ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 5 - 4 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە بەڕێز ئەنزۆ ئەماندۆلا جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا بەڕێز ئەماندۆلا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی كە پاش دەستبەكاربوونی وەك جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، یەكەم جارە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات. هەروەها بەردەوامیی هاوكارییە مرۆیی و سەربازییەكانی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی كوردستانی لە هەموو بوارەكاندا دووپات كردەوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بە قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش و وەستاندنی مەترسیی تیرۆر لەسەر هەرێمی كوردستان كرد و هەڵوێستی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر و دابینكردنی جێگەی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی پێویست بۆیان، بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و باسی لە دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش كرد و لەمبارەیەشەوە سوپاسی هاوكارییە بەردەوامەكانی ئیتاڵیای لەڕووی سەربازی و مرۆییەوە بۆ هەرێمی كوردستان كرد. جەختی لەوەش كردەوە كە شەڕی دژی داعش تەنیا بەرپرسیاریەتیی هەرێمی كوردستان نییە بەڵكو بەرپرسیاریەتیی هەموو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بەتایبەتی وڵاتانی هاوپەیمان.
بەڕێزیان لە بەردەوامیی قسەكانیدا پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی كوردستانی دووپات كردەوە و پوختەیەكیشی دەربارەی ئەو قەیرانە داراییەی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە و هۆكارەكانی و پلانەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ تێپەڕاندنی، خستە ڕوو و هیوای خواست كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم ڕووەوە هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بەتایبەتی گرووپی وڵاتانی جی حەوت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بتوانێت ئەو قەیرانە سەركەوتووانە تێپەڕێنێت.
تاوتوێكردنی چەند پرسێكی پەیوەندیداری وەك ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش و ئاوەدانكردنەوەی دەڤەرە ئازادكراوەكان و گەڕاندنەوەی متمانەی پێكەوەژیانی پێكهاتەكان لەو جێگایانە و دابینكردنی ئاسایش و ئاشتی بۆیان و نۆژەنكردنەوەی بەنداوی مووسڵ لەلایەن كۆمپانیایەكی ئیتاڵییەوە و پرۆسەی سیاسی لە بەغدا و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغد و وڵاتانی ناوچەكە و چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.