فەلاح مستەفا ژمارەیەك مێزگرد و سیمیناری لە دەزگاکانی هزری و دیراساتی ستراتیژی سازدا

لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەى حكومەت بە یاوەری بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ژمارەیەك مێزگرد و سیمیناری لە دەزگاکانی هزری و دیراساتی ستراتیژی سازدا.

 سەرەتا فەلاح مستەفا کورتەیەکی مێژوویی لەبارەى ئەزمونى حوکمڕانی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد ونیشانیدا كورد لە سەرەتاى ئەزمونەكەیدا ڕووبەڕووی چەندین کێشە و گرفت بووەوە، بەڵام شارەزایی و سەرکردایەتی حەکیمانەی کورد وایکرد ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەم ئەزمونە بەرەو پێشتر بچێت و ئەمڕۆ کورد بووەتە یەکێك لە فاكتەرە سەرەکیەکانی ناوچەکە و كورد لە سەرتاوە بڕواى بە دیموکراسی و ئازادی بیڕ و ڕا هەبوە، لەسەر ئەو پڕەنسیپەشمان بەردەوام دەبین. 

بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە پوختەیەکی دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی سەرگۆڕەپانی سیاسی کوردستان و هەڵبژاردنە سەرکەوتووەکەی ئەم دواییەی پەرلەمانی کوردستان پێشكەشكرد و ئاماژەشی بەوەدا ئەو هەڵبژاردنە جەخت کردنەوە بوو لەسەر پرەنسیپی دیموکراسیەت و بڕوایى سەرکردایەتی هەرێم و گەلی کورد بە بەرەوپێشبردن و پڕاکتیزەکردنی ئازادی و دیموکراسیەت لە هەرێـم.
لە لایەکی ترەوەش باسی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ کرد و نیشانیدا بەغدا ئامادە نیە کێشەکانی نێوانمان چارەسەر بکات، و بە بەردەوامی خۆیان دەدزنەوە لە جێبەجێکردنی ماددە دەستوریەکان و ڕێککەوتنەکانی نیوان هەردوولا. لە هەمانکاتدا هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی لە چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان دووپاتکردەوە لە ڕێگای گفتوگۆ بە مەرجێك کە ئەو ئامادەباشیەش لە حکومەتی فیدڕاڵدا بەدی بکرێت.
دواتر باسی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و تورکیای کرد و بە پێشکەوتووی وەسف کرد ونیشانیدا ئەو پەیوەندیانە لە بروابوونی هەردوولا دێت بە ڕێزگرتن لە یەکتر و بەرژەوەندیە دووقۆڵیەکان و گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە.

 

 

 

تەنگژەی سوریا و پرسی پەنابەرانی سوریا لە هەرێمی کوردستان لایەنێکی تری ئەو سیمینار و مێزگردانە بوو. فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوەدا هەرێمی کوردستان هەوڵی بەردەوام دەدات لەگەڵ لایەنە کوردیەکانی سوریا بۆ ئەوەی یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بن و بە هێزەوە بەشداری لە کۆنگرەی جنێف2 بکەن. هەروەها وبە پێویستى زانى گەلی کورد لە سوریا مافەکانیان پێبدرێت و وەك هاوبەشێکی سەرەکی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ودووپاتیكردەوە دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی جدیانە کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی سوریا بکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکان بێنێت و هەرێمی کوردستانیش وەك ئەکتەرێکی سەرەکی لە ناوچەکە ئامادەیە ڕۆڵی ئەرێنی لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە ببینێت. ونیشانیدا ئێستا نزیکەی 235 هەزار پەنابەر لە کوردستان هەن کە پێویستیان بە هاریکاری کۆمەڵگای نێودەولەتیەوە هەیە و داوای لە ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد ڕۆڵ لەو بوارە ببینن. 
و بەردەوامبوونى هەرێمی کوردستانی لە بەرەوپێشبردنی بواری ئابوری بە گشتی و بواری نەوت و گاز بە تایبەتی، و سیاسەتی کرانەوە لە بەردەم کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە نیودەوڵەتیەکان نیشاندا.
هێرشە تیرۆریستیەکەی ئەم دواییەی شاری هەولێر  تەوەرێکی دیکەى سیمینارەكە بوو. فەلاح مستەفا نیشانیدا تیرۆریستان چاویان بەو سەقامگیریە و پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت بۆیە هەولێریان کردە ئامانجی کارە تیرۆریستیەکەیان. وئەو کارە تیرۆریستەی بە هیچ جۆرێك کاریگەری نێگەتیڤانەی لەسەر باری گشتی نەکردووە، ئاماژەشی دا بەوەی کە دەزگاکانی ئاسایشی هەرێم بوێرانە بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەركەکانیان بۆ پاراستنی بواری ئەمن و ئاسایشی هەرێم و لەناوبردنی تیرۆر و تیرۆریستان.

 

لە لایەکی دیكەوە باسی لە یاسای هەڵبژاردنى عیراق کرد کە ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت لە پەرلەمانی عیراق و دووپاتیكردەوە کورد ئامادە نیە وەك هەڵبژاردنەکەی پێشوو تەنها لایەن بین کە زەرەرمەند بێت لەو سیستەمەی هەڵبژاردن و دەبێت یاساکە بە شێوەیەك بڕیاری لەسەر بدرێت کە پێگەی کورد وەك خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە ماقوڵ نیە لە جیاتی ئەوەی بەشداری ڕێژەی گەورەی هاووڵاتیانی هەرێم کاریگەری هەبێت لەسەر زیادبوونی کورسیەکانمان، بە پێچەوانەوە ژمارەی ئەو کورسیانەمان کەمتر بکاتەوە.

 

هەروەها ئاماژەی بە گرنگی ڕۆڵی ئافرەتدا لە تەواوی بوارەکان لە هەرێم. ورونیكردەوە کە ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری زۆر گرنگی کردووە بۆ پاراستنی مافی ئافرەت و پاراستنیان لە توند و تیژی و بەردەوامیش دەبێت لەو هەڵوێستە و بەشداری پێکردنیان بە شێوەیەکی زیاتر لە ژیانی سیاسیدا.

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 210

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی