نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشهممه 23ی حوزەیرانی 2014، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە د. ئەحمەد چەلەبی سەرۆكی كۆنگرەی نیشتیمانیی عیراقی كرد.
لە دیدارێكدا پێشهاتە سەربازی و ئەمنی و سیاسییەكانی عیراقیان تاوتوێ كرد و تیشكیان خستە سەر ئەو بارودۆخەی دوای ڕووداوەكانی 10ی حوزەیران و كەوتنی پارێزگای مووسڵ و شارەكانی دیكهى عیراق هاتۆتە ئاراوە كە مەترسییەكی گەورەی لەسەر عیراق و پرۆسەی سیاسی دروست كردووە و بە سەدان هەزار كەسیش لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارە بوون كه ژمارەی هەرە گەورەیان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
له دیدارهكهدا د. ئەحمەد چەلەبی سوپاسی نێچیرڤان بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو یارمەتیانەی پێشكەشی ئاوارەكانی مووسڵ و تەلەعفەر و ناوچهكانى دیكهى عیراقیان كردووه، ههروهها داوای كرد هاوكاری وهەماهەنگی لە نێوان حكوومەتی هەرێمى كوردستان و حكوومەتی عیراقدا هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەكدارانی داعش و ئازادكردنی ئەو شوێنانەی لە 10ی مانگەوە كەوتوونەتە دەستی تیرۆریستان.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە كێشەكانی عیراق لە بنەڕەتدا كێشەی سیاسین و چارەسەركردنیشیان دەبێ لە ڕێگەی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسییهوه بێت، چونكە ئەو كێشانە بە هیچ شێوەیەك بە تەنیا بە ڕێگەی سەربازی و ڕووبهڕووبوونهوهى چهكدارى چارەسەر ناكرێن.
دهربارهى ئاوارهكانیش دووپاتی كردەوە ئاوارەكانی مووسڵ و تەلەعفەر و شوێنەكانی دیكەی عیراق كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە خوشك و براى ئێمهن و لە ماڵی خۆیانن و هەموو هاوكاریەكی پێویستیان لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێشكەش دەكرێت.