سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات

  • شەممە, 09 ئاب 2014

ئەمڕۆ شەممە 9ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەلیم ئەلجبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون ژمارەیەك پارلەمانتاری عێراقی.


لە دیدارێكدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی یاوەری پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان لەدژی داعش و تیرۆریستان و بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانەیان كرد كە لە لایەن تیرۆریستانەوە دەرهەق خەڵكی سنجار و دەرووبەری ئەنجام دراوە. سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانیشی كرد كە پەناگەیان بۆ ئاوارەكان و ئازادیخوازان و پێكهاتەكانی عێراق لە كوردستان دروست كردووە و ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە داعش بە هیچ شێوەیەك نوێنەرایەتی خەڵكی عەرەب و سووننە ناكات و تەنانەت ژمارەیەكی زۆری عەرەب لە زوڵمی داعش ماڵ و حاڵ و موڵكی خۆیان جێهێشتووە و پەنایان بۆ كوردستان هێناوە ئەوان كۆمەڵێك تاوانبارن كە ئامانجیان تێكدانی ژیانی خەڵك و برایەتی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی عێراقە. نوێنەرانی پارێزگا سووننەنشینەكانی عێراقی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بە سەرۆك بارزانیان ڕاگەیاند كە ئەو ئاوارە عەرەبانەی لە كوردستاندا نیشتەجێن ئامادەن بۆ ئەوەی شانبەشانی هێزەكانی پێشمەرگە شەڕی دژی داعش بكەن و ناوچەكانیان ئازاد بكەنەوە.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سەبارەت بە ڕووداوەكانی ئەم دوایە و پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان ڕایگەیاند گەلی كوردستان سەرباری ئەوەی كارەساتی گەورەی ئەنفال و كیمیابارانی بەسەردا هاتووە بەڵام هیچ كات نەیویست برایەتی و پێكەوەژیانی لەگەڵ عەرەبەكان تێكبچێت و یارمەتیی ئەو عەرەب و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی دا كە لە ناوچەكەدا دەژییان. گەلی كوردستان هەمیشە شەڕی حكوومەتە زاڵمەكانی كردووە و هەرگیز لەدژی نەتەوە و خەڵكی مەدەنی نەبووە. سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە ئەو ڕەفتارەی لە لایەن هەندێ گوندنشین و هۆزی عەرەبی لە سنجار و ڕۆژهەڵاتی موسڵ لەدژی پێشمەرگە و كوردانی ئێزیدی بینرا جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و دوور بوو لە چاوەڕوانیی ئێمە و ترسی ئەوە هەیە كە تیرۆریستان لەوەدا سەر بكەون كە دوژمنایەتیی نێوان كورد و عەرەب دروست بكەن. پەیوەست بە ئەو عەرەبە ئاوارانەی پەنایان بۆ كوردستان هێناوە سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان دەستبەرداری ڕەوشتی بەرزی خۆی نابێت و پەناگەی هەموو ستەملێكراو و لێقەوماوانە و ئاساییشی ئاوارەكان پارێزراو دەبێت.

 

 

 

 

Read کد خبر: 703

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی