فەلاح مستەفا پێشوازی لە وەزیری گەیاندنی فەلەستین كرد

  • چوار شەممە, 07 ئایار 2014

ئەمڕۆ خاتوو سەفا نەسرەدین وەزیری گەیاندنی فەلەستین بە یاوەری شاندێكی بازرگان و پیاوانی كاری فەلەستین سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتیان كرد و لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازیان لێكرا.

لە دیدارێكدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەو نەزمی حەزوری كونسوڵی گشتی فەلەستین لە هەرێم ئامادەبوون، باس لە پتەوكردنی زیاتری پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كارەكانی كۆڕبەندی ئابووری فەلەستین –كوردستان كرا.
خاتوو سەفا نەسرەدین وەزیری گەیاندنی فەلەستین خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو سەردانە نیشانداو ستایشی پێشكەوتن و سەقامگیری هەرێمی كوردستانی كرد و گووتی ئەم سەردانەمان هەنگاوێكە بۆ پەیوەندیەكی درێژخایەن لەو بوارانەی هەردوولا دەتوانین كاری لەسەر بكەین بەتایبەت بوارەكانی گەیاندن و خزمەتگوزاری بانكی و راوێژكاری، هەروا دەخوازین هەردوولا سوود لە ئەزموون و شارەزایی یەكتر وەربگرین.

بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا كە كۆمپانیا فەلەستینیەكان ئارەزوویانە ببنە هاوبەشی راستەقینە بۆ پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان وئەنجامدانی ئەو كۆڕبەندەش هەنگاوی سەرەتایە بۆ كاری بەردەوام لە هەرێمی كوردستان.

پاشان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان گووتی حكومەتی هەرێم بە بایەخەوە دەڕوانێتە فراوانكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پێشوازی لەو هەنگاوەی حكومەت و كۆمپانیا فەلەستینیەكان دەكەین كە دەخوازن پەیوەندیەكانیان لەگەڵ كوردستان پەرە پێبدەن.

 

هەروا گووتی هەردوو گەلی كوردستان و فەلەستین مێژوێكی دێرینیان هەیە لە دۆستایەتی و لە رووی ئابووریەوە.

 

دەرفەتی كارو وەبەرهێنان لە كوردستان كراوەیەو هیوادارین كەرتی تایبەت و كۆمپانیا فەلەستینیەكان سوود لە دەرفەتەكانی هەرێم و تەواوی عیراق وەربگرن.

 

بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنەكانی عیراق و پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغدا و رەوشی سیاسی و ئەمنی ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

 

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 509

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی