ئێوارەی ئەمرۆ ٨ی ئاب لە تەلاری پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی کرد لە (سۆکۆڵد کۆندی) نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتیدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تیشکێکی خێرای خستە سەر رووداوەکان و شەڕی نێوان پێشمەرگەی کوردستان و تیرۆرستان و ئاوارەبوونی سەدان خێزانی کورد لە ناوچە دابراوەکان و ڕەوشی ژیانی کوردە یەزیدی و مەسیحییەکانی ناوچەکانی موسڵ و شنگار و شێخان.
لەبارەی دەرکردن و ئاوارەبوونی خێزانە مەسیحی و یەزیدییەکان، سەرۆکی پەرلەمان وتی "داواکارم نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری مرۆیی بە زووترین کات بگەیەنێتە ئەو ئاوارانە و ژیانیان لە مەترسی بپارێزێت.
لە بارەی تەوژمی تیرۆر و تیرۆرستان و مەترسییان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان وتی" تیرۆر بە تەنها مەترسیی نییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو تیرۆر رەهەندێکی جیهانی هەیە و هەرەشەیەکی جدیشە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری پێشمەرگە بکات بۆ سەرکەوتن بەسەر تیرۆرستاندا.!
لەبەرامبەر وتەکانی سەرۆکی پەرلەمان(سۆکۆڵد کۆندی) نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی بۆ دیدارەکە و زانیارییەکانی سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی ئەو پرسانەوە دەربڕی و وتی "ئێمە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەرگیز چاو لەو نەهامەتییانە داناخەین و هەرچی پێمان بکرێت بۆ هاوکاری هەرێمی کوردستان و ئاوارەکان درێخی ناکەین و لەڕابردووشدا هاوکاری هەرێمی کوردستانمان کردووە."