د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دەڵیت: "ئەم قەیرانە ئابوورییەی ڕووی کردووەتە هەرێمی کوردستان ئەرکی حکومەت و هەمو لایەنە جیاوازەکانە بەدوای چارەسەرێکی گونجاودا بگەڕێن بۆ دەربازبوون لەم قەیارانە و باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان.

ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە میانی پێشوازیکردن بوو لە مامۆستا عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و شاندێکی یاوەریی. کە ئێوارەی ئەمرۆ ٢ی ئەیلول سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد.
لە دانیشتنێکدا هەریەک لە فەخرەدین قادر، سکرتێری پەرلەمان و مەروان گەڵاڵی سەرۆکی فراکسێۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمان ئامادەیبوون، کارو چالاکییەکانی پەرلەمانی کوردستان و هەماهەنگی نێوان حیزبە سیاسییەکان و پەرلەمان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لەسەرەتای دانیشتنەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، تیشکێکی خێرای خستە سەر کارو چالاکییەکانی پەرلەمان و وتی "هەمو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانتاران لە لیژنە جیاوازەکاندا بە گیانی یەک تیمییەوە کار دەکەن، راستە جیاوازی لە تێڕوانین و بۆچوونەکاندا هەیە، بەڵام ئەمەش سرووشتی کاری پەرلەمانییە لە هەمو دونیادا، خۆشبەختانە  جیاوازی و ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی شەقام ئێستا لە پەرلەماندا ڕەنگیداوەتەوە، ئەمەش نیشانەی زیندوویەتی پەرلەمانە.
 دواتر عەلی باپیر، بەناوی خۆی و شاندی میوانەوە، سوپاس و دەستخۆشی لە دەستەی سەرۆکایەتی و هەمو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد، کە بە شیوەیەکی مەدەنیانەو شارستانییانە شەڕ لەسەر مافی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەن. لەبەشیکی تری وتەکانیدا، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی دەستخۆشی لە ڕٶڵی چالاکی پەرلەمان کرد، لە چاودێرییکردنی کار و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو بارەیەوە وتی "ڕاستە ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێم هەمو لایەکمان تێیدا بەشدارین، بەڵام دەبێت پەرلەمان چاودێریی بکات، بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەت بە هاوڵاتیان بکات.

 

 

 

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٩ی ئاب، د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە ئامادەبوونی فەخرەدین قادر، سکرتێری پەرلەمان، پێشوازیی کرد لەکونسوڵ و نوێنەری زیاتر لە بیست وڵات لەهەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەیەکدا دوای بەخێرهاتن، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تیشکێکی خێرای خستە سەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکان و شەڕی دژە تیرۆرو ڕەوشی ئاوارەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.

 لەسەرەتای وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان، باسی لە هەوڵەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی کرد لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی تر بۆ بە هاناوەچوونی  ئاوارە یەزیدییەکانی شنگار و موسڵ، چونکە ژیانیان لە مەترسیدایە.
لەباسکردنی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تیرۆرستانیشدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی "ئەم شەڕە تەنها مەترسی نییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکەو جیانیش دەخاتە مەترسییەوە، چونکە داعش شێوازێکی نوێی توندوتیژییە و تیرۆریش هیچ سنووریکی نییە، بۆیە پێویستە وڵاتانی دونیا هاوکارمان بن لەم شەڕەدا و سوپاسی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا و وڵاتانی تر کرد کە پشتیوانیان بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕیووە.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقیش سەرۆکی پەرلەمان بۆ کونسوڵی وڵاتان وتی "لە ئێستادا پەیوەندییەکانمان بەرەو پێشچوونی بەخۆیەوە بینیوەو لەچەند ئاستێکدا هاوکاری و هەماهەنگی هەیە، بەڵام بەداخەوە هەندێ لە دەسەڵاتدارانی عێراق تا ئێستاش ناتوانن لەم واقیعە نوێیە بگەن، هەر بۆیە دەیانەوێت بە عەقڵییەتی کۆن و مەرکزی جارانەوە حکومرانی عێراق بکەن، بۆیە ئەمەش هۆکاری سەرەکی بەشێک لە کێشەکانە.!
لەوبارەشەوە ئاماژەی بەوەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ماوەی ٧ مانگە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڕیووە، ئەمەش بووەتە بارگرانییەکی زۆر بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەران دابین بکات.
لەبارەی پرسی دەستووریی هەرێمی کوردستانیشەوە، سەرۆکی پەرلەمان وتی "هەمو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆکن لەسەر پێداچوونەوەو هەموارکردنی دەستوور، لە داهاتوودا دەستور یەکێک دەبێت لە کارە سەرەکییەکانمان، چونکە دەمانەوێت مافی کەمە نەتەوەکانی تورکمان و عەرەب و یەزیدی مەسیحی، دوای گەڕانەوەی ناوچە دابراوەکان لەو دەستوورە نوێیەدا بچەسپینین.
دواتریش کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک پێشنیارو سەرنج و تێبینییان لەسەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی کورستان بۆ سەرۆکی پەرلەمان خستە ڕوو، ئاماژەیان بەوەدا هەرێمی کوردستان لە کەشیکی ئارامدایەو ڕۆژانە کاروباری ئاسایی خۆیان بەڕێدەکەن، لە نزیکیشەوە جاودێریی بارودۆخەکە دەکەن و هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکەن لەڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆرستاندا،
دوای کۆبوونەکەش سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کونسوڵی وڵاتان بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران خستە ڕوو.

 

 

 

 

ئێوارەی ئەمرۆ ٨ی ئاب لە تەلاری پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی کرد لە (سۆکۆڵد کۆندی) نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتیدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تیشکێکی خێرای خستە سەر رووداوەکان و شەڕی نێوان پێشمەرگەی کوردستان و تیرۆرستان و ئاوارەبوونی سەدان خێزانی کورد لە ناوچە دابراوەکان و ڕەوشی ژیانی کوردە یەزیدی و مەسیحییەکانی ناوچەکانی موسڵ و شنگار و شێخان.

لەبارەی دەرکردن و ئاوارەبوونی خێزانە مەسیحی و یەزیدییەکان، سەرۆکی پەرلەمان وتی "داواکارم نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری مرۆیی بە زووترین کات بگەیەنێتە ئەو ئاوارانە و ژیانیان لە مەترسی بپارێزێت.
لە بارەی تەوژمی تیرۆر و تیرۆرستان و مەترسییان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان وتی" تیرۆر بە تەنها مەترسیی نییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو تیرۆر رەهەندێکی جیهانی هەیە و هەرەشەیەکی جدیشە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری پێشمەرگە بکات بۆ سەرکەوتن بەسەر تیرۆرستاندا.!
لەبەرامبەر وتەکانی سەرۆکی پەرلەمان(سۆکۆڵد کۆندی) نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی بۆ دیدارەکە و زانیارییەکانی سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی ئەو پرسانەوە دەربڕی و وتی "ئێمە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەرگیز چاو لەو نەهامەتییانە داناخەین و هەرچی پێمان بکرێت بۆ هاوکاری هەرێمی کوردستان و ئاوارەکان درێخی ناکەین و لەڕابردووشدا هاوکاری هەرێمی کوردستانمان کردووە."

 

 

 

 

بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ، د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزباییەکی گەرم لە د.فواد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ دەکات و هیوای سەرکەوتنی لە پۆستەکەیدا بۆ دەخوازێت.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پشتگیری پەرلەمانی کوردستانی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق دەربڕی و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمانی کوردستان و سەرۆک کۆمار عێراق، بەخزمەت بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بشکێتەوەو سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد.
لەبەرامبەردا د.فواد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق، سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کرد و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بێت و بە زووترین کات کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکرێن.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی