ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی 3ـی 2014 لە هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەحمەد داود ئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە جێگری وەزیری دەروەی توركیا و باڵیۆزی توركیا لە عێراقی فیدڕاڵ و هەروەها بەرپرسی بەشی كاروباری عێراق لە وەزارەتی دەروەی توركیا پێكهاتبوون.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك بەرپرسی ئیداری و سیاسیی هەرێمی كوردستان ئامادەبوون، وەزیری دەرەوەی توركیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها بەشداربوونی لە كۆڕبەندی دیداری سلێمانی لە زانكۆی ئەمەریكایی شاری سلێمانی دەربڕی و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا بە پێشڤەچوون و گەشەسەندنی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و كولتوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا. لە بەشێكی قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی توركیا باسی سەردانە مێژووییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ شاری ئامەد كرد و ئەو سەردانەی بە كاریگەر و گرنگ و مێژوویی لە قەڵەم دا.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندی یاوەری كرد و جەختیشی لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كرد و ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ بەردەوامیی ئەو پەیوەندییانە ڕاگەیاند.
هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و كاریگەرییەكانی لەسەر ئاییندەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا و، پەیوەست بە بابەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران سەرۆك بارزانی بە پێویستی زانی كە ئەم هەڵبژاردنە لە وادەی دیاریكراوی خۆی و بە بێ هیچ گرفتێك ئەنجام بدرێت.
بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و ڕەوشی سیاسی و ئەمنی سووریا و دۆخی پەنابەرانی سووریا تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.
چوار شەممە, 05 ئازار 2014