بەیاننامەی ئەنجومەنی وەزیران لە یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی شەهید

  • یەک شەممە, 16 ئازار 2014

بیست و شه‌ش ساڵ به‌ر له‌ ئێستا یه‌كێك له‌ سامناكترین تاوانه‌كانى مێژوو دژ به‌ گه‌لى كورد و ته‌واوى مرۆڤایه‌تى ئه‌نجام درا كاتێك فڕۆكه‌ مه‌رگهێنه‌كنى به‌عس به‌ چه‌كى كیمیایى شارى ئارامى هه‌ڵه‌بجه‌یان بۆمباران كرد و له‌ چه‌ند خوله‌كێكى كه‌مدا زیاتر له‌ پێنج هه‌زار مرۆڤى شه‌هید و به‌ هه‌زارانى دیكه‌شى بریندار و ته‌واوى ژینگه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ى ژاراوى كرد.

له‌و یاده‌ تاڵه‌دا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان دادەنوێنین و هاوخەمیی خۆمان بۆ برینداران و كەسوكاری قوربانییانی ئەو مه‌رگه‌ساته‌ دووپات دەكەینەوە. ئەو تاوانە گەورەیە، ڕاسته‌ به‌ یه‌كێك لە گەورەترین تاوان لە مێژووی مرۆڤایەتیی دوای جەنگی جیهانیی دووەمدا دەژمێردرێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا بووه‌ كلیلى كردنه‌وه‌ى گرێكوێره‌ى به‌ختى كورد.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وكات كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەك پێویست بە هانای گەلەكەمانه‌وه‌ نەهات و بێده‌نگییان لێ كرد، به‌ڵام دوای چەندین ساڵ لە هەوڵ  و تێكۆشانی بەردەوام، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندەكانی بڕیار، دانیان بە گه‌وره‌یى كاره‌ساته‌كه‌دا نا و له‌م ساڵانه‌ى دواییدا هه‌ڵمه‌تى ناساندنى كاره‌ساتى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ جینۆساید له‌ چه‌ندین وڵاتى جیهان ده‌ستى پێكرد و به‌ هه‌وڵ و كۆششى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و دۆستان و دڵسۆزان به‌رده‌وامه‌.

ئه‌مساڵ یادى ئه‌و كاره‌ساته‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ بڕیارى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ هاوخه‌مى و هاوده‌ردى و ماته‌مین بۆ یادى قوربانیان، پیرۆزباییش له‌ خه‌ڵكى خۆڕاگرى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌ین و دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ ئه‌ركى خۆى ده‌زانێت هه‌مو خزمه‌تێك پێشكه‌ش به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و كه‌سوكارى قوربانیان بكات و ئه‌وه‌ى له‌ توانایدا بێت درێغى ناكات.

نه‌مرى بۆ شه‌هیدان و هیواى چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداران و دڵنه‌وایى بۆ كه‌سوكارى قوربانیان ده‌خوازین. پیرۆزبایى به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییان و ته‌واوى كوردستانیان ده‌كه‌ین.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان.

2014/3/16

 

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 444

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی