ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەممووزی 2014 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران ئاساییی خۆی ساز دا.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا بەڕێز مەلا یاسین نوێنەری یەكێتیی نێشتمانیی كوردستان لە میسر كە ساڵێك لەمەوبەر لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆك وەزیران، سەرۆكایەتیی لیژنەیەكی كرد بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆسیەی فرۆشتنی كچانی كورد لە ئەنفال بۆ میسر، وەك دەرەنجامی كاری لیژنەكەیان ڕوونكردنەوەیەكی پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كرد و جەختی لەوە كردەوە كە دوای ساڵێك بەدواداچوونی ئەم كەیسە لە میسر و كوردستان، دەركەوت ئەم پرسە هیچ بنەمایەكی نیە و ئەوەی لەبارەی ئەو كەیسەوە گوتراوە كە گوایە هەژدە كچی كورد لە كاتی ئەنفالدا فرۆشراونەتە میسر، هیچ بنەمایەكی نیە و لە هەموو ڕاستییەكەوە دوورە.
لیژنەكە كە نوێنەری خانەوادەی هەژدە كچە ئەنفالكراوەكە و كۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستانی تێدایە، داوای كردووە بەدواداچوونی یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو كەس و دەزگا و لایەنانە بكرێت كە قسەیان لەسەر ئەم پرسە كردووە و زانیاریی ناڕاست و درۆیان لە كەیسەكەدا داوە، تا بدرێنە دادگا و ڕیكاری یاساییان لە بەرامبەردا بگیرێتە بەر، ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەم داوایەی پەسەند كرد. پاشان بەڕێز سەرۆك وەزیران سوپاسی هەوڵ و بەدواداچوونی لیژنەكەی كرد و ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا "ڕەددی ئیعتیبار" بۆ خانەوادەی ئەم كچە ئەنفالكراوانە بكرێتەوە.
دوای ئەوە بەڕێز وەزیری پەروەردە پوختەیەكی لەبارەی وەزارەتی پەروەردەوە خستە ڕوو كە تێیدا چەندین ئاماری لەسەر ژمارەی قوتابخانەكان و پێداویستیی هەرێمی كوردستان بۆ قوتابخانه و باخچەی ساوایانی تازە و كێشە و گرفتەكانی بەرنامەی خوێندن و ئەنجامدانی پرۆژەی پەروەردەیی و سازدانی كۆنفرانسی پەروەردەیی پێشكەش كرد و تیشكی خستە ڕێگەچارەی چارەسەركردنی كێشەكان. ئینجا چەندین سەرەنج و تێبینی لە لایەن وەزیرانەوە لەسەر بابەتەكە پێشكەش كران.
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا لیژنەیەك لە بەڕێزان جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی پەروەردە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پلاندان و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی پێك بێت بۆ ئەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەی جێبەجێكردنی سیستەمی ئەژماركردنی نمرەكانی هەردوو پۆلی 10 و 11 لەسەر نمرەكانی 12ی ئامادەیی بدۆزنەوە و بڕیار لە یەكێك لەو ڕێگەچارانە بدات كە لایەنە پەیوەندارەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكە ئامادەیان كردووە.
دوای ئەوە كێشەی وەرگرتن و كڕینەوەی گەنم لە جوتیارانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەڕێز وەزیری بازرگانییەوە خرایە ڕوو، كە بە پلەی یەكەم كێشەی سایلۆ و شوێنی وەرگرتن و هەڵگرتنی گەنم هەیە، هەروەها كۆمەڵێك پێشنیاری بۆ چارەسەركردنی كێشەكە خستە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا هەموو ڕیكارێكی پێویست بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی بە زووترین كات گەنمی جوتیاران وەربگیرێت و جگە لە سایلۆكان چەند هەنگاوێكی كردەییش بۆ دروستكردنی شوێنی دیكەی ئەلتەرناتیف بۆ هەڵگرتن بنرێن.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها بڕیاری دا لیژنەیەك بە سەرۆكایەتیی بەڕێز وەزیری دارایی دابمەزرێت بەمەبەستی كاراكردن و جێبەجێكردنی یاسای هەمواركردنی یاسای كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كە بە پێی ئەم یاسایە هەموو كارمەندانی كەرتی تایبەت وەك كارمەندانی كەرتی حكوومی كارەكەیان بە خزمەت بۆ حیساب دەكرێت و مووچەی خانەنشینییان دەبێت.