سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆبوویەوە

ئەمڕۆ شەممە 15ـی 2ـی 2014 لە سەلاحەدین لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە كۆبوونەوانەی لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا هەیەتی، بەڕێز مەسعود بارزانی لەگەڵ كۆسرەت ڕەسووڵ و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و مەلا بەختیار و عیماد ئەحمەد و ژمارەیەكی دیكەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆبوویەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا سەرەتا ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی بەخێرهاتنەوەی سەرۆك بارزانیان كرد و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش باسی ئەنجامەكانی ئەو سەردانەی كرد كە بۆ چەند وڵاتێكی ئەوڕووپایی لە چەند حەفتەی ڕابردوودا هەیبووە.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە قسەكردن لەسەر گرفتە نێوخۆییەكانی یەكێتی و پاش ئاگاداربوونی سەرۆكی هەرێم لە وردەكاریی ئەم كێشانە سەرۆك بارزانی ئامادەیی خۆی نیشان دا هاوكار و یارمەتیدەریان بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هێمایشی بەوەدا كە پێویستە ئەم جۆرە كێشانە چارەسەر بكرێن چونكە مانەوەیان كاریگەری لەسەر بارودۆخی گشتیی كوردستان دادەنێت. لەم كۆبوونەوەیەدا سەبارەت بە چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كۆمەڵێك بڕیار دەركران.

دامەزراندنی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و ئامادەبووان جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە هێزە سیاسییەكان پڕۆسەی دانوساندن خێرا بكەن و لە ماوەیەكی كەمدا بگەنە ئەنجام و حكوومەتی تازە ڕابگەیێنرێت. هەر پەیوەست بەم باسەوە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانی بیروڕای خۆی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو. لەبەرانبەریشدا سەرۆك بارزانی بەڵێنی دا كە لە هەوڵەكانیدا بەردەوام بێت و لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی دیكەیش كۆ ببێتەوە.

باسكردنی دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەی پێك دەهێنا.

 

 

 

 

Read کد خبر: 374

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی