نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتۆن بە بەشداری باڵیۆزخانەی عیراق لە ئەمەریكاو بە هاوكاری هەردوو ئەندامانی كۆنگرێس مارشا بلاكبورن كە نوێنەرایەتی وویلایەتی تێنسی دەكات لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا و كریستوفەر ڤان هۆلن كە نوێنەرایەتی وویلایەتی مێریلاند دەكات لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا، بە ئامادەبوونی فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم و لوقمان فەیلی باڵیۆزی عیراق لە ئەمەریكا و بریت مەكگۆرك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و جیم جیفری و زەڵمای خەلیلزاد باڵیۆزانی پێشووی ئەمەریكا لە عیراق و ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگرێس و چەندین بەرپرسی باڵای ئیدارەی ئەمەریكا و رەوەندی كوردستانی و میدیاكاران و چالاكوانان مەڕاسیمی بیست و شەشەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە ناو كۆنگرێسی ئەمەریكا بەرز راگیرا.
سەرەتا ئەندامی كۆنگرێس كریستوفەر ڤان كە سپۆنسەری سەرەكی خوێندنەوەی یەكەمی بڕگەی 422 ی ناو كۆنگرێسی ئەمەریكایە كە لەگەڵ ئەندامی كۆنگرێس خاتوو مارشا بلاكبورن ڕۆلی سەرەكیان گێراوە بۆ دەركردنی بڕگەی 422، وتارێكی پێشكەشكرد و تیایدا باسی لە پێویستی بەردەوام بوون و مانەوەی دۆستایەتی ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان كرد كە گرنگە پەرەی پێبدرێت و رێز لە دۆستە كوردەكانمان و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان بگرین.
بەڕێزیان باسی لە خوێندنەوەی یەكەمی بڕگەی 422 كرد كە ئێستا كاری لەسەر دەكرێت لە كۆنگرێس بۆ ئەوەی كارەساتی هەڵەبجەو ئەنفال بە فەرمی لە كۆنگرێسی ئەمەریكا بناسرێت.
دواتر خاتوو مارشا بلاكبورن ووتەیەكی پێشكەش كرد سە بارەت بە جینۆساید و ناساندنی تاوانی هەڵەبجە و ئەنفال لە ناو كۆنگرێسی ئەمەریكا و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێت كاری زۆری بۆ بكەین لەگەڵ هاورێكانم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەو دۆستایەتیەی نێوانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان. دووپاتیشی كردەوە كە ئەم دۆستایەتیە دەپارێزین و بە بەردەوامیش كار بۆ پێشخستنی پەیوەندیەكانی نێوانمان دەكەین.
پاشان لوقمان فەیلی باڵیۆزی عیراق لە ئەمەریكا لە وتارێكدا زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كارە نارەوایەی رژێمی بەعسی رووخاوی كرد كە چەند بە دڕندانەیی هەوڵی پاكتاوی نەتەوەی كوردی داوە. باڵیۆزی عێراق ئامادەیی خۆیی و باڵۆزخانەی دووپاتكردەوە بۆ بەجینۆساید ناساندنی هەڵەبجە و ئەنفال.
جەنەڕاڵ جەمیس جۆنس راوێژكاری پێشوی ئاسایشی نەتەوەی ئەمەریكا باسی لە دۆستایەتی و پەیوەندی ئەمەریكا و گەلی كورد كرد كە تا رادەیەكی بەرچاو پێشكەوتنی بە خۆیەوە بینیوەو پێویستە بە بەردەوامیش ئەو پەیوەندیانە پتەوتر بكرێت و بپارێزرێت.
هەروەها بەرێز جۆنس زۆر بە تووندی ئیدارە و بەرپرسانی ئەمەریكای شەرمەزار كرد لەسەر دانانی دوو حزبی كوردستانی خەباتكار لە لیستی تیرۆری (3). ووتیشی پێشمەرگە و گەلی كوردستان تەنها هاوكار و هاوبیرمان بوون لە ریزەكانی پێشەوە بۆ روخانی رژێم و كارێكی ناڕەوایە بەم شێوەیە پاداشتیان بدەینەوە. هاوكات هاوكاری خۆی دەربڕی و داوای لە بەرپرسانی بەشداربووش كرد كە رۆلی بەرچاو ببینن بۆ نەهێشتنی ناوی ئەو دوو پارتە لە نێو لیستی (3).
دواتر فەلاح مستەفا بەگەرمی بەخێرهاتنی میوانانی كردو گووتی وەك حكومەتی هەرێم خۆشحاڵین بە بوونی ئەو پەیوەندیە و تیشكی خستە سەر بایەخی ئەو پەیوەندیانە كە دەبێتە فاكتەرێك بۆ زیاتر سەقامگیری و بەرەو پێشبردنی ناوچەكە لە هەموو روویەكەوە.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت جەختیكردەوە كە پێشوازی لە هەموو جۆرە هاوكاریەك دەكەن كە لە لایەن كۆنگرێسی ئەمەریكا و ئیدارەی ئەمەریكا پێشكەش بە هەرێمی كوردستان دەكرێت. دووپاتیشی كردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی بە دۆستێكی راستەقینەی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەزانێت.
هاوكات بە ئامادەبووانی راگەیاند كە پتەوكردنی ئەو پەیوەندیانە لە سوود و بەرژەوەندی هەموو گەلانی عیراقدایە. هەروا گووتی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆلێكی باش دەبینێ بۆ زیاتر تێكەڵ بوون بە كۆمەڵگای نێودەولەتی و زیاتر بەرەو پێشبردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ دونیای دەرەوە، بۆیە داوا لە بەرێزتان دەكەم كە هاوكاری كردنتان بۆ هەرێمی كوردستان هاوكاری كردنی نموونەیەكی تری ناوچەكەیەو هیواخوازین ئارامی و سەقامگیری تەواوی عیراق و ناوچەكە بگرێتەوە.
لە میانەی وتارەكەیدا فەلاح مستەفا تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێمی كوردستان و گووتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گوێرەی توانا هاوكاری ئەو پەناهەندانە دەكات و داوای لە بەرپرسانی ئەمەریكا كرد كە بەشداربن لە كۆمەك و هاوكاری كردنیان بۆ ئەوەی ژیانێكی باشتریان هەبێت تا ئەوكاتەی دەگەڕێنەوە جێگەو رێگەی خۆیان.
فەلاح مستەفا داوای لە كۆنگرێسی ئەمەریكا كرد كە بە گرنگیەكی زۆرەوە كار لە سەر بە جینۆساید" ناساندنی هەلەبجەو ئەنفال بكات، چونكە مافێكی رەوای گەلی كوردستان و كەس و كاری شەهیدان و قوربانیانە.
بۆ خستنە ناو ئەو دوو هێزە سیاسیەی كوردستانیش بۆ ناو لیستی تیرۆری(3) فەلاح مستەفا رایگەیان كە هێزی پێشمەرگە پارێزگاری لە گەلی كوردستان و قەوارەو خاكی كوردستان كردووە مێژووش ئەوەی سەلماندووە وەك هاورێكانم لێرە پێش من ئاماژەیان پێدا كە هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هێزی ئەمەریكا بۆ رزگاركردنی عێراق بەشدار بووە رۆلی پێشمەرگە رۆلی پاراستنی سەروماڵی خەڵك و ئازادكردنی عیراق بوو لە دیكتاتۆریەت، بۆیە داواكارین لە بەرپرسان كە چاوێك بەو بریارە بخشێنەوە كە بەرامبەر ئەو دوو هێزە سیاسیەی كوردستان دەریان كردووە. داواكارین كە بەزووترین كات چارەسەر بكرێت.
دوای ووتەكانی بەرێزیان فیلمێكی كورتی دۆكیۆمێنتی و پیشانگایەك كرایەوە سەبارەت بە یادی هەڵەبجە و ئەنفال.