سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا دەكات

نيوه‌ڕۆى ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 2024/5/9 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو ئەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ به‌ڕێزان باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا ئاماده‌ى بوون، جه‌خت له‌ پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ، بره‌ودان به‌ ديموكراسى و ئازادييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرايه‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕۆڵ و كاريگه‌ريى ڕێكخراوه‌ ناحكوومييه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێكهاته‌كان، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا بيروڕايان ده‌رباره‌ى هه‌ندێ تێبينى و كه‌موكووڕيى له‌ بواره‌كانى مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كاندا گۆڕييه‌وه‌ و هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌شى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌ردوولا بۆ باشتركردنى ئه‌و بوارانه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها داكۆكييان له‌ بره‌ودان به‌ به‌ها هاوبه‌شه‌كان و پاراستنى مافى پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌يى و ئايينييه‌كان كرده‌وه‌.

خاتوو زييا وێڕاى ده‌ربڕينى ستايش بۆ كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى و فره‌يى له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ييى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى وڵاته‌كه‌ى بۆ يارمه‌تيدانى هه‌رێمى كوردستان له‌پێناو بره‌ودان به‌ بواره‌كانى مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كان و ديموكراسى و ڕۆڵى ياسا ده‌ربڕى و هه‌رێمى كوردستانى به‌ هاوبه‌شێكى گرنگى ئه‌مه‌ريكا له‌ قه‌ڵه‌م دا.

ڕه‌وشى ئێزدييان و گرنگيى جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵ بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ى ئاواره‌كان، ژيان و گوزه‌رانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ كه‌مپه‌كاندا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

https://presidency.gov.krd/kurdistan-regional-government-president-barzani-receives-a-delegation-from-the-us-state-department/

 

Read کد خبر: 3213

دوایین هەواڵەکان

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی