پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٩ی ئاب، د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە ئامادەبوونی فەخرەدین قادر، سکرتێری پەرلەمان، پێشوازیی کرد لەکونسوڵ و نوێنەری زیاتر لە بیست وڵات لەهەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەیەکدا دوای بەخێرهاتن، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تیشکێکی خێرای خستە سەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکان و شەڕی دژە تیرۆرو ڕەوشی ئاوارەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.
لەسەرەتای وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان، باسی لە هەوڵەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی کرد لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی تر بۆ بە هاناوەچوونی ئاوارە یەزیدییەکانی شنگار و موسڵ، چونکە ژیانیان لە مەترسیدایە.
لەباسکردنی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تیرۆرستانیشدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی "ئەم شەڕە تەنها مەترسی نییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکەو جیانیش دەخاتە مەترسییەوە، چونکە داعش شێوازێکی نوێی توندوتیژییە و تیرۆریش هیچ سنووریکی نییە، بۆیە پێویستە وڵاتانی دونیا هاوکارمان بن لەم شەڕەدا و سوپاسی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا و وڵاتانی تر کرد کە پشتیوانیان بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕیووە.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقیش سەرۆکی پەرلەمان بۆ کونسوڵی وڵاتان وتی "لە ئێستادا پەیوەندییەکانمان بەرەو پێشچوونی بەخۆیەوە بینیوەو لەچەند ئاستێکدا هاوکاری و هەماهەنگی هەیە، بەڵام بەداخەوە هەندێ لە دەسەڵاتدارانی عێراق تا ئێستاش ناتوانن لەم واقیعە نوێیە بگەن، هەر بۆیە دەیانەوێت بە عەقڵییەتی کۆن و مەرکزی جارانەوە حکومرانی عێراق بکەن، بۆیە ئەمەش هۆکاری سەرەکی بەشێک لە کێشەکانە.!
لەوبارەشەوە ئاماژەی بەوەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ماوەی ٧ مانگە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڕیووە، ئەمەش بووەتە بارگرانییەکی زۆر بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەران دابین بکات.
لەبارەی پرسی دەستووریی هەرێمی کوردستانیشەوە، سەرۆکی پەرلەمان وتی "هەمو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆکن لەسەر پێداچوونەوەو هەموارکردنی دەستوور، لە داهاتوودا دەستور یەکێک دەبێت لە کارە سەرەکییەکانمان، چونکە دەمانەوێت مافی کەمە نەتەوەکانی تورکمان و عەرەب و یەزیدی مەسیحی، دوای گەڕانەوەی ناوچە دابراوەکان لەو دەستوورە نوێیەدا بچەسپینین.
دواتریش کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک پێشنیارو سەرنج و تێبینییان لەسەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی کورستان بۆ سەرۆکی پەرلەمان خستە ڕوو، ئاماژەیان بەوەدا هەرێمی کوردستان لە کەشیکی ئارامدایەو ڕۆژانە کاروباری ئاسایی خۆیان بەڕێدەکەن، لە نزیکیشەوە جاودێریی بارودۆخەکە دەکەن و هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکەن لەڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆرستاندا،
دوای کۆبوونەکەش سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کونسوڵی وڵاتان بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران خستە ڕوو.