فەلاح مستەفا پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی كۆماری ئەڵمانیای فیدڕاڵ كرد

  • پێنج شەممە, 07 ئاب 2014

بەبۆنەی دەست بەكاربوونی وەك باڵیۆزی نوێ‌ ی كۆماری ئەڵمانیای فیدڕاڵ لە بەغداد ، ئەمرۆ بەڕێز ئیكهارد بروی سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كردو لە لایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی لێكرا.

لە دیدارێكدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگە و ئالفرێد پرۆتز كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا ئامادەبوون ، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بەخێرهاتن و پیرۆزبایی دەست بەكاربوونی لە باڵیۆز بروس كردو دڵنیای كردەوە كە فەرمانگەی پەیوەندیەكان بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی و پێشكەش كردنی ئاسانكاری پێویست بۆ سەرخستنی ئەرك و كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان.

هەر لەو دیدارەدا بەرپرسی فەرمانگە كورتەیەكی دەربارەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و قەیرانەكانی روبەڕوی عێراق بۆتەوە بەگشتی پێشكەش بە باڵیۆز كرد ، هاوكات باسی دوایین گۆرانكاری و بارودۆخی سیاسی و ئەمنی هەرێمی كوردستان و دەستدرێژیەكانی ئەم دواییەی گروپی تیرۆرستی داعش بۆ سەر ناوچە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان كرا ، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكان تیشكی خستە سەر هۆكاری هێرشەكانی گروپی تیرۆرستی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان ، لە بەرامبەردا پابەندبوونی حكومەتی هەرێم بۆ پاراستنی تێكڕای ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و دلێری و بەرپرسیاریەتی هێزی پێشمەرگەی بۆ شاندی مێوان باس كرد كە توانیویانە تاكو ئێستا بەرگری لە هەرێم و ڕێگری لە تیرۆرستان بكەن.

هەر لەم دیدارەدا فەلاح مستەفا ئاماژەی بە مەترسی گەورەی گروپی تیرۆرستی داعش دا نەك تەنها بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بەڵكو مەترسیەكی نێودەوڵەتی گەورەن بۆ جیهان ، بۆیە پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات لە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر و بنبڕكردنیان.
لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا باس لە پێداویستی خێرای مرۆیی كرا بۆ ئاوارەكان كە لە دەرەنجامی ڕوداوەكان ئاوارەبوونو لە توانای حكومەتی هەرێم چۆتە دەرەوە ، بۆیە بەرپرسی فەرمانگە جەختی لەوە كردەوە "كە ئەمرۆ هاوكاری پێویستە نەك بەیانی"

بەشێكی تری دیدارەكە باس لە پەیوەندی دوولایەنەی هەردوولا كراو پێشخستنی پەیوەندیەكان خواستی هەردوولا بوون.

 

 

 

 

Read کد خبر: 695

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی