بۆ دەربڕینی پاڵپشتی و پشتیوانیی وڵاتی بریتانیا بۆ كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 10ـی 8ـی 2014 فیلیپ هامۆند وەزیری دەرەوەی بریتانیا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی بریتانیا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان ڕاگەیاند و سوپاسی تایبەتیشی ئاراستەی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد بۆ ئەو هاوكاری و یارمەتییەی پێشكەشی ئاوارەكانیان كردووە و پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بەدەستیان هێناوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەو پەیوەندییەی كرد و سوپاس و پێزانینی خۆیشی بۆ وڵاتی بریتانیا و ئەو دۆستانەی گەلی كوردستان نیشاندا كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا یارمەتیدەری گەلی كوردستانن و ئەوەیشی خستەڕوو كە كوردستان تەنیا شەڕی ڕێكخراوێك ناكات بەڵكو شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك دەكات و ئەم دەوڵەتە هەڕەشەیە بۆ ناوچەكە و هەموو جیهان بۆیە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕیشەكێشكردنی ئەم دەوڵەتە تیرۆریستییە پێویستە. لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە بایەخی ئەنجامی ئەم شەڕەدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە دڵنیا كردەوە كە گەلی كوردستان لەم شەڕەدا بە سەركەوتوویی دێتەدەر و لە پێناو پاراستنی هەموو پێكهاتەكانیشدا گەلی كوردستان قوربانیی داوە و ئەوەیشی بە وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕاگەیاند كە گەلی كوردستان لە قۆناغی بەرگریكردن هاتووەتەدەر و بەردەوام دەبێت لە هێرشبردن بۆ سەر تیرۆریستان.
سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش وەزیری دەرەوەی بریتانیا ئاماژەی بەوەدا كە گەلی كوردستان نوێنەرایەتیی هێزی میانەڕۆی عێراق دەكات بۆیە بوونی لە پڕۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتی عێراق گرنگە. سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسی سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە ئێمە چاوەڕێی دوابڕیاری هاوپەیمانێتیی نیشتیمانیی عێراقین كە كاندیدەكەیان دیاری بكەن و دەمانەوێت پاڵیوڕاوێكی نوێ و نەهجێكی نوێ و بەرنامەیەكی تازە بۆ حكوومەت هەبێت كە بتوانێ هەڵەی حكوومەتی پێشوو ڕاست بكاتەوە و شەراكەتێكی گشتگیر هەبێت و ناكرێ پڕۆسەی سیاسیی عێراق لەسەر شێوەی پێشوو بەردەوام بێت.