس و كۆمپانیا جیهانییەكان، دڵنیایى و پشتیوانى و په‌یامێكى به‌نرخە بۆ هەرێمی كوردستان و هیوای خواست ئەمە ببێتە هۆكاری هەڵنانی هه‌نگاوى گه‌وره‌تر بۆ فراونبوون و بووژانەوەی كه‌رتى گه‌شتیارى كه‌ بتوانێت به‌شدارییه‌كى كارا له‌ دابینكردنى داهاتى دیكه‌دا بۆ هه‌رێمى كوردستان بكات.

 

 

هەروەك هیوای خواست كۆنفرانسەكە ببێته‌ پردێك و كردنه‌وه‌ى ده‌رگایه‌كى دیكه‌ى جیهان به‌ ڕووى هه‌رێمى كوردستاندا بە تایبەت كە هەڵكەوتەی جوگرافی هەرێم و شوێنەوارە مێژووییەكانی دەرفەتی باش بۆ ئەم بوارە دورست دەكەن و كۆمه‌ڵگه‌ و خه‌ڵكى میواندۆست و میوانپه‌روه‌ر‌ى كوردستانیش، هانده‌رێكى دیكه‌ى گه‌شتیارین و، گه‌شتیارانى بیانى هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ساتى گه‌یشتنیان به‌ فڕۆكه‌خانه‌ و سنووره‌كانى كوردستان، یه‌كه‌م شت كه‌ هه‌ستى پێده‌كه‌ن، دڵگه‌رمى، ڕووخۆشى و، پێشوازیى گه‌رمى خه‌ڵكی كوردستانە، كه‌ ئەمە خەسڵەتێكی سەركیی ئەم وڵاتە و ئەم خەڵكەیە.

لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا كە حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وێڕاى كاركردن بۆ بنیاتنانى ژێرخانى گه‌شتیارى، دابینكردنى ئاسایش و، ئاسانكارى بۆ هاتنى گه‌شتیاران، كارى كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ڕووى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى و كه‌رتى تایبه‌تیش به‌ شێوه‌یه‌كى فراوان ئاراسته‌ى ئه‌و بواره‌ گرنگه بكات‌ و، له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌موو ئاسانكارییه‌كى پێشكه‌ش كردووه‌. دووپاتیشی كردەوە له‌وه‌ته‌ى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان لە ساڵى 2006 له‌ هه‌رێمى كوردستان دروست بووه‌، تا ئێستا به‌ بڕى زیاتر له‌ (6) ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتى گه‌شتیاریدا كراوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وله‌ویات و ناچاریى حكوومه‌ت به‌ گرنگیدان به‌ كه‌رته‌ پێویست و له‌پێشه‌كانى دیكه‌ى ژیان، هێشتا وه‌ك پێویست نه‌توانراوه‌ كار له‌م كه‌رته‌دا بكرێت جیا لەوەی به‌هۆى شه‌ڕى تیرۆر و قه‌یرانى دارایى و بڕینى بودجه‌ى هه‌رێم له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عیراقه‌وه‌، وه‌ك هه‌موو كه‌رته‌كانى دیكه‌، كاریگه‌ریى خراپ له‌سه‌ر كه‌رتى گه‌شتیارییش دروست بووه‌.

دواتر باسی لە ئامارەكانی گەشەی كەرتی گەشتیاری لە نێوان ساڵى 2007 بۆ 2016 لە هەرێمی كوردستان كرد كە گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بە جۆرێك لە 105 هۆتێلی گەشتیاری بۆ 620 هۆتێل و، له‌ 129 ڕیستورانی گەشتیاری ‌بۆ 764 ڕێستوڕانت و له‌ 377 هه‌زار گەشتیارەوە بۆ نزیكه‌ى سێ ملیۆن گه‌شتیار به‌زر بۆته‌وه و حكوومەتیش به‌و ئامانجه‌ كار ده‌كات، كه‌ ئه‌م كه‌رته‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كه‌رته‌كانى كشتوكاڵ و پیشه‌سازى، له‌ جیاتى كه‌رتى نه‌وت و گازى سروشتى، ببنه‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كیى داهات.

جەختی لەوەش كردەوە كە پێشخستنى گه‌شتیارى هه‌ر به‌ته‌نیا دروستكردنى هۆتێل و ڕێستوڕانتى پێنج ئه‌ستێره‌یى و سه‌یرانگه‌ و پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ى گه‌شتیارى نییه‌، به‌ڵكوو دروستكردنى كه‌لتوور و ڕۆشنبیریى گه‌شتیارى، خزمه‌تى باش، خزمه‌تگوزاریى پێشكه‌وتووى گه‌شتیاریش، لایه‌نێكى سه‌ره‌كیى ئه‌و كه‌رته‌ گرنگه‌یه‌‌ و له‌م بواره‌شدا هه‌رێمى كوردستان شانسێكى باشى هه‌یه‌ و خه‌ڵكى كوردستان حه‌زیان له‌ گه‌شتیارى و ئارامییە، به‌ڵام هێشتا پێگه‌یشتنێكى باشترى كه‌لتوور و ڕۆشنبیریى گه‌شتیارى له‌ هه‌رێمى كوردستان پێویسته‌ و ئەمەشی بە كاری حكوومه‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى ئه‌م بواره‌ و دەزگاكانی ڕاگه‌یاندن زانی.

هه‌روەها داوای له‌ وه‌به‌رهێنه‌ران، سه‌رمایه‌داران و كه‌رتى تایبه‌تى ناوخۆیى و بیانى كرد كه‌ زه‌مینه‌ى له‌بارى گه‌شتیارى له‌ هه‌رێمى كوردستان و، ئه‌و هه‌موو ده‌رفه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ى له‌ بوارى گه‌شتیاریدا هه‌یه‌ بقۆزنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارییه‌كى كارا له‌ فراوانكردنى كه‌رتى گه‌شتیارى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا بكه‌ن و كار و پڕۆژه‌ى گه‌شتیارى ئه‌نجام بده‌ن و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش هه‌موو هاوكارى و ئاسانكارییه‌كیان پێشكه‌ش ده‌كات.

لە كۆتایی وتەكەیدا ڕێز و نەوازشی بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان نارد كه ‌بۆ به‌رگرى له‌ كوردستان گیان و خوێنى خۆیان به‌خشى. هەروەها ماندوونه‌بوون و ده‌ستخۆشى له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان كرد كه‌ ئێستا له‌ به‌ره‌كانى جه‌نگدا كوردستان ده‌پارێزن، بۆ ئه‌وه‌ى وڵات ئارام و سه‌قامگیر بێت و له‌ كه‌شێكى ئارام و سه‌قامگیردا بتوانرێت كار بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێشخستنى كوردستان بكرێت. بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزی نەتەوەییشەوە، جەژنە پیرۆزەی لە هەموو خەڵكی كوردستان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ كۆنفرانسەكە و كاتێكی خۆشی بۆ میوانانی بەشدار لە كۆنفرانسەكەدا خواست.

دەقی ووتەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی:

میوانان و ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
به‌ڕێزان وه‌زیرى گه‌شتیاریى لوبنان، وه‌زیرى ڕۆشنبیریى عیراقى فیدراڵ، باڵیۆز و كوسنوڵانی وڵاتانی بیانی لە هەولێر و بەغدا و هەموولایەكتان بەخێربێن،بەخێرهاتنی نوێنه‌رانى ئاژانس و كۆمپانیاكانى گه‌شتیارى له‌ جیهان، وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و له‌ عیراق دەكەم مایه‌ى خۆشحاڵیى ئێمه‌ و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ لێره‌، له‌ هه‌ولێر پێشوازیتان لێده‌كه‌ین و، له‌ كۆنفرسێكى نیوده‌وڵه‌تیدا بۆ گه‌شتیارى، له‌گه‌ڵتاندا به‌شدار ده‌بین. هاتن و به‌شداریكردنى به‌رپرسان و نوێنه‌ران و، ئاژانس و كۆمپانیاكانى بوارى گه‌شتیاریى‌ (27) وڵات له‌ هه‌موو كیشوه‌ره‌كانى دنیاوه بۆ هه‌ولێر، به‌تایبه‌تى له‌ دۆخێكى وه‌ك ئه‌مڕۆى هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌دا، كه‌ شه‌ڕى دژى تیرۆر و قه‌یرانى دارایى له‌ ئارادان و، كاریگه‌ریى نه‌رێنییان له‌ هه‌موو بواره‌كانى ژیان كردووه‌‌، وێڕاى ئه‌وه‌ى بۆ كه‌رتى گه‌شتیارى ڕووداوێكى گرنگه‌، بۆ هه‌رێمى كوردستانیش، دڵنیایى، پشتیوانى و په‌یامێكى به‌نرخه‌.

هیوادارین سازكردنى ئه‌م كۆنفرانسه‌ و به‌شداریى ئه‌و ژماره‌ گه‌وره‌یه‌ى كۆمپانیا و ئاژانسه‌كانى گه‌شتیاریى وڵاتانى جیهان، ببێته‌ هۆى هه‌ڵنانى هه‌نگاوى گه‌وره‌تر بۆ فراونبوونى كه‌رتى گه‌شتیارى له‌ هه‌رێمى كوردستان و بووژانه‌وه‌ى ئه‌م كه‌رته‌، كه‌ بتوانێت به‌شدارییه‌كى كارا له‌ دابینكردنى داهاتى دیكه‌دا بۆ هه‌رێمى كوردستان بكات، هه‌روه‌ها ببێته‌ پردێك و كردنه‌وه‌ى ده‌رگایه‌كى دیكه‌ى جیهان به‌ ڕووى هه‌رێمى كوردستاندا و، وڵاته‌كه‌مان بكاته‌ ئاراسته‌ و ڕووگه‌یه‌كى دیكه‌ى گه‌شتیارى، بۆ ئه‌و گه‌شتیارانه‌ى ساڵانه‌ له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهانه‌وه‌، ڕوو له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ن.

هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووى گه‌شتیارییه‌وه، هه‌ڵكه‌وته‌یه‌كى جوگرافیى گونجاو، سروشتێكى جوان، هه‌وایه‌كى سازگار، كه‌شێكى له‌بار و، ده‌یان جێگه‌ گەشتیاری و شوێنه‌وارى مێژوویى هه‌یه‌ و، ده‌كرێ له‌ هه‌رچوار وه‌رزه‌كانى ساڵدا، ببێته‌ ڕووگه‌یه‌كى دیكه‌ى گه‌شتیارى، بۆ گه‌شتیارانى عیراق، وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و ته‌واوى جیهانیش.

هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگه‌ و خه‌ڵكى میواندۆست و میوانپه‌روه‌ر‌ى كوردستان، هانده‌رێكى دیكه‌ى گه‌شتیارین و، گه‌شتیارانى بیانى هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ساتى گه‌یشتنیان به‌ فڕۆكه‌خانه‌ و سنووره‌كانى كوردستان، یه‌كه‌م شت كه‌ هه‌ستى پێده‌كه‌ن، سه‌رنجیان ڕاده‌كێشێت و خۆشحاڵیان ده‌كات، دڵگه‌رمى، ڕووخۆشى و، پێشوازیى گه‌رمى خه‌ڵكه‌ى كوردستانە، كه‌ ئەمە خەسڵەتێكی سەركیی ئەم وڵاتە و ئەم خەڵكەیە و هیوادارم بەردەوام بەم شێوەیە بمێنێتەوە.

به‌ڕێزان..
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وێڕاى كاركردن بۆ بنیاتنانى ژێرخانى گه‌شتیارى، دابینكردنى ئاسایش و، ئاسانكارى بۆ هاتنى گه‌شتیاران، كارى كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ڕووى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى و كه‌رتى تایبه‌تیش به‌ شێوه‌یه‌كى فراوان ئاراسته‌ى ئه‌و بواره‌ گرنگه بكات‌ و، له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌موو ئاسانكارییه‌كى پێشكه‌ش كردووه‌. له‌وه‌ته‌ى كه‌ ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان ساڵى 2006 له‌ هه‌رێمى كوردستان دروست بووه‌، تا ئێستا به‌ بڕى زیاتر له‌ (6) ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتى گه‌شتیاریدا كراوه‌.

به‌ڵام وێڕاى هه‌بوونى بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانى گه‌شتیاریش، له‌ لایه‌ك له‌به‌ر ئه‌وله‌ویات و ناچاریى حكوومه‌ت به‌ گرنگیدان به‌ كه‌رته‌ پێویست و له‌پێشه‌كانى دیكه‌ى ژیان له‌ هه‌رێمى كوردستان، هێشتا وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت نه‌توانراوه‌ كار له‌م كه‌رته‌دا بكرێت، له‌ لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ نزیكه‌ى دوو ساڵى ڕابردوو به‌هۆى شه‌ڕى تیرۆر و قه‌یرانى دارایى و بڕینى بودجه‌ى هه‌رێم له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عیراقه‌وه‌، وه‌ك هه‌موو كه‌رته‌كانى دیكه‌، كاریگه‌ریى خراپ له‌سه‌ر كه‌رتى گه‌شتیارییش دروست بووه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌نجامێكى زۆر ئاساییى بارودۆخى ناوچه‌كه‌یه‌ و دڵنیاین كه‌ به‌ باشبوونى دۆخه‌كه‌، گه‌شتیاریش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر دۆخى جارانى و، باشتریش ده‌بێت.

ئه‌گه‌ر سه‌یرێكى ئاماره‌كانى نێوان ساڵى 2007 بۆ 2016 بكه‌ین، ده‌بینین كه‌ به‌ره‌وپێشچوونێكى گه‌وره‌ له‌ بوارى گه‌شتیاریدا له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕووى داوه‌. بۆ نموونه‌ ساڵى 2007 ته‌نیا (105) هۆتێلمان له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌بووه‌، كه‌چى ئێستا ئه‌و ژماره‌یه‌ ساڵى 2016 بۆ (620) هۆتێل و، ڕێستوڕانته‌ گه‌شتیارییه‌كانیش له‌ (129)ه‌وه،‌ بۆ (764) ڕێستوڕانت به‌رز بۆته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ژماره‌ى گه‌شتیاران له‌ نێوان ئه‌و ساڵانه‌دا، له‌ (377) هه‌زاره‌وه‌، بۆ نزیكه‌ى (سێ) ملیۆن گه‌شتیار به‌زر بۆته‌وه‌، كه‌ زۆربه‌یان له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووى عیراق و ئێرانه‌وه‌ هاتوون، ئه‌وانى دیكه‌ش گه‌شتیارانى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جیهان بوون.

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پلانى فراوانى بۆ پێشخستنى كه‌رتى گه‌شتیارى هه‌یه‌ و به‌و ئامانجه‌ كار ده‌كات، كه‌ ئه‌م كه‌رته‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كه‌رته‌كانى كشتوكاڵ و پیشه‌سازى، له‌ جیاتى كه‌رتى نه‌وت و گازى سروشتى، ببنه‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كیى داهات و، به‌ دامه‌زراندنى ژێرخانى ئه‌و كه‌رتانه‌، ئیتر هه‌رێمى كوردستان بۆ دابینكردنى داهات، كه‌مترین پشتبه‌ستنى به‌ كه‌رتى نه‌وت و گازى سروشتى هه‌بێت.

به‌ڕێزان،
پێشخستنى گه‌شتیارى هه‌ر به‌ته‌نیا دروستكردنى هۆتێل و ڕێستوڕانتى پێنج ئه‌ستێره‌یى و سه‌یرانگه‌ و پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ى گه‌شتیارى نییه‌، به‌ڵكوو دروستكردنى كه‌لتوور و ڕۆشنبیریى گه‌شتیارى، خزمه‌تى باش، خزمه‌تگوزاریى پێشكه‌وتووى گه‌شتیاریش، لایه‌نێكى سه‌ره‌كیى ئه‌و كه‌رته‌ گرنگه‌یه‌‌. له‌م بواره‌شدا هه‌رێمى كوردستان شانسێكى باشى هه‌یه‌ و خه‌ڵكى كوردستان حه‌زیان له‌ گه‌شتیارى و ئارامییە له‌ ژیان‌، كه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات بڵاوبوونه‌وه‌ى كه‌لتوور‌ و ڕۆشنبیریى گه‌شتیارى ئاسانتر بێت و، ژینگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیى كوردستان بۆ گه‌شتیارى و هاتنى گه‌شتیارانى بیانى، هاوكار و یارمه‌تیده‌ر بێت. 

به‌ڵام وێڕاى ئه‌مه‌ش، هێشتا پێگه‌یشتنێكى باشترى كه‌لتوور و ڕۆشنبیریى گه‌شتیارى له‌ هه‌رێمى كوردستان پێویسته‌. بۆ ئه‌مه‌ش هه‌م ده‌بێ حكوومه‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى ئه‌م بواره‌ له‌ كوردستان، به‌ شێوه‌یه‌كى زانستیانه‌ كارى جددیتر له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ گرنگه‌ى گه‌شتیارى بكه‌ن، هه‌م ڕاگه‌یاندنیش ده‌توانێت ڕۆڵێكى كاریگه‌ر له‌م بواره‌دا بگێڕێت و، به‌شدارییه‌كى كارا له‌ دروستكردن و په‌ره‌پێدان و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و كه‌لتووره‌دا، بكات. هیوادارم ئه‌م كۆنفرانسه‌ش بتوانێت له‌مباره‌یه‌وه‌ هاوكارییه‌ك بۆ كه‌رتى گه‌شتیارى له‌ هه‌رێمى كوردستان بكات و، له‌ باس و پانێڵه‌كانیدا، گرنگى به‌م لایه‌نه‌ و چۆنیه‌تیى پێشخستنى ئەم بوارە بدات.

هه‌ر له‌م ده‌رفه‌ته‌دا داوا له‌ وه‌به‌رهێنه‌ران، سه‌رمایه‌داران و كه‌رتى تایبه‌تى ناوخۆیى و بیانى ده‌كه‌م، كه‌ زه‌مینه‌ى له‌بارى گه‌شتیارى له‌ هه‌رێمى كوردستان و، ئه‌و هه‌موو ده‌رفه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ى له‌ بوارى گه‌شتیاریدا هه‌یه‌ بقۆزنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارییه‌كى كارا له‌ فراوانكردنى كه‌رتى گه‌شتیارى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا بكه‌ن. له‌ شوێنه‌واره‌كان، چیاكان، چۆڵه‌وانى، ده‌شتوده‌ر، چه‌م و ڕووباره‌كانى كوردستان سوود ببینن، كه‌ هه‌موو وه‌رزه‌كانى ساڵ بۆ گه‌شتیاریى گونجاون و، كار و پڕۆژه‌ى گه‌شتیارى لێ ئه‌نجام بده‌ن. حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش هه‌موو هاوكارى و ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات.

گه‌شتیارى بۆ هه‌رێمى كوردستان كه‌رتێكى زۆر گرنگه‌ و، بۆ ڕێگه‌خۆشكردن و هاندانى سه‌رمایه‌گوزاریى زیاتر و وه‌به‌رهێنان و ئاراسته‌كردنى باشترى كه‌رتى تایبه‌ت بۆ گه‌شتیارى، داوا له‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و ده‌سته‌ى گشتیى گه‌شتوگوزار و داموده‌زگاكانى بوارى گه‌شتیارى له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م، كه‌ هه‌موو ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ن و، ڕۆتین و بیرۆكراسى كه‌م بكه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى گه‌شتیارى ببێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى گه‌وره‌ى داهات و، به‌شدارییه‌كى كارا له‌ به‌رنامه‌ى حكوومه‌تدا بۆ دابینكردنى خۆشگوزه‌رانى و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزاریى باشتر بكات.

هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا و به‌رله‌ كۆتایى، به‌وپه‌ڕى ڕێز و حورمه‌ته‌وه‌، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانى كوردستان داده‌نوێنین، كه ‌بۆ به‌رگرى له‌ كوردستان گیان و خوێنى خۆیان به‌خشى. ماندوونه‌بوون و ده‌ستخۆشى له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان ده‌كه‌م، كه‌ ئێستا له‌ به‌ره‌كانى جه‌نگدا كوردستان ده‌پارێزن، بۆ ئه‌وه‌ى وڵات ئارام و سه‌قامگیر بێت و، ئه‌مڕۆ بتوانین لێره له‌ كه‌شێكى ئارام و سه‌قامگیردا كار بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێشخستنى كوردستان بكه‌ین و، له‌ سایه‌ى خۆڕاگرى و قاره‌مانیه‌تیى ئه‌واندا، خه‌ڵكى كوردستان پێشوازى له‌ جه‌ژنى نه‌ته‌وه‌ییان دەكه‌ن. لێرەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە.

دووباره‌ به‌خێرهاتنى هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م، هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ كۆنفرانسه‌كه‌تان ده‌خوازم، ده‌ستخۆشى له‌ وەزیری شاره‌وانى دەكەم. دەستخۆشی لە سەرۆكی ده‌سته‌ى گشتیى گه‌شتوگوزاری هەرێم و ستاف و كارمەندان و ئەوانەی كە لەگەڵیاندا كاریان كردووە بۆ ئەم كۆنفرانسە، دەكەم هەوڵەكانیان بەرز دەنرخێنم بۆ ئەو كارەی كە ئەمڕۆ كردوویانە.

هیواى به‌سه‌ربردنى كاتێكى خۆش بۆ میوانان و به‌شدارانى كۆنفرانسه‌كه‌تان ده‌خوازم، هیوادارم ئه‌م هاتنه‌یان ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ هاتنى گه‌شتیارانى وڵاته‌كانیان بۆ هه‌رێمى كوردستان، وە هەروەها ببێتە هاندەرێن بۆ زیاتر گرنگیدانی كەرتی تایبەت بە بواری گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان.

دووباره‌ هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن،
زۆر سوپاس بۆ هاتنتان.
 

 

Read کد خبر: 1803

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی